رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
نەیجیریا بە هاوکاری روسیا ژێرخانى یۆرانیۆمى ئێران بەهێزدەکات
بڕیارە رۆژی 7ـى حوزەیرانى داهاتوو محەمەد بازوم، سەرۆکی پێشووى نەیجیریا ببرێتە بەردەم دادگا و لەسەر دوو دۆسییە دادگایی بکرێت، یەکێکیان دەرگاکردنەوەى وڵاتەکەیەتى لەبەردەم میلشیاى ڤاگنەرى روسی و چەند یەکەیەکى دیکەى هێزە روسییەکان و دووەمیش هاوکاریکردنى ئێرانە بە پێدانى مادە سەرەتاییەکانى یۆرانیۆم لەڕێگەى روسیاوە کە بە یۆرانیۆمى خاو بەناوبانگە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، نەیجیریا یەکەم وڵاتى بەرهەمهێنانى مادەى خاوى یۆرنیۆم بووە لە جیهاندا و ژێر زەوییەکەى زۆر دەوڵەمەندە و بەو مادانە و تاوەکو ساڵی 2021 لە ریزبەندى یەکەمدا بووە و یۆرانیۆمی خاوى رەوانەى وڵاتانى ئەوروپا کردووە، بەڵام لە ساڵی 2022 بە دواوە کازاخستان بووەتە یەکەم و نەیجیریا چووەتە پلەى دووەم.
دەستوور
بۆ فرۆشتنى مریشک و هێلکەى زیادە هەرێمى کوردستان بەدواى بازاڕدا دەگەڕێت
فیراس سدیق، بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەرێمى کوردستان ساڵانە 280 تۆن گۆشتى مریشک بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستى ناوخۆیی تەنها 148 تۆنە.
هەروەها 16 هەزار و 500 تەبەق هێلکەش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام پێویستی بە تەنها حەوت هەزار تەبەق هەیە، بۆیە هەرێمى کوردستان پێویستى بە بازاڕێک هەیە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانى.
فیراس رایگەیاندووە، نزیکترین بازاڕ ناوەند و باشوورى عێراقە، بەڵام زۆرجار بە پاساوى راگرتنى بازاڕی ناوخۆی پارێزگاکان رێگرییان لێدەکرێت، باسی لەوەشکردووە پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووەو لەنێویاندا نووسینگەى سەرۆکوەزیران، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە، بۆیە نمونەى هێلکە و گۆشتەکەیان رەوانەى ئوردن و ئیمارات کردووە بەمەبەستى پشکینین و دۆزینەوەى بازاڕ، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نەداونەتەوە.
سەباح
هەفتەى داهاتوو سێ دۆسیەى گرنگ یەکلایی دەکرێنەوە یەکێکیان سەرۆکى پەرلەمانى عێراقە
فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، رۆژى شەممەى داهاتوو 18ـى ئایار پەرلەمان لە سەرسێ دۆسیەى گرنگ کۆدەبێتەوە و بڕیارە یەکلاییان بکاتەوە، ئەوانیش دیاریکردنى سەرۆکێکی نوێیە بۆ پەرلەمان و پەسەندکردنى هەموارى یاسای بودجەى 2023 لە لایەن ئەنجومەنى وەزیران و رەوانەکردنیەتى بۆ دەنگدان لەسەرى و سێیەمیش دۆسیەى درێژکردنەوەى کارى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراقە.
عەرەبی جەدید
غەزە هەژارترین شارى سەر زەوییە
ئەحمەد ئەبوقەمەر، توێژەری ئابووری و شارەزا لە دۆسیەى فەلەستین دەڵێت، رێژەى هەژاری لە غەزە گەیشتووتە 90% و ئەو رێژەیەش لە هیچ شارێکى دنیادا وێنەى نییە.
بەڕێوەبەری نووسینگەى راگەیاندنى حکومەتى فەلەستینیش پشتڕاستى کردووەتەوە و هۆکارەکەى بۆ درێژەپێدانى جەنگ و لەدەستدانى کار و نەگەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، زیاتر لە 200 هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەروو 90%ـى دامەزراوەو کارگە و و وەبەرهینەرەکانى غەزە لەکارکەوتوون، زیاتر لە ملیۆن و 500 هەزار کەس شارەکەیان جێهێشتووە و رۆژانەش خەڵک پێویستى بە هاتنە ناوەوەى هەزار بارهەڵگری هاوکاریی هەیە، بەڵام رێگریی دەکرێت لە گەشتنیان.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
رێکارەکانى حکومەت بۆ فەرمانبەر و کرێکارە
پاکێجەکەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان تەنها چینی فەرمانبەران و کرێکاران دەگرێتەوە. کونە گەورەگانى پارە خەرج کردن نەگیراون، ئەو خەرجییە زەبەلاحانەى لە گیرفانی میللەت خەرج دەکرێت خرانە دەرەوەی پاکێجەکە.
سوپایەک لە پاسەوان، ئۆتومبێلی گرانبەها، فڕۆکەی تایبەت، خەرجییەکانى کۆشکی سەرۆکایەتى کۆمار، کۆشکی هاوینە، ئەگەر بێت و خەرجی هەموو ئەمانە کەمنەکرێتەوە راگەیاندنى ئەم پاکێجە کاریگەرییەکی زۆرى لەسەر باشکردنى ئابووری وڵات نابێت.
ئایندنڵک
دەم پارتى و جەهەپە داواى راگرتنى شەڕی پەکەکە دەکەن
لەگەڵ راگەیاندنى پاکێجی حکومەت بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان و رێگری لە بەهەدەردانی داهاتى گشتی، دەم پارتى و جەهەپە بۆ کەمکرنەوەى خەرجییەکانى دەوڵەت داوای راگرتنی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژى پەکەکە دەکەن.
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتی جەهەپە رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان پێویستە گرێبەستەکان بۆ دروستکردنى بنکە ئەتۆمییەکان هەڵبوەشێندرێتەوە.
سەزای تەمەلی، سەرۆکی فراکسیۆنى دەم پارتى رایگەیاند، هەموو رۆژێک لە فڕۆکەخانەى سەربازی ئامەدەوە فڕۆکە جەنگییەکان بەرەو هەرێمى کوردستان و رۆژاڤای کوردستان دەفڕن بۆردومانی ناوچەکان دەکەن. ئەمە ئابووریی وڵات پەکدەخات.
یەنی شەفاق
قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانى یۆنان و تورکیا دەستپێدەکات
لە سەردانەکەى کیریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆکوەزیرانی یۆنان بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەى لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا، هەردوولا جەختیان لە بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانیان کردەوە و پێیانوایە لە رێگەى دیالۆگەوە دەتوانن پرسەکانى نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکەن.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر و نیوێکی خایاند، بڕیاردرا رێژەى ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات لە شەش ملیار دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار بەرزبکەنەوە.
کیریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان بە ئەردۆغانی گوتووە، وڵاتەکەى پشتیگریی تەواوى تورکیا دەکات بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا.
حوڕییەت
بکوژێکى نادیارى پشیلە دەستگیرکرا
هاووڵاتییەکی دانیشتووی ئیستەنبوڵ بە ناوى فاتیح محەمەد تەمەن 44 ساڵ، بە تۆمەتی کوشتنى نۆ پشیلە تۆمەتبار کرابوو، پێشتر بۆ ماوەى سێ مانگ و 50 رۆژ زیندانی کرابوو، لەدواهەمین پێشهاتى دۆسیەکەیدا دادگا سزای بەندکردنى بۆ ماوەى چوار ساڵ و نیو بۆ بڕانەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران بۆ روسیا گەشەی کردووە
بەگوێرەی راگەیەندراوى راوێژکاری بازرگانی ئێران لە روسیا، ساڵی رابردوو کۆی گشتی بڕی هەناردەی ئێران بۆ روسیا 950 ملیۆن دۆلار بووە، کە بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 26% زیادیکردووە.
موحسین رەحیمی، راوێژکاری بازرگانی ئێران لە روسیا لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانی رایگەیاند، خۆشبەختانە لە بواری کاڵادا پەیوەندیمان لەگەڵ روسیا باشە، بەجۆرێک کە ساڵی رابردوو لە هەناردەکردنی کاڵاکاندا ئێران گەشەی کردووە و هەروەها هاوردەکردنمان لەم وڵاتە بە رێژەی 11% بەراورد بە ساڵی پێشوو زیادیکردووە.
ئەو گوتی، بەگشتی هەناردەی سەرەکی وڵاتەکەمان بۆ روسیا پەیوەندی بە هەموو جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵییەوە هەیە، بەتایبەتى میوە و سەوزە و میوەی وشککراو.
لە دیوی روسیاوە ئەوەی هەناردەی ئێران دەکرێت بەشێوەیەکی سەرەکیی دانەوێڵە، رۆنی خواردن، دار و بەرهەمی دارە، کە بەگشتیی تاوەکوە 70%ـی ئەو کاڵایانە پێکدەهێنن.
لە ماوەی ساڵێکدا هەناردەی ئێران بۆ روسیا لە نزیکەی 750 ملیۆن دۆلارەوە بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی 950 ملیۆن دۆلار.
ئارمانی ئیمروز
بارودۆخی ئابووری بازاڕی کتێبی تێکداوە
کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، پشکی کەلوپەلی ناپێویستی وەک کتێبی لە سەبەتەی کڕینی خەڵک کەمکردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە تیراژی کتێب لەلایەن بڵاوکەرەوەکانەوە کەمکراوەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە خێراتر فرۆشتنی نرخەکانیان هاوتەریب لەگەڵ هەڵاوسان بەرزبکەنەوە.
لە 10 مانگدا تێکڕای نرخی کتێب لە 83 هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە 125 هەزار تمەن و بە تێپەڕبوونی کات، کتێبەکان لە سەبەتەی بەکاربردن دەرهێنراون.
یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی کەمبوونەوەی فرۆشی کتێب و داخستنی کتێبفرۆشە بچووکەکان بە ئەلیکترۆنیکردنی کتێبەکانە، لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک پێیان باشە لەبری ئەوەی پارە بدەن بۆ کتێبی کاغەزی، کتێبی ئەلیکترۆنی بێبەرامبەر یان هەرزانتر بەکاربهێنن.
خەڵک ناچارن داهاتەکەیان کە هەموو مانگێک بەهۆی هەڵاوسانەوە بەهاکەی لەدەست دەدات، بۆ دابینکردنی کەرەستەی پێویست وەک خۆراک خەرج بکەن.
سەفەر، کات بەسەربردن، کتێب، وەرزش و تەنانەت چارەسەریش پشکێکی کەم لە سەبەتەی بەکارهێنانی خێزانەکانیان گرتووە و لە ژیانی هەندێک چیندا ئەم شتانە بە تەواوی لابراون.
کار و کارگەر
بارانبارین گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا
سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، بارانی ئەم دواییە بووەتە هۆی ئەوەی تێکڕای بارانبارین بۆ یەکەمجار لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بگاتە 200 ملم، بەمەش کورتهێنانی بارانبارینی ئێران بۆ نزمترین ئاست لەم ماوەیەدا گەیاندووە.
سەحەر تاج بەخش دەڵێت، لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە نزیکەی 15 شەپۆلی بارانبارینی کاریگەر و بەهێز وڵاتی گرتۆتەوە و بارانبارینی بەرچاوی لە هەندێک ناوچەدا هێناوە، بە تێکڕا لە نەورۆزەوە تائێستا زیاتر لە 83 ملم باران تۆمارکراوە.
سەرۆکی رێکخراوی کەشناسی دەڵێت، هەرچەندە بارانبارینی ئەم دواییە بووەتە هۆی باشتربوونی رێژەیی لە بارودۆخی ساڵانەی بارانباریندا، بەڵام بەردەوامبوونی وشکەساڵی لە زۆرێک لە ناوچەکانی وڵاتدا هێشتا دۆخێکی نیگەرانکەرە و لەئێستادا تێکڕای بارانبارین لە پارێزگاکانی تاران، سمنان و قەزوین 40% کەمترە لە رێژەی ئاسایی و بۆیە پێویستمان بە بەڕێوەبردنی باشی سەرچاوەکانی ئاو و پاشەکەوتکردنی ئاو هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی گەرمی ساڵدا رووبەڕووی فشاری ئاو نەبینەوە.
کەیهان
هێنانی خوێندکارانی ئەمریکی بۆ زانکۆکانی ئێران هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی رۆشنبیری ئێران رایگەیاند، هێنانی خوێندکارانی ئەمریکی بۆ زانکۆکانی وڵاتەکەمان، کە بە هۆی پشتیوانی لە گەلی فەلەستین دەرکراون و رێگرییان لێکرا لە ئەمریکا بخوێنن، هیچ قەدەغەکردنێکی یاسایی نییە.
ئەحمەد خوسرەوپەنا گوتی، ئەوان دەتوانن لە بوارەکانی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتەکەمان بەردەوام بن و خوێندن تەواو بکەن، ئێران ئامادەیە بۆ دادپەروەری و لەسەر ئەم بنەمایەش خەڵک لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بەرگری لە گەلی غەزە کۆدەکاتەوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
چارەسەرێکی نوێ دۆزراوەتەوە و ئەگەرەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک بۆ نیوە کەم دەکاتەوە
پزیشکە بەریتانییەکانی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێن، ژمارەی ئەو خەڵکانە دەگات بە چەند ملیۆن کەسێک، کە پێویستیان بەوە هەیە چارەسەری نەخۆشیەکانی قەڵەوییان بۆ بنووسین، بۆئەوەی کێشیان داببەزێنین و گریمانی تووشبونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمبکەینەوە.
دوێنێ ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی ئەو پزیشکانە بڵاوکرایەوە، کە ئومێدێکی باش دەدات بەو کەسانەی جۆرەکانی نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوییان هەیە. ئەگەری مەترسییەکانی سەریان بۆ نیوە دادەبەزێنێت.
پزیشکەکان ئەم گۆڕانکارییەیان بە شۆڕشگێڕانە ناوبرد، ئەم هەواڵە لە هەموو رۆژنامە بەریتانییەکانی ئەمڕۆدا بە گرنگییەوە باسکراوە.
واشنتن پۆست
ژیریی دەستکرد بەسەر هەموو گەڕانەکانی نێو گووگڵدا زاڵ بووە، بەم هۆیەوە ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی کتێب ترسیان لێنیشتووە
ئەو کەسانەی کڕیاری کتێبەکانی ئەوان بوون، ئێستا هەرچییەکیان بوێت بە یەک کلیک دێتە بەردەستیان.
کیمبەر مازەرن، ژنێکی شارەزای چێشتلێنانە، شێفێکی بە ئەزموونە، ماڵپەڕی تایبەت بە خۆیی هەیە، لە هەر مانگێکدا چەند ملیۆن کەس ماڵپەڕەکەی ئەویان دەبینی، پرسیاریان لێدەکرد، کە خواردنی خێرا چۆن ئامادەبکەن، بەڵام کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد، کە بنکەکەی سێ هەزار کیلۆمەتر لە ماڵی کیمبەرەوە دوورە، بە ژیریی دەستکرد ئەو کارەی ئەم شێفە بە ئاسانی پێشکەش دەکات، بۆیە ژمارەی سەردانکەرانی ماڵپەڕی شێفەکەی دابەزاندوە بۆ کەمتر لە نیوە.
ئەویش سێ منداڵی هەیە بەخێوویان بکات، سەرچاوەی داهاتەکەشی ماڵپەڕەکەیەتی، ئەم کێشەیەی کیمبەر بۆ ئەو ناوەندە گەورانەش راستە، کە کارەکەیان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی کتێب.
گەڵف نیوز
ئەمیری کوەیت بە مەرسومێک بڕیار لە دامەزراندنی کابینەیەکی نوێی حکومەت دەدات
شێخ میشعەل ئەلئەحمەد، میری کوەیت مەرسومێکی نوێی دەرکرد، تێیدا فەرمان دەکات کابینەیەکی نوێی حکومەت پێکبهێنرێت.
ئاژانسی هەواڵی کوەیتی دەڵێت، شەیخ ئەحمەد ئەلعەبدوڵا ئەلسەباح راسپێردراوە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرەکوەزیران.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
ئیسرائیل چاوی لە دەستوەشاندنێکی کوشندەیە، بۆیە بە قوڵایی رەفەحدا رۆدەچێت
لەپاش ئەنجامدانی شەڕێکی قورس لە ئەو ناوچانەی باکووری غەزەدا، کە پێشتر دەستی بەسەرداگرتبوون، سوپای ئیسرائیل بەرەو ناوچەی رەفەح کشاون، بەڵام بەگوێرەى ئەو رەوشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەرەکانی شەڕکردندا بینراون لەوەدەچێت ئەستەم بێت سوپای ئیسرائیل بتوانێت بە زوویی بەسەر حەماسدا زاڵ ببێت.
لەپاش دەستپێکردنی پەلامارەکانی سوپای ئیسرائیل نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتیی فەلەستینی بەناچاری ناوچەی رەفەحیان بەجێهێشتووە.