زووم…
دەرکردنی سزای توندی دادگای باڵای تاوانەکانی ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ بۆ ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان کە سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورکیان لەناودا بوو، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ئایشە گول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆپیشاندان و رێپێوان دژ بە بڕیارەکەی دادگەی ئەنقەرە لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رێکدەخەن.
بەڵام هەرزوو و بەهۆی ترس لە کاردانەوەکانی بڕیارەکەش، حکومەتی تورکیا بڕیاریدا گردبونەوە لە 15 پارێزگای تورکیا و باکوورى کوردستا قەدەغە بکات.
لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، ئۆزگور ئۆزێل، سەرکردە لە پارتی گەلی کۆماری تورکیا، جەهەپە، لە لێدوانێکدا ئیدانەی سزادانی سیاسەتمەدارە کوردەکانی کرد و گوتی، بڕیارەکەی دادگای ئەنقەرە سیاسییە و بەمەبەست خراوەتە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
هاوکات ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵى هەڵک تی ڤی دەربارەى بڕیارەکەى دادگەى ئەنقەرە دەڵێت، دۆسیەی کۆبانێ دۆسییەکی سیاسییە، جەختیشیکردەوە نابێت دادگا لەژێر کاریگەریی سیاسەتدا بڕیارەکانى بدات.
هەر لەچوارچێوەی کاردانەوەکاندا، ستکی واکار، نوێنەری دەمپارتی لە هەرێمی کوردستان بە زوومی گوت، دۆسیەى سیاسەتمەدارانی کورد دەبەنە یەکێتى ئەوروپا.
نوێنەرەکەی دەمپارتی دەڵێت دۆسیەى ئەحمەد تورک و فیگەن یوگسداخ سیاییە و ئامانجى دەوڵەتى تورکیا لابردنى هاوسەرۆکانى شاەوانییەکانە و دانانى قەیوومە لە جێگاکانیان.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورە شارەوانی مێردین کە خۆی یەکێکە لە سزادراوەکان و 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای ئەنقەرە دەڵێت، بڕیارەکە لەلایەن دادوەرەکانەوە نەدراوە، چونکە بڕیارێکی سیاسییە.
جەختی لەوەشکردەوە دۆسییەی کۆبانێ هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە و بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە سیاسەتی دیموکراسیی و ژیانێکی ئازاد و دیموکراسییانە.
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، دژ بە بڕیارەکانی دادگای ئەنقەرە راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، دۆسیەی کۆبانێ بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی کوردان و بە ئامانجی تەسفیەکردنی سیاسەتی دیموکراتیک کراوەتەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتی تورکیا ئەو بڕیارە ئابڕوبەرانەی دادگای پەسەنکردووە، کە بڕیاردارییەکی زهنیەتی دژە کوردە. کەجەکە دەڵێت دۆسیەی کۆبانێ بە هەموو شێوەیەک دۆسێیەکی سیاسیە هەر بۆیە لەلای گەلی کورد و جڤاکی تورکیا و ڕای گشتی تورکیا هیچ ڕەوایەتییەکی نیە و شەرمەزارکراوە.