زووم..
وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە شەممەی داهاتووەوە گواستنەوەی حاجیان دەستپێدەکات و بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دانراوە رۆژانە 5 بۆ 10 گەشتیان دەبێت.
رەزاق موحەیبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی حکومەتی عێراق رایگەیاند، وەک وەزارەت تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ گواستنەوەی حاجیان بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دانراوە.
سەعداوی ئاماژەی بەوەشداوە لە گواستنەوەی حاجیان فڕۆکەی بۆینگ بەشدارە دوای ئەوەی چاککراوەتەوە و توانای گواستنەوەی 364 گەشتیاری هەیە و وەزارەتەکەیان بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی دایناوە سەرجەم فڕۆکە لەکارکەوتوەکان چاکدەکاتەوە و دەیانخاتەوە کار بۆ گواستنەوەی گەشتیاران.
هاوکات کاروان ستونی، گوتەبێژی دەستەی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، بۆ ئەمساڵ ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 685 کەسە و لەکۆتایی ئەم مانگەوە گەشتەکانیان بۆ سعودیە لەڕێی هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێرەوە دەستپێدەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، بۆ ئەمساڵ هەزار و 460 حاجی هەرێمی کوردستان لەرێگای وشکانییەوە دەچنە سعودیە و بۆ مەبەستەش 70 پاسی نوێ بۆ گواستنەوەیان ئامادەکراوە و هەر پاسێکیش 23 سەرنشین لەخۆدەگرێت.