زووم…
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، پاش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هێزەکانی و لەسەر داوای پۆلیسی ئینتەرپول، توانرا گەورە قاچاخچی و بازرگانیی مرۆڤ لە سلێمانی دەستگیربکرێت کە خۆی بە دووپشک ناساندووە.
دەزگای ئاسایش دەڵێت دووپشک بە مادەی پێنجی یاسای ژمارە 28ـی ساڵی 2012ـی سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و جەختیکردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە دۆسیەکە.
هەرچەندە ئاسایش ناوی تەواوی دووپشکی ئاشکرانەکردووە، بەڵام بەهۆی راپۆرتێکی هەینی رابردوو کەناڵی بی بی سی لەبارەى دووپشک، هەمووان زانییان ئەوە بارزان مەجیدە.
بی بی سی لە راپۆرتێکیدا بەناوی “چۆن داواکراوترین قاچاخچی کۆچبەرانمان لە ئەوروپا دۆزییەوە” بڵاوکردووەتەوە کە چۆن دوو رۆژنامەنووسی دەزگاکە چەند وڵاتێک گەڕاون بەدوای دووپشدا تاوەکو لە سلێمانی بینیویانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دووپشک یاخود بەرزان مەجید ماوەی چەندین ساڵ کۆنتڕۆڵی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانی لە بۆ بەریتانیا کردووە، ئەوان نازناوی دووپشکیان لەو کۆچبەرانە وەرگرتبوو لەکاتی چاوپێکەوتنی کۆچبەرانەدا.
پاش ئەوەی ستافەکەی بی بی سی بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا بۆیان دەردەکەوێت کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە دووپشک پیاوێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سەرەتا دەچنە ئیستەنبوڵ و سەرەداوێکیان دەستدەکەوێت، پاشان دەتوانن لە سلێمانی و لەناو کافێیەکدا بیبینن.
سەرەتا بەرزان مەجید رەتیدەکاتەوە کە ئەو گەورە بازرگانێکی بەقاچاخبردنی کۆچبەران بێت، بەڵام دواتر دان بەوەدا دەنێت کە نزیکەی 10 هەزار کۆچبەری عێراق و سوریا و وڵاتانی دیکەی گەیاندووەتە بەریتانیا و بۆ هەر کۆچبەرێک حەوت هەزار و 500 دۆلاری وەرگرتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرزان خۆی لە ساڵی 2006دا و لە تەمەنی 20 ساڵیدا بە قاچاخ چووەتە بەریتانیا، هەرچەندە مافی پەنابەری رەتکراوەتەوە، بەڵام چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە و چەند جارێک تۆمەتبارکراوە بە پرسەکانی مادەی هۆشبەر و چەک تۆمەتبارکراوە.
پاشان لە ساڵی 2015دا بەرزان دیپۆرتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و ئیتر دەستی داوەتە دروستکردنی باندەکەی و لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2021، دووپشک کۆنتڕۆڵی گۆڕەپانەکەی کردووە و بەرپرس بووە لە بەقاچاخبردنی خەڵکی بۆ ئەوروپا.
لەو ماوەیەدا و دوای ئۆپراسیۆنێکی نێودەوڵەتی دووساڵە، 26 ئەندامی باندەکەی دووپشک لە بەریتانیا و فەڕەنسا و بەلجیکا دەستگیرکران، بەڵام خۆی دەربازی بوو، دادگای بەلجیکا لە ساڵی 2022دا و بە غیابی، سزای 10 زیندانی بەسەر دووپشکدا سەپاند.
ئیتر لەو کاتەوە شوێنەکەی نادیار بوو تاوەکو رۆژنامەنووسەکانی بی بی سی توانییان لە سلێمانی بیدۆزنەوە کە نووسینگەی گواستنەوەی پارەی بەڕێوەبردووە.