زووم…
دوای زیاتر لە دوو ساڵ کشانەوەی لە کاری سیاسی، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعی نزیکە لەوەی بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025 جارێکی دیکە بەشداری پرۆسەی سیاسی دەکات و وەک رکابەرێکی گەورە دێتەوە گۆڕەپانەکە.
رۆیتەرز لە راپۆرتەکەیدا لێدوانی نزیکەی 20 چاودێر و کەسایەتی سیاسی وەرگرتووە کە زۆرینەیان ئامادەنەبوون بەهۆی هەستیاری بابەتەکە ناویان ئاشکرا بکرێت.
بە گوێرەی گوتەی پەرلەمانتارێکی پێشووی رەوتی سەدر، ئەمجارەیان موقتەدا سەدر بە نیازە بەهێزتر لە رابردوو بگەڕێتەوە و تاوەکوو بتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بباتەوە و حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر و عەلی سیستانی، رابەری باڵای شیعە لە عێراق لە 18ی ئازاری ئەمساڵ باس لە گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی کراوە، پیاوێکی ئاینی نزیک لە سیستانی بە رۆیتەرزی گوتووە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە هەر بۆیە چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، سەدر داوای لە ئەندامانی رەوتەکەی کرد ریزەکانیان رێکبخەنەوە.
دواتر و مانگی رابردوو، سەدر ناوی رەوتی سەدری گۆڕی بۆ رەوتی نیشتمانیی شیعە وەک سەرەتایەک بۆ هاتنەناوەوەی کایەی سیاسی.
بە گوێرەی گوتەی ئەو چاودێرانەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردووە، گەڕانەوەی سەدر دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری سیاسی لە عێراق چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ململانێی توند لە نێوان هێزە شیعییەکان.
چاودێران دەڵێن، سەدر هەوڵدەدات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروستبکات و بەشێک لە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی شیعە بباتە ناو هەوپەیمانێتییەکە لە سەروو هەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
رەوتی سەدر کە ئێستا ناوی رەوتی نیشتمانیی شیعییە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 سەرەڕای ئەوەی لیستی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو نەیتوانی بەبێ لایەنە شیعەکانی دیکە لەگەڵ کورد و سونە حکومەت پێکبهێنێت.
دوای شکستی لە پێکهێنانی حکومەت، سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی کوتلەکەی کرد دەستلەکاربکێشنەوە و دواتریش دوورکەوتنەوەی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند