زووم…
دەستگرتن بەسەر ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەرانی، نزیکن لەوەی ببنە هەواڵی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان.
تەنها لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 580 کەس لە تەواوی هەرێمی کوردستان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.
لەو ژمارەیە، 328 کەسیان تۆمەتی مامەڵە و بازرگانیکردنیان بە ماددەی هۆشبەر لەسەرە.
پێشتر کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، 20%ـی زیندانیانی ناو چاکسازییەکان، بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانن.
ئەوکات وەزیرەکە گوتی، لە وڵاتانی دیکەوە بە تۆن دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.
مانگی نیسانی ئەمساڵیش دیندار زێباری، رێکخەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چوار هەزار و 323 کەس بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن.
دهۆک زۆرترین سزادراوی ماددەی هۆشبەری هەیە بە دوو هەزار 282 تۆمەتبار، دواتر هەولێر دێت و بە هەزار و 223 تۆمەتبار، لە سلێمانیش هەزار و هەشت تۆمەتبار هەن.
یەکێک لەو دۆسێیانەی ماوەی رابردوو لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە زۆرترین سەرنجی برد، دۆزینەوەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر بوو لە گوندی ئاوبارەی ناحیەی مەیدان لە سنووری گەرمیان.
کارگەکە بە هەماهەنگیی دەزگای ئاسایشی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتی سوریا، ئاشکراکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە پێنج ساڵە ئەو کارگەیە دروستکراوە و ئێستا دۆسیەی دەستگیرکراوەکان لە ئاسایشی سلێمانییە.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق ئەوکات گوتی، لیوایەکی خانەنشین بەهۆی ئەو دۆسیەیەوە دەستگیرکراوە، بەڵام بە نهێنی مانەوەی کارگەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ئاماژەی ئەوەیە دەسەڵاتی گەورەتر لە لیوا خانەنشینەکەی لە پشتەوە بووە.
وێنەکە لە عێراق خراپترە، تەنها لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 19 هەزار کەس بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون، بڵاوبوونەوەی فراوانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکە وایکردووە حکومەت پلانی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەکان دابنێت.
ئامارە فەرمییەکان دەڵێن، لە ساڵانی 2017 بۆ 2023 لە عێراق، رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان 40% و رێژەی بازرگانانی ئەو ماددانە 30% زیادیکردووە.