زووم…
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد و هەنگاوی ئەمجارەیان یاساییە و لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوەیە، دەیانەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دادگای فیدراڵی بڕیار لەو بارەیەوە بدات.
دوای ئەوەی دادگاکە، لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رێوشوێنەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگرت، ئێستا پێویستە وەڵامی سکاڵای تورکمان و مەسیحییەکان بداتەوە، کە لە بارەی کورسی کۆتاکانەوە پێشکەشیان کردووە.
پێکهاتەکان هەریەکە و بەجیا سکاڵایان لەو بارەوە بردووتە بەردەم دادگای فیدراڵی، بەمەبەستی گەڕانەوەی هەر 11 کورسییەکەی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان.
سکاڵاکان لەلایەن پارتەکانی، جەماوەری تورکمانی، گەشەپێدانی تورکمانی، حامورابی، لەگەڵ ئەنجومەنی نەتەوەیی کلدان و رەوتی شەلامای مەسیحییەوە تۆمار کراون.
پارت و پێکهاتە مەسیحییەکان داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن، مادەی دوو لە یاسای هەڵبژاردن تایبەت بە سیستمی تۆمارکردنی کاندیدەکان بەنادەستووری دابنێت و پێنج کورسی کۆتا بۆ مەسیحییە کلدان و ئاشوری و سریان دیاری بکات، لەگەڵ کورسییەکی دیکە بۆ مەسیحییەکانی ئەرمەن.
تورکمانەکانیش سکاڵایان کردووە و داوای گەڕانەوەی هەر پێنج کورسیی کۆتای تورکمان دەکەن.
هەروەها داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە، هاوشێوەی هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاکان بکرێت بە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
ئەم هەنگاوە یاساییەی پێکهاتەکان، دوای سێ مانگ لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ نەهێشتنی کورسی کۆتاکان دێت، هەروەها دوای چەند رۆژێک دێت لە بڕیاری دادگاکە بۆ راگرتنی رێوشوێنەکانی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە یاسایی و سیاسییەکانی دیکە بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی گونجاو و پەسەند لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بۆیە وای لێدەخوێنرێتەوە، جۆرێک لە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن هەبێت بۆ گەڕانەوەی کورسیی کۆتان.
بەتایبەت کە لە مانگی رابردوو بەرپرسانی پارتە مەسیحی و تورکمانەکان رایانگەیاند، هەوڵ و کۆبوونەوەی سیاسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆتای پێکهاتەکان.