زووم…
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پابەندکرد بە تەرخانکردنی پێنج کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان.
بەگوێرەی بڕیاری دەستەکە کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە و سەرجەم بڕیارەکان پابەندکەرن بۆ کۆمسیۆن، داوا کراوە لەو 100 کورسییەی دادگای فیدڕاڵی بۆ پەرلەمانی کوردستانی دیاریکردووە، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێت و بەسەر بازنەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبکرێت، بە جۆرێک دوو کورسی بۆ هەولێر، دوو کورسی بۆ سلێمانی و یەک کورسیش بۆ دهۆک.
سکاڵاکە لەلایەن یوسف یەعقوب مەتا، سەرۆکی حزبی یەکێتیی بەیتولنەهرەینی نیشتمانی تۆمارکراوە و دوێنێ دووشەممە دەستەکە بڕیاری کۆتایی لەسەر داوە.
هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دڵی پێکهاتەکانی تورکمان و سریان و ئاشوری و کلدانییەکان رابگرێت و کۆمسیۆن دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە دەرکردنی رێنمایی و میکانیزمی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان بەسەریاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە تاوەکو گەرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک بکات.