زووم…
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو 30ـی تەمووزی داهاتوو دۆسیەی ئاوارەکان دادەخرێت.
عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی رایگەیاند، داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە 30ـی تەمووزی داهاتوو، گرنگترین هەنگاوە کە وەزارەت لە ئێستادا جێبەجێی دەکات.
ئەو گوتی، لەماوەی رابردوودا زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکان بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە، لە ئێستاشدا زۆرێک لە خێزانە ئاوارەکان کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندان خواستی گەڕانەوەیان هەیە.
هاوکات شەریف سلیمان، ئەندامی لیژنەی کۆچ لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەى راگەیاند، لە کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان قەیرانی نەبوونی پێداویستیی ئاوارەکان هەیە و بەدەر لەوەش خۆراکی ماوەبەسەرچوو و نەشیاو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەوەکانەوە بەسەر ئاوارەکاندا دابەشدەکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە حکومەت راستەوخۆ دەستوەردانبکات.