زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
تادێت ژمارەى سەربازە خۆکوژەکانى ئیسرائیل زۆرتر دەبن
رۆژنامەى هارتزی ئیسرائیلى بڵاویکردەوە لە دواى هێرشەکەى 7ـى ئۆکتۆبەرى ساڵی پارەوە تائێستا زیاتر لە 10 سەربازی ئیسرائیلى خۆیان کوشتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانى سەربازی دەیشارنەوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، ئەم ژمارەیە سەربازانى یەدەگ ناگرێتەوە، کە بە زۆر لەدواى هەڵگیرسانى جەنگەکەوە گەڕێندراونەتەوە بەرەکانى جەنگ.
هارتز ئاماژەى بەوەشداوە، دواى بەدواداچوونى ورد دەرکەوتووە، لەدواى جەنگى 1973 ـى نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان تائێستا هەزار و 227 سەربازی پلە جۆراوجۆر لە بەرەکانى جەنگدا خۆیان کوشتووە، بەڵام هێزى سەربازیی ئیسرائیل ئاشکراى نەکردووەو وەک رووداوى چەک و لە دەستدەرچوونى فیشەک ناوى هێناون و هەندێکجاریش رووداوەکەیان لە خێزانەکانیش شاردووەتەوە.
سەباح
لەبارەى وەرگرتنى تەواوى گەنمى جوتیارانەوە گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند بەردەوامە
فەتحی محەمەد مودەریس، راوێژکارى یەکەمى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەسەرەتاى مانگی داهاتووەوە دەستدەکرێت بە وەرگرتنى گەنمى جوتیاران و بۆ ئەو مەبەستەش سایلۆکانیان ئامادەکردووە، ئەوە لەکاتێکدایە لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ ناوەند تاوەکو بەتەواوى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێت و ئەو رێکارەى ساڵانى پێشوو وەلاوە بنرێت، کە بڕێکى دیاریکراو لە جوتیارەکان وەردەگیراو و ئەوەى دەمایەوە لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشرا و ئەوەش بارگرانى بۆ جوتیاران و هەندێک جاریش فێڵ و تەڵەکەی دروستدەکرد.
راوێژکارەکەى وەزارەتى بازرگانى راشیگەیاندووە، کارەکان گوێرەى ئەو پلانە بەڕێوەدەچن، کە وەزارەتى بازرگانیى ناوەند دایناوە بۆیان.
عەرەبی جەدید
موقتەدا سەدر دەگەڕێتەوە گۆڕەپانى سیاسەت
سەرچاوەیەکى نزیک لە عەلى سیستانى، گەورە مەرجەعى شیعەکانى عێراق، بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە چاوپێکەوتنەکەى هەفتەى پێشووى موقتەدا سەدر لەگەڵ سیستانى، باس لە گەڕانەوەى موقتەدا کراوە بۆ گۆڕەپانى سیاسی و ئەویش پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانى رەوتەکەى ئاگادارکردووەتەوە خۆیان کۆبکەنەوە و پەیوەندى لەگەڵ جەماوەرەکەیان دروستبکەنەوەو خۆیان بۆ قۆناغێکى دیکە ئامادەبکەن.
موشاجیع تەمیمى، چالاکی نزیک لە رەوتى سەدریش بە عەرەبی جەدیدى گوتووە، گەڕانەوەى موقتەدا سەدر بۆ گۆڕەپانى سیاسی هێزە سیاسییە شیعییەکانى دیکە دەخاتە مەترسییەوە لەبەرئەوەى هەڵوێستەکانى ئەو رەوتە رونترە و هەڵگری دروشمى دەرکردنى هێزە بیانییەکانە لە عێراق و زۆرینەى شیعەکانیش ئەوەیان دەوێت.
دەستوور
سەندیکاى پزیشکانى عێراق گۆڕینى رەنگی چاو قەدەغە دەکات
سەندیکاى پزیشکانى عێراق گۆڕینى رەنگی چاو لەڕێگەى نەشتەرگەرییەوە قەدەغە کرد.
سەندیکاکە رایگەیاندووە، گۆڕینى رەنگی چاو لەڕێگەى بەکارهێنانى لێزەر یان دانانى هاوێنەى هەمیشەیی بۆ گۆڕینى رەنگی چاو قەدەغەیە و سەرجەم زانکۆ پزیشکییەکانى عێراق کۆکن لەسەر ئەو بڕیارە و هەر پزیشک و نەخۆشخانەیەکیش ئەنجامى بدات رووبەڕووى یاسا دەکرێنەوە.
دەڵێت، گۆڕینى رەنگی چاو تایبەتمەندى پسپۆڕانى چاوە، نەک پزیشکانى جوانکاریی.
جەریدە
لەسەر رەخنەگرتن لە ئەمیرى کوەیت پەرلەمانتارێک دادگایی دەکرێت
دادگاى کوەیت بڕیاریدا بە درێژکردنەوەى وادەى راگرتنى وەلید تەباتەبائی، پەرلەمانتاری وڵاتەکەیان تاوەکو کاتى تەواوبوونى لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پۆستێکى کە لە تۆڕی ئێکس کە تێیدا رەخنەى لە ئەمیری وڵاتەکە گرتبوو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان.
دادگاکە رایگەیاندووە، ئەو کارە پێچەوانەى یاسایە و سوکایەتیکردنە بە شێخ میشعەل ئەحمەد ئەمیری وڵات، لە راگەیەندراوەکەى دادگاى کوەیتدا هاتووە لەوبارەیەوە چەند دۆسیەیەکى دیکەیان کردووەتەوە، کە یەکێکیان بڕیارى تەواوەتى تێدا دراوە، بەڵام نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە لەبەرئەوەى تاوانبارەکە دانیشتووى دەرەوەى وڵاتە و بەهەمان شێوەى وەلید تەباتەبائی لە تۆری ئێکس رەخنەی لە ئەمیرى وڵات گرتووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ریشی سوناک هۆشداری دەدات دەوڵەتە سەرکوتکارەکان گەورەترین هەڕەشەن بۆ جیهان
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەڵێت، بەریتانیا لە ئێستادا رووبەڕووی هەڕەشەیەک بووەتەوە، کە لەلایەن دەوڵەتە سەرکوتکارەکانەوە بۆی دروستدەکرێت، لەپاش شەڕی ساردەوە هیچ کاتێکی دیکە ئەم هەڕەشانە هێندەی ئێستا مەترسیدار نەبوون، بۆیە دەشێت هەموو کایەکانی ژیان گۆڕانکارییان بەسەردابێت، پڕ دەبن لە جۆرێک ئاڵنگاری، کە لەلایەن دەوڵەتە سەرکووتکارەکانی وەک چین، روسیا، کۆریای باکوور و ئێرانەوە دروست دەبن. ئەم هۆشدارییەى سوناک بەشێک دەبێت لە گوتارێک کە بڕیارە ئەمڕۆ لە لەندەن پێشکەشی بکات.
دەیلی تەلەگراف
سوناک دەڵێت بەریتانیا سەلامەت دەبێت ئەگەر پارتی پارێزگاران فەرمانڕەوایی بکات
لە دەستپێکی خستنەکاری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ریشی سوناک دەڵێت، وڵاتەکە بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویدا گوزەر دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ ساڵانی داهاتوو پارتی پارێزگاران وەک فەرمانڕەوا هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا دەتوانێت رەوشە قورسەکان تێبپەڕێنێت.
ئەم گوتەیەی سوناک ئەمڕۆ پێشکەش دەکرێت، کە دەیەوێت لە لەندەنی پایتەختەوە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستپێبکات و پلانی خۆی بۆ پێنج ساڵی داهاتووی فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات.
گاردیەن
ڤایرەسی کوشندەی هەیە کۆڤید19 لەچاویاندا بەچکەیە
پرۆفیسۆر دەیم سالی دەیڤس، کاربەدەستی باڵای بواری تەندروستیی بەریتانی دەڵێت، هەندێک ڤایرۆسی کوشندە هەن لە گەشەکردندان و هەڕەشەن بۆ مرۆڤایەتی، کە زۆر کاریگەرن، توانای بەرگریکردنی هەموو جۆرە چارەسەرێکیان هەیە، ئەم جۆرە ڤایرەسە هێندە کوشندەن، پەتاى کۆڤید19 لە چاویاندا بچوکە و وەک بەچکە وایە.
دوو ساڵ پێش ئێستا کچێکی تەمەن دووساڵی دەیڤز بە ڤایرەسێکی کوشندە مردووە، کە نەتواندراوە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە دەڵێت، ئەگەر نەتواندرێت تاوەکو 10 ساڵی داهاتوو چارەسەرێک بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە بدەۆزرێتەوە، کاریگەرییەکەی زۆر خراپ و کوشندەی دەبێت.
واشنتن پۆست
هەندێک لە سەربازە ئۆکراینییەکان ئیدى هەرگیز ناتوانن منداڵی خۆیان ببینن
رەسڵان کۆزاچۆک، سەربازێکی ئۆکراینییە، 10 مانگ دەبێت کچەکەی لەدایکبووە، بەڵام رەسڵان بە بەردەوامی بەدیارییەوە دانیشتووە.
بۆ کاتی لە دایکبوونی منداڵەکەی، رەسڵان برا بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوون، لە پێش هاوسەرەکەى منداڵەکەی گرتە باوەش، بەڵام هەرگیز ئەو خەمەی لەیادناچێت کە خۆی ناتوانێت کچەکەی ببینێت، چونکە لە شەڕدا چاوی لەدەستداوە. کۆزاچۆک سەربازێکە تەمەنی 47 ساڵە، سێ مانگ پێش لەدایکبوونی کچەکەی پارچە موشەکێک بەر لای چەپی سەری کەوت و بەهۆیەوە توانای بینینی لەدەستداوە.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ژمارەى ئۆتومبێلی کارەبایی لە زیادبوندایە
لە تورکیا ژمارەى ئۆتومبێلى کارەبایی لەماوەى ساڵ و نیوێکدا 600% زیادیکردووە، لەهەمانکاتدا ژمارەی وێستگەى بارگاویکردنی ئۆتومبێلی کارەبایی وەک خۆیانن و زیادیان نەکردووە.
بەگوێرەى ئامارەکان تورکیا لە ئوتومبێلیى کارەباییدا بە پلەى 11 هەمین وڵات دێت لەنێو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.
لە تورکیا بۆ هەر وێستگەیەکی بارگاویکردن 12.5 ئۆتومبێلی بەردەکەوێت، بەڵام لە وڵاتێکی وەک بەلجیکا بۆ هەر ویستگەیەکی بارگاویکردن تەنها سێ ئۆتومبێلی بەردەکەوێت.
میللییەت
هەوڵەکانى تورکیا بۆ ئاگربەست لە غەزە بەردەوامە
سەرۆکی میت لەگەڵ لە دەوحە چاوی بە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی حەماس کەوت، لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی هەوڵەکانى تورکیا بۆ راگرتنى شەڕ و هێنانەکایەی ئاگربەستێک کراوە.
هاوکات تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ناردنى هاوکارییە مرۆییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ غەزە.
ئەکشام
ژاپۆن چالاکییەکانى پەکەکە قەدەغە دەکات
لە 8ـى ئایاردا پەرلەمانی ژاپۆن گفتوگۆی لەبارەى رێکخراوە تیرۆریستییەکان کرد، یوکو کامیکاوە، وەزیرى دەرەوەی ژاپۆن رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبونەوەى رێکخراوە تیرۆریستییەکان هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا دەکەین.
ئەم هەنگاوە لەپاش ئەوە هات رێکخراوێکی نزیک لە پەکەکە بەناوى رێکخراوی کلتووری کورد-ژاپۆن لە چالاکییەکانیان لە بۆنەکانى نەورۆزدا لە شەقامەکان بە دروشمی مردن بۆ ژاپۆن خۆپیشاندانیان کرد.
لەپاش ئەو رووداوە، رێکخراوەکە لەلایەن حکومەتى ژاپۆنەوە داخراو .
تورکیا
لە باکوورى کوردستان بەکارهێنانی کارەبا بە قاچاخ کەمی کردووە
بەکارهێنانى کارەبا بەشێوەی قاچاخ لە پارێزگاکانى باکوورى کوردستان کەمی کردووە، ئەم رێژەیە لە رابردوودا 76% بوو، ئێستا 42%ـە.
بەگوێرەى گوتەى بەرپرسان کۆى گشتیی بەکارهێنانى کارەبا لە پارێزگاکانى باکوورى کوردستان 4%ـە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
وردەکارییەکانی سزای حیجاب راگەیەندرا
ئەمیر حسێن بانکی پوور، ئەندامی پەرلەمانى ئێران و یەکێک لە داڕێژەرانی پڕۆژەیاسای حیجاب دەڵێت، سزاى نەپۆشینی حیجاب لە یاسای نوێی حیجابدا دەبێت لە ماوەی سێ هەفتەدا بدرێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە لە پێنج حاڵەتدا پۆلیس دەتوانێت خەڵک دەستگیر بکات؛ کاتێک کەسێکى نیمچەڕووت دەبینێت، کەسانێک کە رێکخراون یان پەیوەستن بە بزووتنەوە دوژمنکارانە دەرەکییەکانەوە، کەسانێک رووبەڕووی ئاگادارکردنەوەی پۆلیس دەبنەوە و لەگەڵ بیانییەکان کە بەڵگەنامەی قبوڵکراو ناهێنن، کە بۆیان دیپۆرتکردنمان لەبەرچاو گرتووە.
سزاى قۆناغی یەکەم سێ ملیۆن تومەنە، کە دەکاتە نزیکەی 50 دۆلار، لە پلەی یەکەمدا نیوەی بە هەڵپەسێردراو هەژمار دەکرێت و ئەگەر حاڵەتەکە دووبارە بێتەوە، سزاکە بۆ دوو هێندە زیادەکرێت.
ئەبرار
دیسان مووچەی سەربازان زیاد کرا
موحسین دێهنەوی، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی پڕۆژە یاسای بودجە رایگەیاند، کەمترین مووچەی سەربازانی سەڵت لە ناوچە ئارامەکان بۆ نزیکەی 100 دۆلار و کەمترین مووچەی سەربازانی خێزاندار لە ناوچە نائارامەکان بۆ نزیکەی 200 دۆلار زیاد دەکرێت.
ئەو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، لە پەرلەمان گۆڕانکاری لە مووچەی سەربازان هەموارکرایەوە و 100 ملیۆن دۆلار بۆ مووچە زیاد کراوە.
باختەر
نزیکەی 80%ـى دەرچووانی زانکۆ کارامەیییان نییە
بەڕێوەبەری گشتیی بەشی کار و چاودێری کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان، لەبارەى بەرزی رێژەی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆ دەڵێت، 80%ـى دەرچووانی زانکۆ کەمیی لێهاتوویییان هەیە.
بەگوێرەی دوایین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران 282 هەزار کەسی بێکار لە کرماشان هەن.
نزیکەی 40%ـى بێکارانی پارێزگای کرماشان دەرچووی زانکۆن و رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا لە ساڵی رابردوودا 13% بووە، لە کاتێکدا لە کرماشان لە 15% بووە و دەرچووانی زانکۆ بەشى زۆرى ئەم رێژەیە پێکدەهێنن.
رویداد ئیمروز
پشکی 10%ـى قاچاخچێتی لە بازاڕی جلوبەرگدا
حەمیدرەزا دێهقانی، گوتەبێژی بارەگای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کاڵا لە ئێران رایگەیاند، چاودێری مەیدانییەکان دەریدەخەن نزیکەی %10ـى بازاڕی جلوبەرگ کە تایبەتە بە بەرهەمی قاچاخ.
بەشێک لە کەلوپەلی ناوماڵی کۆری کە لە بازاڕدا بەردەستن ساختەن و فرۆشتنی کارتۆنی بەتاڵی ساردکەرەوەی کۆری تەنانەت بە چەند ملیۆن تومەن لە فرۆشگاکانی ئۆنلاین ئەو بانگەشەیە پشتڕاست دەکاتەوە، کە ئەو کاڵایانە ساختەن.
ئەو بە ئاماژەدان بەو تۆمەتانەی سەبارەت بە فرۆشتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن دەستفرۆشانەوە خراونەتەڕوو دەڵێت، زیاتر لە 95%ـى دەستفرۆشان، بە مارکەی ساختە کاڵای ساختە دەفرۆشن بەڵام قاچاخچی نین.
لە بازاڕی جلوبەرگدا زیاتر کاڵای ساختە هەیە، نەک قاچاخ و بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانە کە بە قاچاخ ناسراون لە راستیدا ساختەن و لە ناوخۆ بە براندی جیهانیەوە دروست دەکرێن.