رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئۆکراین پێوستى زیاتری بە بەرگریی ئاسمانى هەیە
ئانالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراین وەک پێویست نییە لە رووى ژمارە و جۆرەوە، بۆیە پێویستە ژیرخانى بەرگریی ئاسمانیى ئۆکراین بەهێزبکەین، تاوەکو بەرگریی لە هەموو وڵاتەکەى پێبکرێت، نەک تەنها شارە گەورەکان، هەربۆیە داوا لە هەموو هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان دەکەم لەم بەهارە گەرمەى تێیدان کارەباى ئەو وڵاتە لە چەندین لاوە هێرشی کراوەتە سەر و پەکیان کەوتووە، جەختیشى کردووەتەوە ئۆکراین پێویستى بەهاوکاریکردنى خێرا هەیە، لە بوارى بەهێزکردنى بەرگریی ئاسمانیدا.
راشیگەیاندووە، لە ئەنجامى هێرشەکانى روسیا بۆ سەر خارکێف خەریکە ژیان تێیدا ئەستەم دەبێت.
سەباح
ئوسترالیا کەرتى کشتوکاڵی عێراق دەبوژێنێتەوە
مەهدی سەهر جبوری، بریکاری وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەک وڵات کار لەسەر بووژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵی عێراق دەکەن، بەتایبەتى ئوسترالیا.
مەهدی سەهر گوتی، عێراق لەگەڵ ئوسترالیا لە بوارى بەخێوکردنى ئاژەڵدا گەشتووەتە رێککەوتنى کۆتایی و هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکانى ئەو وڵاتە دەکات بۆ ئەوەى کەرتى کشتوکاڵ و ئاودێریی زیرەک و بەخێوکردنى ئاژەڵ و زیادکردنى بەرهەمى ماسی پەرەپێبدرێت.
ئەو رایگەیاند، هەردوولا زانیارییەکانى خۆیان لە بوارەکانى بەخێوکردنى ئاژەڵ تاوتوێ دەکەن، زیادکردنى بەرهەمى شیر، پەرەپێدانى کێڵگەکانى پەلەوەر، کوتانى مانگا و گامێش بەشێوەی سەردەمیانە و چەندین بوارى دیکە.
دەستوور
پشێویى لە زیندانێکى عێراق روویدا
لە راگەیەنراوێکى هێزە ئەمنییەکانى پارێزگاى بابل هاتووە داوى ئەوەى ئیدارەى زیندانى ناوەندى شارى حلە بڕیاری خاوێنکردنەوەى زیندانەکەیان داوە، زیندانییەکان نیگەرانییان لەو کارە دەربڕیوە و لە ئەنجامدا پێکدادان روویداوە و بووەتە هۆی پشێویی و شکاندنى کامێراکانى چاودێریی و هەندێک لە دەرگاکانى زیندانەکە، ئەوەش وایکردووە ئیدارەى زیندانەکە داواى هێزى دیکە لە پارێزگاى بابل بکات و بە زەبری هێز پشێوییەکە دابمرکێننەوە، یەکێک لە بەرپرسانى زیندانەکە بە دەستوورى راگەیاندووە، دواى چەند کاتژمێرێک توانییویانە پشێوییەکە دابمرکێننەوەو کۆتایی پێبهێنن.
عەرەب
مانگى داهاتوو هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى رۆژاڤا بەڕێوەدەچێت
ئیدارەى خۆسەری رۆژاڤا رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان تەواوبوون دواى ئەوەى هەندێک گۆڕانکارییان لە پەیکەرى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکاندا کردووە، بۆ ئەو مەبەستە داوایان لە رێکخراوە حکومى و ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان کردووە چاودێریی پرۆسەکە بکەن، کە بریارە لە رۆژى 11ـى حوزەیرانى داهاتوو بەڕێوەبچێت.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بەشداریی فراوان بکەن و بەوپەڕیی ئازادییەوە دەنگ بە نوێنەرەکانى خۆیان بدەن.
ئیدارەى خۆسەر راگەیاندووە، هەموو ئەو هاووڵاتییە سورییانەى بە هەر هۆکارێک نیشتەجێی ئەو شوێنانەن، لەژێردەسەڵاتى ئیدارەى خۆسەردان دەتوانن دەنگى خۆیان بدەن و نوێنەرانى خۆیان هەڵبژێرن.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئێران هێندەى تورکیا هاوخەمی دەرنەبڕیوە و ئاڵاکەى دانەبەزاندووە
موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتى مەملەکەت دەڵێت، لە تورکیا ماتەمینی بۆ ئێران راگەیەندرا و بەو بۆنەیەوە ئاڵاکەشمان هێنرایە خوارەوە، لە بومەلەرزە گەورەکەی 2023 لە تورکیا دەیان هەزار کەس بوونە قوربانی، بەڵام ئێران ماتەمینی بۆ تورکیا دەرنەبڕی، لە 2014 لە تەقینەوەکەى کانییە بورکانەکەى سۆما دیسان ئێران ماتەمینی خۆى بۆ تورکیا دەرنەبڕێ، لە ساڵى 1993 تورگوت ئۆزاڵی سەرۆککۆمارى تورکیا لەسەر کارەکەی کۆچی دوایی کرد، ئێران ماتەمینی رانەگەیاند، ئێران نەک هەر لەگەڵ تورکیا، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانى دیکەشدا لە هیچ رووداوێکدا ماتەمینی رانەگەیاندووە.
تورکیا
کۆچی دوایی رەئیسی کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت
روواوى کەوتنەخوارەوەى هێلیکۆپتەرەکەی ئیبرایم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران، کاریگەریی خۆى لەسەر سیاسەتى ناوچەکە دروستدەکات.
ئێران سێ رۆژ پرسە بۆ رەئیسی دەگێڕێت، بڕیارە هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى ئێران و جەودەت یڵماز، یاریدەدەرى سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى تاران بکەن، بەمەبەستی گەیاندنى هاوخەمی تورکیا بۆ گەلی ئێران.
میللییەت
ئەستەنبوڵ هێندەى 53 پارێزگا ئۆتومبێلی تێدایە
دەزگای ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی نیسان ژمارەى ئەو ئۆتومبێلانەى لە ئەستەنبوڵ تۆمارکراون گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 561 هەزار و 214 تۆتومبێل.
بەگوێرەى توێژینەوەکان ئەستەنبوڵ هێندەى 53 پارێزگاى تورکیا ئۆتومبێلی تێدایە.
لە ئەستەنبوڵ بۆ هەر کیلۆمەترێک 1018 ئۆتومبێل هەن.
یەنى شەفاق
تورکیا و رۆمانیا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان پێشدەخەن
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا پێشوازی لە مارسێل سیۆلاکۆ، سەرۆکوەزیرانى رۆمانیا کرد، لەو سەردانە هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کردەوە و رێککەوتنێکی شەش خاڵییان واژۆ کرد، بەگوێرەى ئەو رێککەوتنە قەبارەى ئاڵوگۆری بازرگانی لە 10 ملیار دۆلارەوە دەگەیەننە 15 ملیار دۆلار.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
فڕۆکەیەک لە بەرزیی یەک میل بە ئاسمانەوە تووشی کێشەیەک بوو، بەریتانییەک تێیدا گیانى لەدەستدا
بەگوێرەى رۆژنامەکە ئەو کەسەى لەنێو فڕۆکەکە گیانى لەدەستداوە تەمەنی 73 ساڵ بوو، ناوی جێفری کیچنە، دەرهێنەری شانۆییە و نەخۆشیی دڵی هەبوو.
فڕۆکەکە لە ئاسمان کەوتبووە بەر باهۆزێکی بەفر، بەوهۆیەوە دیان کەس بریندار بوون.
فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ 77ـە، لە پڕێکدا لە بەرزیی شەش هەزار پێ کەوتەخوارەوە و لە ماوەی تەنها دوو خولەکدا کەوتە سەر زەوی.
تایمز
بە پۆلیس گوترا خەڵک کەمتر دەستگیربکەن بۆئەوەی زیندانەکان پڕنەبن
بەگوێرەى رۆژنامەی تایمز، رێنمایی بە پۆلیسی بەریتانیا دراوە زۆر چاویان لەسەر بەندکردنی خەڵک نەبێت، لەبەرئەوەی زیندانەکان جێگەی زۆریان تێجا نەماوە.
بە فەرماندەکانی پۆلیس گوتراوە کەمتر چاویان لە دەستگیرکردنی خەڵک بێت، بۆئەوەی ژمارەی دەستگیرکراوەکان بەرزتر نەبێتەوە، چونکە جێگەی ئەوتۆ لەنێو زیندانەکاندا نەماوەتەوە.
گاردیەن
نەخۆشیی شەکرە لەنێو کەسانی خوار تەمەنی 40 ساڵی لە بەریتانیا زیاد دەکات
لە ماوەی شەش ساڵدا رێژەی تووشبوون بە قەڵەوی و تێکچوونی ژەمی خۆراک و گەشەی ناهاوسەنگ لەنێو کەسانى خوار تەمەن 40 ساڵ لە بەریتانیا بەرێژەی 39% بەرزبووەتەوە، ئەمانە تووشی جۆری دووەمی نەخۆشیی شەکرە بوون، هۆکارەکەى نەخۆشییکەش دەگەڕێتەوە بۆ قەڵەوی و زۆربوونی خواردنی هەرزانی زۆر چەور.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتانیاهۆ دەڵێت دادگاى لاهاى راوەدووی سیستمە دیموکراسییەکان دەنێت
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل دەڵێت، ئای سی سی، کە مەبەستى دادگای دادبینیی نێودەوڵەتییە لە لاهای، راوەدووى سستمە دیموکراسییەکان دەنێت.
گوتەکەى ناتانیاهۆ دواى بڕیاری بانگکردن و دەستگیرکردنی هدێت بۆئەوەی بە تاوانی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژى و تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکات.
نەرویج دەڵێت، ئەگەر فەرمانی دەسگیرکردن بۆ نەتانیاهۆ دەربکرێت، دەبێت فەرمانی لەوشێوەیە بۆ سەرکردەکانی دیکەى دنیاش هەروەکە ئەوەی نەتانیاهۆ دەربکرێت.
نەتانیاهۆ هۆشداریی داوە و دەڵێت، ئەگەر بە خێرایی یاسایەک دەرنەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە، ئەوا زۆر ناخایەنێت دەبینین فەرمان بۆ دەستگیرکردنی زۆربەی سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپییش دەردەکرێت لەسەرئەوەی دیموکراسین.