زووم..
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین بەردەوام بێت و پلەکانی گەرما لە دابەزین بەردەوام دەبن، بەڵام سبەی شەو کەشەکە سەقامگیردەبێتەوە و شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
بەرێوەبەرایەتى گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێم دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری نمەبارانی ناوبەناو، هەندێک جاریش دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و بروسکە، رێژەی دابارینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
دەشڵێـت، سبەی ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت و دابارین بەشێوەی نمەباران و تاوەباران و هەورەبروسکە دەبێت، سەرەتا لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور پاشان بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی هەرێم بەشێوەی پچڕپچڕ درێژدەبێتەوە.
هەر بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی شەو ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت و کەشەکە سەقامگیردەبێتەوە، پلەکانی گەرماش ئەمڕۆ چوار بۆ پێنج پلە نزمدەبنەوە و سبەینێش لەو شوێنانەی دابارین هەیە پلەکانی گەرما نزمتردەبنەوە.