زووم…
دادگای تورکیا سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا سەپاند، هەریەکە لە فیگەن یوکسەکداغ بە 32 ساڵ و ئەحمەد تورک بە 10 ساڵ زیندانی سزادران.
لە تورکیا، 22ــەمین دانیشتنی دادگای ئەنقەرە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە بۆ راگەیاندنی سزاکانی سەر هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک و چەند سیاسییەکی دیکەی باکووری کوردستان بوو.
تایبەت بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری زیندانیکراوی هەدەپە، دادگای ئەنقەرە سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند، 20 ساڵیان بەهۆی دۆسێی کۆبانییەوە بوو.
فیگەن یوکسەکداغیش، کە لەگەڵ دەمیرتاش پێکەوە هاوسەرۆکی هەدەپە بوون، بە 32 ساڵ زیندانی سزا درا، هەروەها ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، بەهۆی دۆسیەی کۆبانێوە سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
دەمیرتاش لە 2016ـوە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە، جگە لە دۆسیەی کۆبانێ، تورکیا 46 دۆسیەی دیکەی لەسەر کردبووەوە و بە هەموویانەوە سزای 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
هاوکات فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەسەر هەمان دۆسیە سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، بەهۆی چەند دۆسیەیەکی دیکەشەوە سزاکانی گەیشتە 32 ساڵ زیندانی.
دۆسیەی کۆبانێ تایبەتە بە دادگاییکردنی 108 کەسایەتیی سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان، ئێستا 18 کەسیان لە زیندانن و 18ـی دیکەیان ئازادن، 72 کەسەکەی دیکەش تورکیایان جێهێشتووە.
دۆسیەکە پەیوەستە بە خۆپیشاندانەکانی باکووری کوردستان لە ساڵی 2014 دژ بە هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێی رۆژاڤای کوردستان، ئەو کات لە خۆپیشاندانەکەدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، بەهۆیەوە 46 سڤیل و پۆلیس کوژران و نزیکەی 700 کەسیش برینداربوون.
هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای ئەنقەرە، بڕیاری بێتاوانی بۆ ئاڵتان تان، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئاگری دەرچوو.
دادگەی ئەنقەرە جگە لە هاوسەرۆکانی هەدەپە، سزای جیاوازی بەسەر 23 ئەندامی دیکەی پارتەکەدا سەپاند.
دوای دانیشتنەکە، ژمارەیەک پارێزەری سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی، بە ناڕەزایەتییەوە لە دادگای ئەنقەرە هاتنە دەرەوە و دروشمیان دژی سزاکانی سەر دەمیرتاش و سیاسەتکارەکانی دیکەی باکووری کوردستانیان گوتەوە.