زووم…
رەمەزان دەمیر، یەکێک لە پارێزەرەکانى سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هێژا دڵشاد، بەرپرسی دێسکى باکوورى کوردستان و تورکیا لە زووم باسی بڕیارەکەى پێنجشەممەی رابردووى دادگاى ئەنقەرە دەکات لەسەر دۆسیەى کۆبانی، کە لەناویاندا زۆرترین سزا بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا سەپێنرا.
رەمەزان دەمیر، پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش باس لەوەشدەکات، کە چاوەڕێی ئەوە نەبوون دەمیرتاش بەو ساڵە زۆرانە سزا بدرێت و چاوەڕێش دەکەن پاساوەکانى دادگا بۆ سزادانى دەمیرتاش نزیکەى 20 بۆ 30 هەزار لاپەڕە بێت.گوتیشی: ستافێکی سەرەکی 10کەسین لە دۆسیەى دەمیرتاش و سەدان و هەزارەها پارێزەری دیکەش هاوکارمانن.
زووم نیوز: ئێوە یەکێکن لە پارێزەرەکانى سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیارەکەى دادگا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
رەمەزان دەمیر: سزادانى دەمیرتاش بەو هەموو ساڵە زۆرە، شتێکی چاوەڕوانکراو و دیار بوو، لەبەرئەوەى ئەو تۆمەتانەى بۆى دروستکراوە زۆر بوو لە چەند دۆسیەیەک.
ئەگەرچی پێشتر هەمان تۆمەتەکانی سەر بەڕێز دەمیرتاش لەلایەن دادگاى مافەکانى مرۆڤی ئەوروپاوە پوچەڵ کراونەتەوە، ئەو سزایەى بۆى بڕاوەتەوە تەنها بەهۆی گوتەکانی و وتارەکانییەوە سزاى بۆ بڕاوەتەوە. لەم سۆنگەیەشەوە چاوەڕێی ئەوە نەبووین بەو ساڵە زۆرانە سزا بدرێت.
زووم نیوز: ئێوە وەک پارێزەرانی دەمیرتاش تانە لە بڕیارەکەى دادگا دەدەن؟
رەمەزان دەمیر: هێشتا دادگا پاساوەکانى سزادانى دەمیرتاش بە 42 ساڵ نەنوسیوە، لە تورکیا سەرەتا دادگا سزاى تۆمەتبار دەدات، پاشان بە دۆسییەک وردەکاری پاساوەکانى سزادانەکە دەنوسێت. بەگوێرەى دۆسیەکەى دەمیرتاش ئێمە چاوەڕێ دەکەین پاساوەکانى دادگا بۆ سزادانى دەمیرتاش نزیکەى 20 بۆ 30 هەزار لاپەڕە بێت. لەپاش نوسینەوەی هۆکارەکانی سزادانەکە، بۆ ئێمەی دەنێرن. ئەوکات ئێمە لە روانگەی یاساوە دەتوانین تانەى خۆمان لە بڕیارەکەى دادگا پێشکەش بە دادگاى پیاچوونەوە بکەین.
لە ئێستادا دادگا بڕیارەکەیان بە کورتی راگەیاندووە، دواتر هۆکارەکانى بڕیارەکەیان دەنووسنەوە. هەربۆیە لە ئێستادا ناتوانین هیچ بکەین، چاوەڕێ دەکەین پڕۆسەى تانە گرتنەکەمان دواى ماوەى سێ بۆ چوار مانگ بخایەنێت.
رێکارەکانى دادگا بەم جۆرەیە. سەرەتا دادگا سزاى تۆمەتبار رادەگەیەنێت، لەپاش مانگێک هۆکارەکانى بڕانەوەى ئەو سزایە دەنووسنەوە.
لەبەرئەوەى دۆسیەکەى دەمیرتاش دۆسیەیەکی گەورەیە، بەڵگە و شایەت و تۆمەتەکانى زۆرن، لەبەرئەوە چاوەڕێ دەکەین نوسینەوەى هۆکارەکانى بڕینەوەى 42 ساڵ ماوەى سێ بۆ چوار مانگ بخایەنێت.
زووم نیوز: پێتانوایە تانەگرتن لە بڕیارەکەى دادگە ئەنجامێکی هەبێت یاخوود لە سزاکەى کەم بکاتەوە؟
رەمەزان دەمیر: بێگومان، ئێمە بەو ئامانجە تانە لە بڕیارەکەى دادگا دەگرین. بڕیارەکەى دادگا بڕیارێکى دادپەروەر نییە، پێویست نەبوو ئەو سزا زۆرە بدرێت. بە تەواوى سزایەکی ناڕەوایە.
لە بڕیارەکەى دادگە بۆ دەمیرتاش، دادگا پێشێلکاریی و زیادەڕەویی لە یاساکان کردووە. یاساکانیان بە خراپی بەکارهێناوە. لە مڕۆدا ناتوانین باس لە دادپەروەری دادگاکان بکەین لە تورکیا. هەربۆیە لە ئێستادا دادوەرێک نییە لە تورکیا بتوانێت بڕیاری ئازادکردنى دەمیرتاش و هاوڕێکانی بدات. سەرەڕاى ئەوەش ئێمە بەرپرسیارێتیمان هەیە لەوەى تانە لە بڕیارەکەى دادگا بدەین. ئەگەر تانە نەدەین، ماناى ئەوەیە ئێمە ئەو سزا ناڕەوایەمان پەسەند کردووە.
خۆى لە خۆیدا ئێمە دەبێت لە دادگاى دەستوورى لە تورکیا تانە پێشکەش بکەین لەپاش ئەوەش لە دادگاى مافەکانی مرۆڤى ئەوروپاش تانەى خۆمان لەسەر بڕیارەکەى دادگەى تورکیا پێشکەش بکەین. لە تانەکەماندا دەپرسین لە هۆکارەکانى سزادانى دەمیرتاش بەو ساڵە زۆرە. تەنانەت لە هەندێ بڕگەکاندا بۆ یەکەمجار بەسەر دەمیرتاشدا جێبەجێ کراوە.
زووم نیوز: دەتوانن باس لە پڕۆسەى تانەگرتنەکە بکەن؟
رەمەزان دەمیر: سەرەتا تانەکەمان بۆ دادگاى ناوچەیی دەبێت، سەرەتا بۆ دادگاى باڵاى تورکیا ئەگەر کاردانەوەى نەبێت، دواتر بۆ دادگاى دەستووری تانە پێشکەش دەکەین. پاشان تانەکە دەبەینە دادگاى مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا.
لەئێستادا تانەیەکم لەلای دادگاى مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا هەیە کە پێشتر پێشکەشمان کردبوو، چاوەڕێ دەکەین وەڵام بدرێینەوە، لە راستیدا ئەگەر بێت و پێش بڕیارەکەى دادگا وەڵامێکیان هەبوایە ئەوا رەنگە کاریگەریی لەسەر بڕیارەکەى تورکیا لەسەر دۆسیەى دەمیرتاش هەبوایە.
دیسان وەڵامی ئەو تانەیەمان لە دادگەى مافەکانى مرۆڤى ئەوروپا کاریگەریی لەسەر دۆسیەکەى دەمیرتاش دەبێت.
لە ئێستادا چەند پارێزەر کار لەسەر دۆسیەکەى دەمیرتاش دەکات؟
رەمەزان دەمیر: ژمارەى پارێزەرەکان زۆرن لە سەرتاسەرى تورکیا سەدان پارێزەرى هەیە، ئێمەش ستافێکی سەرەکی 10 کەسین لە دۆسیەى دەمیرتاش. بەدەر لەم ستافە سەدان و هەزارەها پارێزەری دیکەش هاوکارمانن.
بە نیازین بۆ پێشکەش ردنى تانە لە دۆسیەکەی دەمیرتاش ئیمزاى هەزاران پارێزەران کۆبکەینەوە.