زووم:
دوێنێ دادگای تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی بەسەر چەندین سیاسی کورددا سەپاند
لەپاش بڕیارەکەى دادگا بۆ دۆسیەى کۆبانی، حکومەتى تورکیا بۆ ماوەى چوار رۆژ قەدەغەى هەموو جۆرە چالاکییەک و گردبونەوەیەکی لە ١٥ پارێزگای تورکیا و باکوورى کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەى هەواڵێکى پێگەى ئاڕتی گەرچەک، بۆ ماوەى چوار رۆژ خۆپیشاندان، گردبونەوە، کۆبونەوە لە شوێنی داخراو یاخود شوێنی گشتی قەدەغەیە.
ئەو پارێزگایانەى بڕیارى قەدەغەکردنەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە: ئامەد، مێردین، سێرت، دەرسیم، ئێلیهـ، ئیزمیر، بیتلیس، چەولیک، ئاگری، شرنەخ، موش، جۆلەمێرگ، ئەدەنە، قەرس و وان.
بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات تاکوو 21ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ دادگاى تورکیا بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەى کۆبانی دا، هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک و چەند سیاسییەکی دیکە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێنرا.