زووم:
لە رووداوێکی دەگمەن و سەرنجراکێشدا، پەناخوازێکی کوردی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا بەهۆی وەرگێڕانی راستەوخۆی گووگڵەوە پەنێکی خراپی بەسەردا هات.
بەگوێرەی میدیا ئەڵمانیاییەکان، ئێوارەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، پەناخوازێکی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە لە میونشن ژیاوە، سواری شەمەندەفەرێک بووە کە لە شاری نۆریمبێرگەوە بەرەو شاری نۆف رۆشتووە، ئەو ویستوویەتی دڵنیابێتەوە لەوەی شەمەندەفەرەکە بە چ ئاڕاستەیەک دەڕوات و زمانی ئەڵمانیشی باش نەبووە، بۆیە بە زمانی عەرەبی و لە ئەپی وەرگێڕانی راستەوخۆی گووگڵدا پرسیارەکەی نوسیوە کە ئاخۆ ئەم شەمەندەفەرە بەرەو کوێ دەڕوات و کردوویەتی بە ئەڵمانی، دواتر نیشانی ژنێکی ئەڵمانی تەنیشتی خۆی داوە، بەڵام ئەپەکە بە هەڵە وەرگێڕانی کردووە و بە ئەڵمانی نوسراوە، “ئەم شەمەندەفەرە دەتەقێتەوە.”
دەستبەجێ ژنەکە بە بیانووی ئەوەی دەیەوێت بەرەو تەوالێت بڕوات، خۆی دەگەیەنێتە دەستەی خزمەتگوزاری شەمەندەفەرەکە و هەرزوو دەکەونەخۆیان و شەمەندەفەر رادەگیرێت.
بەگوێرەی گوتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، هەرزوو پۆلیس دەدەن بەسەر شەمەندەفەرەکەدا و پەناخوازەکە بەبێ بەرگریکردن دەستگیردەکەن چونکە بێئاگایە لەوەی چی بووە و بۆچی دەستگیردەکرێت، پۆلیس خێرا لە یەکێک لە وێستگەکاندا شەمەندەفەرەکە کە ٨٠ سەرنشینی تێدا بووە چۆڵ دەکەن و بە دوو سەگی پۆلیسی بەدوای بۆمبدا دەگەڕێن.
دوای چەند کاتژمێرێک گەڕان هیچ دەرناکەوێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ پەناخوازەکە بۆیان دەردەکەوێت کە هەڵەی ئەپی وەرگێڕانی گووگڵ پەنەکەی داوە، پەناخوازەکە بە زمانی عەرەبی دەستەواژەکەی نوسیوە و وەریگێڕاوە بۆ ئەڵمانی، بەڵام بە زمانی ئەڵمانی نوسراوە شەمەندەفەرەکە دەتەقێتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا دەڵێت، رەنگە پەناخوازەکە کە خۆی بە زمانی کوردی قسەی کردووە هەڵەی تایپی هەبوو بێت لەکاتی نووسینی ئەو دەستەواژەیەی کە مەبەستی بووە و ئەپەکەش بە هەڵە وەرگێڕانی کردبێت.