زووم…
ئێران لە هەڵوێستی سوریا لەبارەی چەند دوورگەیەکی جێناکۆکەوە نیگەرانە، دەڵێن، بەشار ئەسەد لە پشتەوە خەنجەری لە ئێران داوە.
چەند رۆژی رابردوو بەشار ئەسەد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەیاننامەی گەڕانەوەی سێ دوورگەی ئێرانی “ئەبوموسا” و “تونبی گەورە” و تونبی بچووک”ـی بۆ ئیمارات واژۆ کرد و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەرپرسان و میدیاکانی ئێرانی لێکەوتەوە.
لەو بارەیەوە حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆکی پێشووی دەستەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، بەشار ئەسەد لە پشتەوە خەنجەری لە ئێران داوە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەڵێت، “ساڵی 2018 لە کاتی هاتنەدەرەوە لە ژووری کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، نوێنەری حکومەت لێی پرسیم رای تۆ چییە لەسەر ئەسەد؟ گوتم رۆژێک دێت لە پشتەوە خەنجەر لە ئێران دەدات”.
بەگوتەی ئێرانییەکان، نزیکەی 50 ملیار دۆلاریان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد خەرج کردووە، بەڵام ئێستا دژی ئێران پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی دەکات.