زووم:
پۆلیسی ئێران ماوەیەکە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو ژنانەی لەچک ناکەن.
دوای خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە شۆڕشی ژینا لە ئێران حیجاب لەو وڵاتە بووە بە هۆکاری تووڕەیی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و وەک ناڕەزایەتییەک بەشێک لە ژنان حیجاب ناکەن.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمیی مێهر، ئەنجومەنی ئاسایشی کیش لە ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ چاودێریکردن و ناسینەوەی ژنانی بێ حیجاب بەمەبەستی چاودێریکردنی وردتر و دۆزینەوەی ئەو ژنانەی حیجاب و لەچک ناکەن.
هەرچەندە ئەو هەڵسووکەوتانەی پۆلیسی ئێران رەخنە زۆری خەڵکی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام بەردەوامبوونی هێزەکانی پۆلیسی ئێران لەسەر ئەو کارانە تەنیا توندوتیژی زیاتری لێکەوتوەتەوە و حیجاب بووە بە گرنگترین نموونەی سەرپێچی خەڵک و هەڵوێست دژی حکومەت کە رۆژانە دیمەنەکانی بڵاو دەبنەوە.