رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆتاییهاتنى یونامى لە عێراق ناکۆکی خستووەتە نێوان ئەمریکا و روسیا
کۆتاییهێنان بە رۆڵی نێردەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە یونامى ناکۆکی خستووەتە نێوان وڵاتە زلهێزەکان، چین و روسیا پشتیوانى لە داواکەى سودانى دەکەن و ئەمریکاش لە دژیەتى.
لەنێوخۆی عێراقیشدا بەرەى شیعەکان لەگەڵ داواکەى سودانین، کە داواى لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە تاوەکو کۆتایی 2025 رۆڵی یونامى لە وڵاتەکەیدا کۆتایی پێبێت و لەو ماوەیەشدا کارەکانى سنووردار کردووە.
کازم عوبەید فەتلاوى، نوێنەرى عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژى پێنجشەممە بەڕێوەچوو رایگەیاند، رۆڵی یونامى لە عێراق کۆتایی هاتووە، ئەوە لە کاتێکدا روسیا و چین پشتگیریی لە کۆتاییهێنان بە یونامى دەکەن.
دەستوور
ئەمڕۆ یەکلاکەرەوەیە؛ پەرلەمان مەشهەدانى هەڵدەبژێرێت یان عیساوی
دواى زیاتر لە پێنج مانگ لە بڕیاری دادگاى فیدراڵی بۆ دوورخستنەوەى محەمەد حەلبوسى، لە ئەندامێتى پەرلەمان و لێسەندنەوەى متمانە، تائیستا پۆستەکە بە وەکالەت بەڕێوەدەچێت، ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانى ناوخۆ و جیهانیش ئەمڕۆ چاویان لەسەر کۆبوونەوە چارەنوسسازەکەى پەرلەمان دەبێت و تائێستاش بەتەواوى نازانرێت کێ جێگەکەى حەلبوسى دەگرێتەوە.
بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان لە رابردوودا گفتوگۆ و دانیشتنى زۆر کراوەو لە کۆتاییدا زۆرینەى لایەنەکان لەسەر دوو کاندید کۆکن، ئەوانیش مەحمود مەشهەدانى و سالم عیساوین، بەڵام بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەدان پێدەچێت عیساوى چانسی چوونە پێشەوەى زۆرتربێت، چونکە خەمیس خەنجەر و چوارچێوەى هەماهەنگیش پشتیوانى دەکەن، مەشهەدانیش نوێنەرایەتى سوننەکان دەکات.
عەرەبی جەدید
عێراق مافى پەنابەری لە ئێرانییەکان وەردەگرێتەوە
لە بڕیارێکى نهێنى و تایبەتى وەزارەتى ناوخۆی عێراقدا کە رۆژنامەى عەرەبی جەدید ئاماژەى پێکردووە هاتووە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەى لە ماوەکانى پێشوودا مافى پەنابەرییان لە لایەن هەرێمى کوردستانەوە پێدراوە، مافەکانیان لێوەردەگیرێتەوە بەبێ ئەوەى بڕیارەکە ئاماژەى بەهیچ هۆکارێک کردبێت.
لە مانگى شوباتى رابردوودا جاسم محەمەد جەعفەر، ئەندامی حزبی دەعوە و وەزیری وەرزش و لاوانى پێشوو لە کابینەکەى نورى مالیکیدا رایگەیاندبوو، هەرێمى کوردستان بووەتە لانکەى کۆبوونەوەى “تیرۆریست و نەیارەکانى کۆماری ئیسلامى ئێران”.
بەگوێرەى رۆژنامەکە مانگى ئازاری پێشووش، وەزارەتى ناوخۆی مافى پەنابەرى لە مستەفا هیجری، سکرتێری حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران سەندەوە.
قودسی عەرەبی
ئوردن قوربانى نێوان ئیسرائیل و ئێرانە
د. جەودا عەنانى، وەزیری پێشووتر و ئەندامی پەرلەمانى ئوردن بە رۆژنامەى قودسى عەرەبی راگەیاندووە، ئوردن دراوسێیەکى نییە ناوى ئێران بێت، لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە یەکێک لە گۆڕەپانەکانى رووبەڕووبونەوەى لەگەڵ ئیسرائیل.
لە لایەکى دیکەوە بەرپرسانى باڵاى ئوردن باس لە کۆبوونەوە نهێنییەکانى نێوان وڵاتەکەیان و بەرپرسانى ئێرانى دەکەن بەتایبەتى لەگەڵ دۆستەکانى ئێران لە سوریا و عێراق، لە هەمان کاتدا ئوسامە حەمدان سەرکردە لە بزووتنەوەى حەماس رایگەیاندووە، ئەوان هیچ زانیارییەکیان لە بارەى پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ئوردنەوە نییە. نەیارەکانى ئێرانیش لە ئوردن بە توندى رەخنە دەگرن و دەڵێن، ناکرێت ئێران وڵاتەکەمان بکاتە گۆڕەپانى پەڕینەوە بەرەو ئیسرائیل.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
لە پێنج ساڵی داهاتوودا پێویستە هەموو خێزانێک سێ بۆ پێنج منداڵی ببێت!
فاتمە محەمەد بەیگی، سەرۆکی فراکسیۆنی نفووسی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، جێبەجێکردنی سیاسەتی پلاندانانی بنەماڵە رێگری لە لەدایکبوونی 20 ملیۆن منداڵ لە ئێران کردووە، ئێران دەبوو ئەمڕۆ 105 ملیۆن کەس بوایە، لە ئێستادا 85 ملیۆن کەسە و “دۆڕاوین”.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر خێزانێک لە ماوەی پێنج ساڵدا لانیکەم سێ بۆ پێنج منداڵی نەبێت، ئەوا نوقم دەبین لەنێو کونە رەشی دیمۆگرافیدا، کە لێکەوتەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کلتووری زۆری هەیە و دەبێت ژێرخانی زۆر دروست بکەین بۆ گرنگیدان بە بەساڵاچووان، کە ئەمەش زۆر “جێگەی داخە”.
ئیمروز
پشکی بازرگانیی دەریایی لە ئابووریی ئێراندا کەمی کردووە
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، پشکی داهاتی ئێران لە ئابووریی دەریایی تەنها 4%ـە، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە دەگاتە 50% لە هەندێک وڵاتدا.
ئیبراهیم رەئیسی، لە کۆبوونەوەی گشتیدا لە شاری نۆشار بە ئاماژەدان بە کەمیی پشکی داهاتی دەریایی لە ئابووریی ئەو وڵاتە گوتی، بۆ گەشەسەندنی ئابووریی دەریایی لە ئێران پێویستە کاری نوێ لە پارێزگاکانی باکوور و باشووری وڵات ئەنجام بدرێت و پیشەسازی و بەندەری نوێ لە کەناراوەکان دروست بکرێت.
ئەفکار
زیانی لافاو لە خوراسانی رەزەوی بەر 2000 کەس کەوت
بەرپرسی رێکخراوی فریاکەوتنی مانگی سووری ئێران، فریاگوزاری بۆ زیاتر لە هەزار کەس لە لافاوەکەی مەشهەد راگەیاند.
بابەک مەحمودی گوتی، لە ساتەوەختی لافاوەکەوە تائێستا دوو هەزار و 39 کەس زیانیان بەرکەوتووە، کە مانگی سوور هاوکاری پێشکەش بە هەزار و 116 کەسیان کردووە و 18 کەس لە لافاوەکە رزگار کراون.
مەحمودی دەڵێت، “بەداخەوە لە پارێزگاکە هەشت کەس بێسەروشوێن بوون، کە چوار کەسیان تائێستا دۆزراونەتەوە و گەڕان بۆ چوار کەسەکەی دیکە بەردەوامە.
هەمدلی
لە ئێران 20 ملیۆن کەس لە ناوچە هەژارەکانی لاشارەکان دەژین
حوسێن دیهقان، سەرۆکی دامەزراوەی هەژارانی ئێران دەڵێت، ئەرکی سەرەکی ئەم دامەزراوەیە پەرەپێدانی ناوچە بێبەشەکانە و پێویستە پێوەرەکان پێناسە بکرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاستی بێبەشی ناوچەکان بە باشی نیشان بدرێت.
ئەو گوتی، ئامارەکان نیشانى دەدەن زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ئێران لە پەراوێزی شارەکان دەژین و کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار زۆر بووە، کە بۆ دەستکەوتنی هەلی کار و ئیمکاناتە و ئەگەر لە ناوچەیەکدا ئیمکانات و هەلی کار هەبێت، خەڵک هیچ هۆکارێکیان بۆ کۆچکردن نییە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
جەهەپە: ئازادکردنى فەرماندەکان کارێکێ دروستە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، بڕیارەکەى ئەردۆغان بۆ ئازادکردنى فەرماندە خانەنشینەکانی سوپا کە بە دۆسیەى کودەتاکەى 28ـى شوبات زیندانی کرابوون، بڕیارێکی دروستە و لابردنى سزای بەندکردن لەسەر ئەو فەرماندانە هەنگاوێکی دروستە و دەبوو پێشتر ئازاد بکرانایە.
سەباح
بازرگانى دەرەکی لە مانگی ئایاردا زیادیکردووە
عومەر بۆلات، وەزیرى بازرگانیی تورکیا رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە مانگی ئایاردا بەشێوەیەکی بەرچاو بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵى رابردوو بە قەبارەى 21.6 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
ئەو دەڵێت، هاوکات کورتهێنانى بازرگانیی دەرەکیی تورکیا بە بڕی 92 ملیار دۆلار بووە.
جمهورییەت
دەم پارتى: پڕۆسەی ئاساییبوونەوە لە ئارادا نییە
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژى دەم پارتى، لەبارەى بڕیارەکەى دادگا بۆ دۆسیەى کۆبانی گوتى، ئەگەر نەرمی نواندن ئەمەبێت، ئەوا پێمانوانییە ئاساییبوونەوەى پڕۆسەی سیاسی لەئارادا بێت.
ئەو دەڵێت، بڕیارەکەى دۆسیەى کۆبانی، راگەیاندنى قەدەغەى گردبوونەوە، هەموو ئەمانە پێچەوانەى لێدوانەکەى سەرۆکی تورکیایە بۆ ئاساییبوونەوەى پڕۆسەی سیاسی لەگەڵ لایەنەکان.
یەنی شەفاق
فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێ بە بیانى 50% کەمیکردووە
لە مانگی نیساندا لە سەرتاسەرى تورکیا 75 هەزار و 596 یەکەى نیشتەجیبوون فرۆشراوە، ئەم ژمارەیە لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگەکانى سێ ساڵى رابردوو کەمترین یەکەى نیشتەجێی تێدا فرۆشراوە.
فرۆشتنی یەکەى نیشتەجێ بە بیانی 50% کەمیکردووە، لە مانگی نیساندا هەزار و 272 یەکە بە بیانی فرۆشراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندەنت
جۆرێک مادەی هۆشبەری ئەفیونی چینی لە بەریتانیادا بڵاوبووەتەوە و هەر هەفتەیەک شەش کەس دەکوژێت
جۆرێک لە مادەی هۆشبەری چینیی بەهێز لەنێو شەقامەکانی بەریتانیادا بڵاوبووەتەوە، کە 500 هێندەی مۆرفینی ئاسایی بەهێزە.
وەزیرێکی حکومەتی بەریتانی لەوبارەیەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەم جۆرە هۆشبەرە رەوشەکەی زۆر قورس کردووە و تادێت قەیرانەکە گەورەتر دەبێتەوە. بەگوێرەى ئامارەکان لە ماوەیەکی کەمدا و تاوەکو رۆژی 9ـى ئەم مانگە 176 حاڵەتی مردن تۆمارکراون، کە 75 حاڵەتیان پەیوەندییان بە کێشانی ئەو جۆرە مادەیەوە هەبووە.
هیراڵد
لە سکۆتلەندە دوو کەس دەستگیرکراون بۆئەوەی بنێردرێن بۆ رواندا
ئەم رۆژنامە سکۆتلەندییە پرۆژەکەی بەریتانیا بۆ رەوانەکردنی پەنابەران بۆ رواندا بە نامرۆیی ناودەبات و نووسیویەتى، لەنێو سکۆتلەندە دوو کەس لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە دەستگیرکراون، بۆئەوەی بنێردرێن بۆ رواندا.
شیرلی ئان سۆمەرڤیل، دادوەری باڵا لە سکۆتلەندە نامەیەکی بۆ جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆ نوسیوە، تێیدا گلەیی کردوە، بەریتانیا بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەنابەرانەدا دەکات، کە بە سەختی لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە و دەگەنە نێو بەریتانیا.
گەڵف نیوز
کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی داوای پاشەکشەکردنی ئیسرائیل دەکات
هەر 22 ئەندامەکەی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەب دوێنێ داوایان کرد ئیسرائیل بە تەواوی پاشەکشە بکات لە کەرتی غەزە و گەمارۆی سەر ئەو ناوچانەش هەڵبگرێت، کە وێرانی کردوون.
ئەو کۆبوونەوەیە، کە لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچو داوایان کرد، هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی فەلەستیندا جێگیربکرێن تاوەکو ئەو دەمەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ هەردوولای فەلەستین و ئیسرائیل دروستدەکرێت .
واشنتن پۆست
ئاستی تاوانکاری لە واشنتن دابەزیوە، بەڵام مەترسییەکان هەر زیاتر دەبن
ئامارێک کە تازە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ئێستا ژمارەی ئەو خەڵکانە لە جاران زیاترە، کە مەترسی لەسەر سەلامەتیی ژیانیانەوە هەیە.
تێکڕای تاوان لە واشنتنی پایتەختدا لەچاو ساڵی رابردوودا دابەزیوە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانە زۆر زیادی کردووە، کە وادەزانن ژیانیان لە مەترسیدایە.
رێژەی 65%ـى دانیشتوانی شاری واشنتن دیسیی دەڵێن، ئەو مەترسییانەی ئەمساڵ بۆسەر ژیانیان دروست دەبێت زۆر جدی ترە لە ساڵی رابوردوو.