لە کۆبوونەوەى هەفتەى رابردووى کابینەی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، یەک لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، دامەزراندنی مامۆستایان بوو لەو وڵاتە.
ساڵانە حکومەتی تورکیا لەبارەی دامەزراندنی رێژەى مامۆستایان، بڕیار دەدات. بڕیارەکە بەگوێرەى پێویستی وەزارەتی پەروەردە دەبێت و بە بەرچاوگرتنى بودجەی ساڵانەى ئەو وڵاتە.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 بۆ 2025
لە کۆی 20 هەزار مامۆستا، تەنها 10 مامۆستای زمانی کوردیی دامەزراندووە. ئەمەش کاردانەوەى لایەن و رێکخراوەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوادەکەن ژمارەى مامۆستایانی زمانى کوردی زیاد بکرێت.
کۆمەڵەی دڵکورد ، کە تایبەتە بە پەروەردە بە زمانی کوردی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا رەخنەی توندی لەو هەنگاوەى وەزارەتی پەروەردە گرتووە و داوایکردووە ژمارەى مامۆستایانی کورد زیاد بکرێن.
شاهزادە دەمیر، پەرلەمانتاری هوداپار لە پارێزگای دیلۆک لەسەر پرسەکە گوتی، لە وڵاتەکەمان زیاتر لە 20 ملیۆن کورد دەژی، بەڵام تەنها 10 مامۆستا بۆ وانەی بژاردەی کوردی دامەزراوە.
ئەو دەڵێت، پێویستە ژمارەى مامۆستایانی زمانی کوردی زیاتر بکرێن و پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و ژمارەی مامۆستایانی کورمانجی و زازاکی زیاتر بکرێت.
هاوکات سەرهات ئیران پەرلەمانتارى دەم پارتى لە بازنەى ئامەد لە پەرلەمانى تورکیا پرسیارێکی ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە کرد و گوتى، ساڵانە هەزاران مامۆستای زمانى کوردی لە زانکۆکان بڕوانامە بەدەستدەهێنن، بەڵام حکومەت تەنها چەند مامۆستایەکی کەم دادەمەزرێنێت ئەمەش لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە.
ساڵى پار حکومەت 50 مامۆستای زمانی کوردی بۆ شێوەزاری کورمانجی و زازاکی دامەزراندووە، بەڵام لەمساڵدا ئەو رێژەیەی کەمکردووەتەوە.