زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بە پاساوى ئاسایشى نیشتمانى رۆژنامەنووسانى ئیسرائیل لە ئیتیکی خۆیان لادەدەن
بەمەبەستى رووماڵکردنى بەشێک لە بەرەکانى جەنگى سوپاى ئیسرائیل لەنێو شارى غەزە و بەرزکردنەوەى ورەى سەربازەکانیان، دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە رێگەیان داوە بە ژمارەیەک لەرۆژنامەنووسان بە جلوبەرگى سەربازی تەواو خودە و لۆگۆی کەناڵە جۆراوجۆرەکانەوە بچنە بەشێک لەو گەڕەکانەى غەزە کە بەدەست هێزەکانى ئیسرائیلەوەیە، تاوەکو ورەى بەشێک لە سوپاکەیان بۆ ناوخۆی وڵات بگوازنەوە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى شەرقلئەوسەت، رۆژنامەنووسەکان خۆیان لەو پرسیارانە دەپارێزن کە ببێتە مایەى رەخنە لە حکومەت، یان ورەى سەربازەکان داببەزێنێت، یاخود پەیوەندى بە ئاسایشى نیشتمانیى ئیسرائیلەوە هەبێت.
سەباح
329 بنکەى دەرهێنانى کارتى نیشتمانى لە ناوخۆ و دەرەوەى عێراق دەکرێنەوە
نەشئەت ئیبراهیم خەفاجی، بەڕێوەبەرى گشتیى نیشتەجێبوون رەگەزنامەى عێراقى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، تاوەکو ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە 38 ملیۆن و 167 هاووڵاتى عێراقى کارتى نیشتمانییان دەرهێناوە و بەهۆی بڕیاری حکومەتیشەوە کە کارى فەرمی بە هیچ بەڵگەنامەیەکى دیکەوە ناکرێت لۆدێکى زۆر لەسەر فەرمانگەکان دروستبووە.
ئەو دەڵێت، بەشێک لەو هاووڵاتییانەى لە دەرەوەى عێراقن کێشەى گەڕانەوەیان هەیە، بە مەبەستى ئاسانکاریی و زوو راییکردنى مامەڵەى هاووڵاتییان وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریداوە بە کردنەوەى 329 بنکەى گەڕۆکی دەرهێنانى کاتى نیشتمانى لەناوخۆ و دەرەوەى وڵات، یەکەمین بنکەش لە واشنتن دەکرێتەوە.
دەستوور
بە بڕی 150 ملیار دینار شەنگال و دەشتى نەینەوا ئاوەداندەکرێنەوە
رەعد حەیدی، سەرۆکی شارەوانییەکانى نەینەوا رایگەیاند، حکومەتى عێراق سندوقێکى تایبەتى بەبڕی 150 ملیار دینار داناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەى قەزاى شەنگال و دەشتى نەینەوا و بە سێ ساڵ ئەو بڕە پارەیە دەدرێتە لایەنى پەیوەندیدار بەمەبەستى ئاوەدانکردنەوەى ناوچەکانى شەنگال، سنونى، قەحتانیە، قەیرەوان، زومار.
وەک لە بڕیارەکەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا هاتووە بەشێک لەو بودجەیە دەدرێتە ئاوارەکان و لەکاتى گەڕانەوەیاندا و زۆرینەى تەرخاندەکرێت بۆ دروستکردنەوەى ژێرخانى شارستانى لەناوچەکەدا وەک دروستکردنى نەخۆشخانە و بنکەى تەندروستى، قوتابخانە، پرۆژەى خزمەتگوزاری لە رێگەوبان و دابینکردنى ئاوى خواردنەوە و دروستکردنى ئاوەڕۆ.
عەرەب
نیوەى گەنجانى پارێزگاى ئەنبار مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنن
محەمەد حەسەن ساعیدی، نووسەر و رۆژنامەنووسى عێراقى لە رۆژنامەى عەرەبدا نووسیویەتى، تونێلەکانى داعش کە لە دەشتەکانى ئەنبار و روومادیدا هەڵیکەندبوون ئێستا بۆ گواستنەوەو بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر بەکاردەهێنرێن.
دەڵێت، بازرگانەکانى مادەى هۆشبەر بە پلانێکى تۆکمەوە کاردەکەن، ژەمێک مادەى کەبتاگۆن دەدەن بە پێنج هەزار دینار و بە هەموو تەمەنێکى دەفرۆشن، بەتایبەتى ئەوانەیان تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە.
وەک ئەو نووسەرە ئاماژەى پێکردووە، نیوەى گەنجەکانى ئەنبار گیرۆدەى مادەى هۆشبەر بوون و باندەکانى قاچاخچێتى مادەى هۆشبەریش زۆر بەهێزن و خاوەنى چەندین گرووپی چەکدارن.
دەڵێت، هاتنەناوەوەى مادەى هۆشبەر بۆ پارێزگاى ئەنبار لە رێگەى وڵاتانى سوریا و لوبناوەیە و لەبەرئەوەى سنوورێکى بیابانى گەورەى هەیە کۆنترۆڵکردنى ئاسان نییە
رۆژنامە تورکییەکان
یەنى ئاکیت
ئەمڕۆ دادگا بڕیار لە دۆسیەى کۆبانی دەدات
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر دەستگیرکراوانى دۆسیەى کۆبانی بدات، لە دۆسیەى کۆبانى دا 108 کەس دادگایی دەکرێن و لەنێویاندا هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی پێشووى هەدەپە و چەند پەڕلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە هەن، کە حەوت ساڵە دەستگیرکراون و پرۆسەی دادگایی کردنیشان بەردەوامە.
دۆسیەى کۆبانى لە ساڵى 2014 لە ئەنجامى خۆپیشاندانەکانى باکوورى کوردستان بۆ پشتیوانی کۆبانى لە شەڕی داعشدا کرایەوە، بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە 53 کەس گیانیان لەدەستدا.
دەستگیراوانى دۆسیەى کۆبانى بەتۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان و کردەوەى “تیرۆریست”ـی تۆمەتبار کراون.
قەرار
درێژکردنەوەى دەسەڵاتى ئەردۆغان رەتدەکەینەوە
موسەڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، لەبارەى پڕۆژەیاساکەى ئاک پارتی بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور رایگەیاند، ئێمە پشتیوانی لە یاسایەک ناکەین ببێتە درێژکردنەوەى سەڵتەنەتی رژێمێکی تاکەکەسی، هەر پڕۆژە یاسایەک بۆ کاندیدکردنەوەى ئەردۆغان بێت ئێمە رەتیدەکەینەوە.
سۆزجو
لەماوەى پێنج مانگدا دووجار نرخی پرد و شەقامەکان زیادکراوە
حکومەتى ئاک پارتى پاکێجی کەمکردنەوەى خەرجییەکانى راگەیاند، بە پاساوی رێگری لە زیادەڕەوی لە خەرج کردن، بەڵام دەستیان بۆ گیرفانی خەڵک بردووە، یەک رۆژ لە پاش راگەیاندنى پاکێجەکە، باج لەسەر پرد و شەقامەکان زیادکرا، خەڵک باجی خەرجییەکانى حکومەت دەدات، نرخی پەڕینەوە لە پردی چەناقەلێ پێش پێنج مانگ بە 200 لیرە بوو، ئێستا بە 419 لیرەیە.
هەڵاوسان گەیشتووەتە 70%، نرخی تێپەڕبون لە پردەکانى ئیستەنبوڵ لەماوەى پێنج مانگدا 191% زیادکراوە.
حوڕییەت
لەدایکبوونى منداڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە
دەزگاى ئامارى تورکیا رایگەیاند، ژمارەکانى لەدایکبوونى منداڵ لە ساڵى 2023 دەرخستەى ئەوەن خێزانەکان پاشەکشەیان کردووە لە خستنەوەى منداڵ و بەشێوەیەکی گشتی ئەو دایکانەى منداڵ دەخەنەوە تەمەنیان لە 29 ساڵیدایە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ژیانی سەرۆکوەزیرانى سلۆڤاکیا دوای هەوڵی کوشتنی لە دۆخێکی مەترسیدار دایە
رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا، دوای ئەوەی لە هەوڵێکی کوشتندا بەسەختی بریندارکرا، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەژێر نەشتەرگەریدا مایەوە و ئێستا لە دۆخێکی تەندروستی زۆر ناجێگیردایە.
رۆبێرت فیکۆ لایەنگیری روسیایە و شەوی چوارشەممە لەنێو لایەنگرانییەوە چوار جار تەقەی لێکرا.
واشنتن پۆست
جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ لە دوو دیبەیتدا رووبەڕووی یەکدى دەبنەوە
بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە لە مانگی داهاتوو و مانگی ئەیلوولدا لە هەردوو کەناڵی سی ئێن ئێن و ئەی بی سی نیوز رووبەڕووی یەکدى ببنەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی تشرینی دووەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لەو وڵاتەدا لەنێوان ئەو دوو رکابەرە سەرسەختە بەڕێوە دەچێت.
ئۆرشەلیم پۆست
گاڵانت رەخنەی توند لە بێ بڕیاریی ناتانیاهۆ لەبارەی غەزەوە دەگرێت
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریی دەدات بەبێ بوونی پلانێک دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح مانای وایە حوکمی کەرتی غەزە دەکەوێتە ژێر دەستی حەماس یان ئیسرائیل.
لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا، گاڵانت رەخنەی توندی لە ناتانیاهۆ گرت لەبارەی ئەوەی هیچ وەڵامێکی پێ نییە بۆ ئەو پرسیارەی کێ دوای تێکشکاندنی حەماس لە غەزە دەسەڵات دەگرێتەدەست.
عەرەب نیوز
شەڕی غەزە لە باکوورەوە بەرەو باشوور سەرهەڵدەدات
شەڕی نێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەزە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کۆتا بەتالیۆنەکانی حەماسیان راماڵیوە و ئێستا لە شاری رەفەحی باشووری کەرتەکەدا لە خۆشاردنەوەدان.
ئەمەش لەکاتێکدایە تائێستا زیاتر لە 35 هەزار و 200 فەلەستینی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
بازرگانی بە دووپشک لە ئێران بووە بە دیاردە
چەندین دیاردەی سەیر و سەمەرە وەکو بەخێوکردن و بازرگانی بە مێش، مار و کرم لە ئێراندا دەرکەوتووە، بەڵام قاچاخچێتى و بازرگانیکردن بە دووپشک بۆ بەکارهێنانی ژەهری ئەم جۆرە ئاژەڵە دیاردەیەکی سەیرترە.
عەلیڕەزا نادری، پسپۆڕی مێروولەناس دەڵێت، جگە لە چەند کۆمپانیایەک کە بە دیاریکراوی لە چالاکیی زانستی و پزیشکیدان، مۆڵەتی بەخێوکردنی دووپشک دەرناچێت.
ئەو دەڵێت، ئەو جۆرە دووپشکانەی ژەهرەکەیان سوودمەندە ناسراون و پێویستە تایبەتمەندی تەکنیکی ژەهرەکە ورد بێت، هەروەها کۆمپانیاکانی زانیاری دەبێت مۆڵەتی نێودەوڵەتییان هەبێت بۆ ئەو ژەهرە بەرهەمهێنراوە بەڵام لە ئێستادا دووپشکی ئێرانی بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ هەندێک وڵاتی دراوسێ و سەدان هەزار دووپشکی پێگەیشتوو بەشێوەیەکی نایاسایی لە سروشتدا کۆدەکرێنەوە و بە قاچاخ دەبرێنە وڵاتانی دراوسێ و کۆمپانیاکانی دەرمانسازی ئەمریکی و تورکی لە ژەهری ئەو دووپشکانە دەرمان بەرهەمدەهێنن و هەمان دەرمانیش بە نرخێکی زۆر بە ئێران و وڵاتانی دیکە دەفرۆشرێن.
کار و کارگەر
مردن بەهۆی نەشتەرگەری جوانکاری زیادی کردووە
عەلیڕەزا سابری، سکرتێری کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەری جوانکاری ئێران رایگەیاند، ئاماری برینداربوون و مردن بەهۆی رێکارەکانی جوانکاری زیادیان کردووە.
ئەو دەڵێت، “بەداخەوە نەشتەرگەریی جوانکاری لەلایەن کەسانی ناشایستە زیانێکی زۆری بە خەڵک گەیاندووە و نابێت خەڵک لەژێر چەقۆی نەشتەرگەری ئەو کەسانەدا بن کە نازانن چۆن ئەم کارە بکەن، بەداخەوە زۆرینەی ئەو کەسانەی خواستیان لەسەر نەشتەرگەری جوانکاری هەیە پێویستیان پێی نییە و تەنیا بەهۆی ریکلامەوە بڕیاریان داوە” و مردنیش بەهۆی نەشتەرگەری جوانکارییەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا زیادی کردووە و زۆرجاریش نەشتەرگەری ئەنجامی پێچەوانەی هەیە و ئەو جوانیە کە تێکچووە چاک ناکرێتەوە.
مەردوم سالاری
نزیکەی 30 هەزار ئێرانی چاوەڕێی چاندنی ئەندامەکانی جەستەن
ساناز دێهقانی، سەرۆکی بەشی چاندن لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، نزیکەی 30 هەزار کەس لە ریزدا چاوەڕێی چاندنی ئەندامەکانی جەستە دەکەن و رۆژانە 12 کەسیان بەهۆی لەکارکەوتنی ئەندامەکانی جەستە و نەگەیشتنی ئەندام گیانلەدەستدەدەن.
ئەو دەڵێت، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شیراز و تاران لەو زانکۆ سەرەکیانەن لە بواری بەخشینی ئەندامەکانی جەستەدا بە پلانی داهێنەرانە رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە بەرەوپێشبردنی بەخشینی ئەندامەکان.
بە گوتەی ئەو، زۆرترین ژمارەی بەخشینی ئەندامی جەستە لە مێژووی ئێراندا ساڵی رابردوو بووە.
جەوان
رێوڕەسمی گۆڵڕێزان لە خۆراسان 30 زیندانی رزگار کرد
سازدانی رێوڕەسمی گۆڵڕێزان لە شاری جیرۆفت و هاوکاری خێرخوازان بووە هۆی ئازاد کردنی 30 زیندانیی تاوانەکانی بێ مەبەست.
سەرۆکی دادوەری جیرۆفت گوتی، بە بەڕێوەچوونی ئاهەنگی گۆڵڕێزان هاوکاری نزیکەی 100 هەزار دۆلار، بۆ زیندانیانی تاوانی بێ مەبەست دابین کرا.
ئەسغەر ستای موختاری دەڵێت، بە ئامانجی گەشەپێدانی کولتووری بەخشین لەنێو خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا، ئەم ئاهەنگە بەڕێوەچوو، رزگارکردنی زیندانییەک نەک تەنها لەسەر کەسی گیرخواردوو، بەڵکو لەسەر بنەماڵەکانیان و هەموو کۆمەڵگا کاریگەری ئەرێنی دەبێت.