رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
سبەى لوتکەى بەحرەین دەستپێدەکات و 32 بابەتى جۆراوجۆر تاوتوێدەکەن
بڕیارە سبەینێ لە بەحرەین کۆبوونەوەى ژمارە 33ـى سەرانى عەرەب بەڕێوە بچێت و تیێدا ژمارەیەک دۆسییەى پەیوەندیدار بە جیهانى عەرەبییەوە تاوتوێ بکەن و دیدگاى خۆیان بخەنەڕوو کە ژمارەیان 32 بابەتى جۆراوجۆرە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقیش نوێنەرایەتى گەلى عێراق دەکات.
ئەحمەد ئەبوغەیت، ئەمینداری گشتى کۆمکاری عەرەبی داواى لە سەرانى وڵاتانى عەرەبی کردووە کە پێکەوە کاربکەن بۆ راوەستاندنى جەنگ لە غەزەو دۆخێک بهێننە پێشەوە کە دەوڵەتى فەلەستین دروستبکات.
دەستوور
پاڵاوگە نایاساییەکانى هەرێمى کوردستان دادەخرێن
رەزاق خەیلانى، گوتەبێژى دەستەى چاککردن و پاراستنى ژینگەى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری داخستنى هەموو ئەو پاڵاوگا نەوتییانەى داوە کە بە گوێرەى رێنمایی ژمارە 1ـى ساڵی 2020 کارەکانیان ناکەن، راشیگەیاندووە بۆ بەدواداچوونى ئەو بابەتە لیژنەى تایبەتییان دروستکردووە بەتایبەتى بۆ پاڵاوگە نایاساییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ئەوانەیان کە دەکەونە سنوورى شارەوانى هەولێرەوە.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامى ناوەندى هەولێریش دەڵێت، بە بڕیاری سەرۆکایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرجەم ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دادەخرێن کە لە سنووری شارەوانی هەولێردان و وەزارەتى ناوخۆش راسپێردراوە بە جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە.
سەباح
گۆڕانکاریی لە ژینگەى بەغداد و چەند پارێزگایەکى دیکە روویداوە
ئەمیر عەلی حەسون، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى هوشیارى و راگەیاندن لە وەزارەتى ژینگەى عێراق رایگەیاند، لەسەر بڕیاری نزار ئامێدى وەزیری ژینگە هەڵمەتى هوشیاری و خاوێنکردنەوەى شارى بەغداد و چەند پارێزگایەکیان دەستپێکردووە و بەبەراورد بە مانگەکانی پێشوو خاوێنکردنەوەى ژینگەى بەغداد و چەند پارێزگایەکى دیکە گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە.
راشیگەیاندووە لە پێشوودا پاشماوە پزیشکییەکان و خاشاکى نەخۆشخانەکان تێکەڵ بە خاشاک و زبڵی گشتى دەکران و ئەوەش کاریگەرى خراپی لەسەر ژینگە هەبوو، بەڵام لە ئێستادا چارەسەریان کردووە.
رونیشیکردووەتەوە، وەزارەتەکەیان لیژنەى بەدواداچوونى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە بۆ ئەو کەس و لایەنانەى کە گوێڕایەڵی رێنماییەکانیان نابن سزایان بدرێت و رووبەڕووى دادگایان بکەنەوە.
زەمان
هۆشداریی لەبارەى ئاوى خواردنەوەى سلێمانى و هەڵەبجە دەدرێت
پرۆفیسۆر رێزان عومەر رەشید، پسپۆڕى جیۆلۆجی کوردى عێراقى، بە رۆژنامەى زەمانى راگەیاندووە، پیسبوونى ئاوى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە بەهۆی تێکەڵبوونى ئاوى قورس و بەشێک لە زێرابەکان گەشتوونەتە ئاستى پیسبوونى مەترسیدار و پێویستە بەخێرایی چارەسەربکرێن.
ئەو پسپۆڕە جیۆلۆجییە رایگەیاندووە، لەپاش پشکنین بۆ ئاوى خواردنەوەى ئەو دوو پارێزگایە بۆیاندەرکەوتووە چەندین مادەى قورسی وەک هایدرۆکاربۆنى تێدایە کە لە ئەنجامى تێکەڵبوونى پێکهاتە نەوتییەکانەوە دروستدەبێت، لەگەڵ مادەى فۆسفۆڕو نایترۆجین و دەرمانى کشتوکاڵی و قڕکەرەکان، هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر بەرهەمی ماسی دەریاچەى دەربەندیخان دروستکردووە.
رێزان عومەر راشیگەیاندووە، بەهۆی بەکارهێنانى ئاوى تانجەرۆوە بۆ کشتوکاڵ و سەوزە کێشەکەى هێندەى دیکە زیاترکردووە، راشیگەیاندووە بەنداوى دەربەندیخان ئاوى پارێزگاى هەڵەبجە دابیندەکات و بەنداوى دوکانیش کە ئاوى خواردنەوەى زۆرینەى پارێزگاى سلێمانى دابیندەکات و هیچى کەمتر نییە لە بەنداوى دەربەندیخان.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجۆ
حکومەت پلانی کەمکردنەوەى خەرجی پەیڕەو ناکات
لەگەڵ راگەیاندنى پاکێجی کەمکردنەوەى خەرجییەکانى حکومەت لەلایەن محەمەد شیمشەکى وەزیرى دارایی تورکیاوە، هەر هەمان رۆژ سەرۆکی کاروباری ئایینی لە ئوتێلێکی پێنج ئەستێرەیی لە ئیستەنبوڵ کۆبوونەوەیەکی بۆ ماوەى دوو رۆژ ئەنجامدا. نرخی مانەوەى یەک شەو لەو ئوتێلە لە شەش هەزار و 980 لیرەوە دەستپێدەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا 200 کەس میوان بوون و لە ئوتێلەکە ماونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بودجەى سەرۆکایەتیى کاروبارى ئاینی 97 ملیار لیرەیە، پێشتریش وەزیرى دارایی رایگەیاندبوو، کۆبوونەوە لە ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی رێگەپێدراو نییە.
جمهورییەت
هەموارکردنەوەى یاساکانی دادوەریی کارێکی مەترسیدارە
ئوتکو چەکرئۆزەر، پەرلەمانتارى جەهەپە رایگەیاند، هەموارکردنەوەى یاساکانی دادوەرى هەوڵێکی ئاک پارتییە بۆ کەمکردنەوەى دەنگی ناڕەزایی بەرەى ئۆپۆزسیۆن.
ئەم هەوڵە هاوشێوەى یاساکانى گورجستان و روسیایە، لە ئەگەری تێپەڕبوونى یاساکەى کە ئاک پارتى پێشنیازى دەکات، هەر لێدوانێک یاخود هەواڵێک لەدژى ئاک پارتی بێت یاخود کەیفی پێنەیەت، دەچێتە بوارى یاساییەوە و بە دۆسیەى جاسووسی مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.
یەنى شەفاق
تورکیا لە بوارى وزە رێککەوتنێکی نوێی واژۆکرد
لە چوارچێوەى رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئازەربایجان لە بوارى غازی سروشتی، غازی تورکمانستانیش لەڕێگەى ئازەربایجان و گورجستانەوە دەگوزرێتەوە بۆ تورکیا.
ئەم رێککەوتنە بە بەهاى ملیارێک دۆلارە و قەبارەى هاوردەى غازی سروشتی بۆ تورکیا زیاد دەکات.
یەنى ئاکیت
نرخی ئاو لە ئیستەنبوڵ فڕیوە
لەماوەى پێنج ساڵدا نرخی ئاو لە ئیستەنبوڵ %800 بەرزبووەتەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ پێشتر رایگەیاندبوو، نرخی ئاو کەمدەکەنەوە، بەڵام پێچەوانەى گوتەکەى روویدا. لەماوەى ئەمساڵدا نرخی ئاو %36 بۆ %53 بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
لە بەریتانیا بە قوتابخانەکان گوتراوە وانەی جێندەری بە قوتابیان نەڵێنەوە
لە ئەمڕۆوە بڕیارێکى حکومەتى بەریتانیا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و بەگوێرەى بڕیارەکە لە قوتابخانەکانی بەریتانیا نابێت بابەتە سێکسییەکان وەک پرۆگرامى خوێندن بەو قوتابیانە بگوترێتەوە کە تەمەنیان لە خوار 13 ساڵەوەیە.
بەچوونە بوارى جێبەجێکردنى ئەم بڕیارەوە ئیدى قوتابخانەکانی بەریتانیا بۆیان نییە بە قوتابییەکان بڵێن کە بۆیان هەیە رەگەزی خۆیان بگۆڕن، هەروەها هەتا تەمەنی قوتابییەکان نەگات بە 13 ساڵ رێگەیان پێنادرێت لە گفتوگۆکانیاندا لەبارەی پەیوەندیی جنسییەوە قسەش بکەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا لە ئەمڕۆوە رێنمایی دەدات بە قوتابخانەکان، بەگوێرەى ئەم رێنماییە نوێیانە، قسەکردن بۆ قوتابیان لەبارەی ئەو بابەتانەوە لە خوار تەمەنی گونجاو کاریگەریی خراپ و تێکدەرانەی دەبێت و ئیدى دەبێت پارێزگارى لێبکرێت.
دەیلی تەلەگراف
وێنەکەی پادشا لەهى کەسێکى دیکە ناچێت
رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف و زۆربەی رۆژنامەکانی دیکەش ئەمڕۆ وێنەیەکی پادشا چارڵسیان بڵاوکردووەتەوە، کە پانتاییەکی سووری هەیە، پادشا لە وێنەکەدا بە بەرگی سەربازییەوە وەستاوە، ئەمە هەمان ئەو بەرگەیە، کە ناوبراو هەتا ساڵی 2022 لەبەریدابووە، چونکە ئەو پێش ئەوەی بۆ پۆستە شاهانەکەی سوێند بخوات فەرماندەیەکی سەربازی بووە لە پلەی سەرهەنگدا فەرماندەی لیوای سوپا بووە. لە پۆرترێتەکەدا وێنەی پەپولەیەک لەسەر شانی راستی دانراوە. وێنەگرەکە دەڵێت بوونی ئەو پەپولەیە مانای وایە پادشا دۆست و پارێزەری ژینگەیە.
گاردیەن
ئەمریکا هۆشداریی بە جۆرجیا دەدات نابێت پاڵ بدەنە روسیا
کۆشکی کرملین کەوتووەتەوە ژێر کاریگەریی بونیادنانەوەی سۆڤیەتەکەی جاران و هەر خۆپیشاندانێک لە دژی ئەم روانینە بەرپابکرێت سەرکوت دەکرێت. ئەمریکا هۆشداریی داوە بە گورجستان، کە لە دژی رۆژئاوا هەڵسوکەوت نەکات و ئاگاداربێت نەکەوێتە داوی کرەملینەوە، چونکە کرەملین باس لە زیندووکردنەوەی خەونی جارانی سۆڤیەتی دەکات.
واشنتن پۆست
بلینکن پاش سەردانى کیێڤ باس لە ئومێدی سەرکەوتن دەکات
دەبێت دۆستەکانی ئۆکراین مکووڕ بن لە یارمەتیدانی کیێڤ بۆئەوەی بتوانێت بەرگەبگرێت و لەبەرامبەر هەڵمەتی داگیرکارییەکەی روسیادا خۆی بگرێت.
رۆژی سێشەممە بلینکن لە پایتەختی ئۆکراینەوە گوتارێکی هەبوو، لەو گوتارەیدا بەڵێنیدا و هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە لەوکاتەدا کیێڤ کەوتووەتە بەرئەگەری ئەوەی ئیدى بەرگە نەگرێت، دەبێت دۆستانی ئەم وڵاتە کارێک بکەن روسیا ببەزێنن.
بلینکن باسی لە پرۆژەیەکی درێژخایەنی بەهێزکردنی توانای بەرگریی و سەربازیی ئۆکراین کرد، گوتیشی دەبێت بتوانن گەندەڵی لە ئۆکراین بنەبڕ بکەن، بۆئەوەی بتوانێت هەستێتەوە سەرپێی خۆی.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
کەشوهەوای ئێران شەش هێندە لە ستانداردی جیهانی پیسترە
سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگەى ئێران رایگەیاند، تێکڕای چڕیی گەردیلە پیسەکان لە بەرگەهەوای ئێراندا 6 هێندەی ستانداردی جیهانییە.
عەلی سەلاجقە دەڵێت، بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی ژینگە، بە تێکڕا ساڵانە 26 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی هەوا لە ئێران روودەدات و ئەمەش زیانێکی بە بەهاى 11 ملیار دۆلاری لێدەکەوێتەوە.
گوتیشی، پاراستن بە واتەی دەستێوەرنەدان لە سروشت نییە، بەڵکو ئاشتەوایی بەردەوامە لەنێوان مرۆڤ و ژینگەدا، هەروەها پەیوەندییەکی سەقامگیر لەنێوانیاندا کە پێویستە ئەوە دروستبکەین و بیپارێزین.
ئیمروز
رۆژانە نزیکەی نیو کاتژمێر دەوام بۆ هەر فەرمانبەرێک کەمدەکرێتەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتنی حکومەتی راگەیاند، لەسەر بابەتی کەمکردنەوەی دەوامی سەرجەم فەرمانبەران بۆ 40 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کە رۆژانە نزیکەی نیو کاتژمێر دەوام بۆ هەر کارمەندێک کەمدەکرێتەوە.
عەبدولڕەزا میسری، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، کە بەرپرسی کۆبوونەوەی گشتی دوێنێی پەرلەمان بوو، لەکاتی گفتوگۆکردن لەسەر وردەکاریی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری مەدەنی، گوتی: لە پڕۆژە یاساکەدا پێشنیازی کەمکردنەوەی دەوامی هەفتانە بە ماوەی 2 کاتژمێر کرابوو بەڵام دواتر دەوام لە 44 کاتژمێرەوە کەمکرایەوە بۆ 40 کاتژمێر.
جومهوری ئیسلامی
بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بووە بەهۆی بەدخۆراکی خەڵک
لە توێژینەوەکانی ئەم دواییەی وەزارەتی تەندروستی و پزیشکیدا کێشێک بۆ خواردنی سەرتاسەری بۆ گۆشتی سور و سپی، بەرهەمە شیرەمەنیەکان و هێلکە دیاری کراوە و ئەگەر خەڵک نەگەن بەو کێشە دیاریکراوە، زنجیرەیەک پڕۆتینی بنەڕەتی لادەبرێن و ئەم بابەتە کاریگەری نەرێنی هەیە لە گەشەکردن و تەندروستی مرۆڤەکاندا و خەڵک تووشی کێشە دەبن کە ئەم دۆخە لە هەموو ئێراندا دەبینرێت.
کاریگەرییەکانی بەدخۆراکی دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو چونکە کاتێک کەسێکی پێگەیشتوو تەندروستمان نەبێت لەڕووی جەستەییەوە، هەموو بەشەکانی ئەم کەسە لاواز دەبێت و ناتوانێت خێزانێکی تەندروستی هەبێت.
کەیهان
یارمەتییەکانی خەڵکی ئێران گەیشتە غەزە
یاریدەدەری تایبەتی لێپرسراوی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، تا ئێستا 10 هەزار تۆن خۆراک و دەرمان و پێداویستی ژیان و نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار هاوکاری نەختینەیی خەڵکی ئێران بۆ غەزە نێردراوە.
سەعید ئەوحەدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلعالەم سەبارەت بە ناردنی هاوکاری مرۆیی خەڵکی ئێران بۆ غەززە رایگەیاند، مانگی سووری ئێران زیاتر لە 10 هەزار تۆن کەلوپەلی وەک جل و بەرگ و دەرمان و پێداویستییەکانی ژیان و ئیمکاناتی جۆراوجۆری وەک بەتانی و خێمە وەرگرت و نزیکەی 3 ملیۆن دۆلار پارە کۆکرایەوە و توانیمان ئەو هاوکاریانە بنێرین بۆ غەزە.