زووم…
دابەزینی بەهای لیرە و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و خراپی باری ئابووری خەڵکی تورکیا، حکومەتی ناچارکرد خەرجییەکانی کەمبکاتەوە وەک ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئاک پارتی لەدوای شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بەڵێنی دا.
ئەمڕۆ هەریەک لە جەودەت یەڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار و محەمەد شیمشەک، وەزیرى دارایی تورکیا پاکێجێکی هەشت خاڵییان بۆ رێگرییکردن لە بەهەدەردانی داهاتی گشتی و رێگریکردن لە زیادمەسرەفی خستەڕوو بەمشێوەیەی خوارەوە؛
1- کڕینی باڵەخانە یاخوود دروستکردنی باڵەخانە رادەگیرێت بۆ ماوەى سێ ساڵ
2- راگرتنى بەکرێگرتنی باڵەخانە و هەڵوەشاندنەوەى ئەوانەشی بەکرێگیراون
3- بۆ ماوەى سێ ساڵ دامەزراندنى فەرمانبەر سنووردار دەکرێت و بە گوێرەى رێژەى خانەنشین دەبێت
4- بۆ ماوەى سێ ساڵ کڕینی ئۆتومبێل یاخوود بەکرێگرتنى رادەگیرێت
5- بۆ ماوەی سێ ساڵ کڕینی هەموو کەلوپەلێک بۆ دامەزراوەکانى حکومەت رادەگیرێت
6- کۆتایی دەهێنرێت بە هۆکارەکانى گواستنەوە بۆ فەرمانبەرى دەوڵەت
7- لە دەرەوەى پێویستییەکان هیچ پڕۆژەیەک پەسەند ناکرێت و ناخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە
8- لە ساڵی 2025 دا بەشێک لە خەرجییەکانى دەوڵەت سنووردارتر دەکرێت
9- بەکارهێنانى ئۆتومبێلی بیانی لە دامەزراوەکانى دەوڵەتدا کۆتایی پێدێت
محەمەد شیمشەک لەبارەى پاکێجەکان گوتی، ئەو پاکێچە نزیکەی 100 ملیار لیرە بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە و حکومەتی هەوڵى دابەزاندنی رێژەى هەڵاوسان دەدات کە لە ئێستادا گەیشتووەتە 69%.
ئەم بڕیارەى حکومەتى ئاک پارتى لەپاش ئەوە هات لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ى ئازار، دەنگەکانى ئاک پارتى پاشەکشەى کرد بە جۆرێک لەسەر ئاستی تورکیا لە رووى زۆرینەی دەنگەوە بۆ یەکەمجار بوە پارتى دووەم و هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی دەنگدانەکانیش بەهۆى خراپی قەیرانی ئابووری و بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان بوو لەو وڵاتە.