زووم…
ناو بەناو حزبوڵای لوبنانی بەکارهێنانی چەکی نوێ رادەگەیەنێت لە میانی شەڕو ململانێکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، لە دواهەمین راگەیاندنیدا ئاشکراکردنی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە کە بەرلەوەی کە ئامانجەکەی بپێکێت، مووشەکی ئاراستە دەکات
حزبوڵای لوبنانی کەدوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس و پاشان لەشکرکێشی فراوانی ئیسرائیل بۆسەر غەزە لە باکووری لوبنانەوە کەوتە شەڕە مووشەک لەگەڵ رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی لە رێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەرەوە، کە هەڵگری مووشەکی جۆری “ئێس فایڤە” بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە مەتەڵەی ئیسرائیل ئەنجامداوە.
حزبوڵا دیمەنێکی ڤیدیۆیی یەکێک لە فڕۆکەکانی بڵاوکردەوە کە بەئاراستەی بنکەکە دەڕوات کە ژمارەیەک تانکی تیایە، کە دوای ئەوەی دوو مووشەک ئاراستە دەکات، دەتەقێتەوە.
ئەوەش یەکەمین جارە کە حزبوڵا چەکێکی لەو شێوە، لە دەستپێکردنی بۆردومانەکانیەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئاشکرادەکات، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ لەغەزە لە ٧ی ئۆکتۆبەر.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی کە راگەیاندنی حزبوڵا بڵاویکردووەتەوە، کێشی کڵاوەی جەنگی فڕۆکەکە لەنێوان 25 بۆ 30 کیلۆگرامە کە پێکهاتووە لە مادەی تەقینەوەی بەهێز.
ڕۆژی چوارشەممەی رابردووش، حزبوڵا ئەنجامدانی هێرشێکی “بە ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئیلان لە ئیسرائیل، کە زیاتر لە 30 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە، راگەیاند، کە دوورترین ناوچەیە لە لەقوڵایی خاکی ئیسرائیل.
لەم دواییانەش حزبوڵا بەکارهێنانی موشەکی ئاراستەکراوی جۆری “بورکان” و “دایمۆند”ی ئێرانی و مووشەکی “جیهاد موغنیە”ی ئاشکراکرد.
فەریق جەنەڕاڵ خەلیل حلو، شرۆڤەکاری سەربازیی خانەنشینکراو بە ئاژانسی فرانس پرێس راگەیاند، گرنگی ئەم درۆنە نوێیە ئەوەیە کە توانای ئەنجامدانی هێرشی هەیە لە ناو خاکی ئیسرائیل، هەروەک بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێن و لە ئاستێکی نزمدا دەفڕن، بەبێ ئەوەی لەلایەن رادارەکانەوە ئاشکرابکرێن.
حزبوڵا خاوەنی جبەخانەیەکی سەربازیی گەورەیە، هەرچەندە قەبارەکەی نازانرێت، بەڵام لەماوەی ساڵانی رابردوودا پەرەیپێداوەو بەرفراوانیکردووە، لەچەندین بۆنەشدا راگەیاندووە خاوەنی چەک و مووشەکی پێشکەوتووە، کە لەتوانایاندا هەیە بگەنە قوڵایی خاکی ئیسرائیل.