زووم…
ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان، لە حەوت کانتۆنی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستیان کردووە بە پێکهێنانی لیژنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەناو کانتۆنەکاندا، لە رۆژی 25ی نیسانی رابردووشەوە، ئەو لیژنانەی لە چوارچێوەی کانتۆنەکان پێکهێنراون دەستیان کردووە بە پێکهێنانی لیژنەی هەڵبژاردنەکانیان بۆ شار و شارۆچکەکان.
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن لە 12ی ئەم مانگە، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە بڕیارە 11ی حوزەیران ئەنجام بدرێت.
بە گوێرەی راگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی، لەم چوارچێوەدا، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عەفرین و کانتۆنی ئەلشەهبا پێکهێنانی لیژنەکانی هەڵبژاردنەکانی تەواو کرد، پێنج لیژنەی بۆ شارۆچکە و شارەکانی ئەو کانتۆنە پێکهێنا، کە بریتین لە “شیراوە، تەل ریفعەت، ئەحران، ئەحداس و فافین”.
پێشووتریش لیژنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کانتۆنەکانی “فورات، منبج، ئەلجەزیرە، دێرەزۆر، تەبقە، و ڕەقە”، پێکهێنانی لیژنەکانی هەڵبژاردنەکانیان بۆ شار و شارۆچکەکان تەواو کرد.
بە تەواوبوون و پێکهێنانی پێنج لیژنەی هەڵبژاردن بۆ شار و شارۆچکەکانی عەفرین و کانتۆنی ئەلشەهبا، 125 لیژنەی هەڵبژاردن بۆ شار و شارۆچکەکانی ناوچەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی 7 کانتۆنەکاندا پێکهێنراون.
لە ئێستادا لیژنەکانی هەڵبژاردن ئامادەکاریی دەکەن بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی کارتی هەڵبژاردن بەسەر ئەو کەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە، لەرێگەی ئەنجومەنەکانەوە، هاوکات لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان سەردانی ناوەندەکانی لیژنەکان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خۆکاندیدکردن.
ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە، کە ئەو پارچەیەی کوردستان لە چوار لاوە لەلایەن تورکیا و سوریا و گروپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە گەمارۆ دراوە.