زووم:
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
روسیا کەسانی راستڕەو بە کرێ دەگرێت لە بەریتانیا وەک سیخوڕ کاربکەن و هێرشی تیرۆریستییش ئەنجام بدەن
رۆژنامەکە نووسیویەتى، روسیا کەسانی راستڕەوی پەڕگیر دادەمەزرێنێت و دەیانکات بە سیخوڕ بۆئەوەی لەنێو بەریتانیا هێرشی “تیرۆرسیت”ـی ئەنجامبدەن.
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری دەڵێن، زانیارییان لایە و ئاگادارن لە شەش مانگی رابردوودا روسیا چەندین کەسی راستڕەوی وەک سیخوڕ لەنێو ئەمریکا و ئەوروپای رۆژئاوادا دامەزراندووە، لەرێگەی ئەو کەسانەوە توانیویانە چەند کار و هێرشێکى تیرۆریستی ئەنجام بدەن
واشنتن پۆست
نەخۆشییەکی تەمومژاوی هەیە لەگەڵ نەخۆشیی داون دەردەکەوێت، مەگەر هەر دایکان بزانن چۆنە!
سارا سمیس، کچێکە نەخۆشیی داونی هەیە، پێش ئەوەی بە تەواوی ون ببێت رووی لە باشبوون کردبوو، گەشەی دەکرد.
سارا سێ خوشکی دیکەى هەیە و خۆی منداڵترینیانە، ئەوکاتەى لەدایکبوو نەخۆشیی داون سیندرۆمی لەگەڵدا بوو، بەڵام هەر وەک کەسێکی ئاسایی و چالاک ژیا.
لە تەمەنی 13 ساڵیدا خۆی ئامادە دەکرد بچێتە قوتابخانەى ناوەندی، لەگەڵ ئەوەشدا کۆرسی فێربوونی یارى دوو گۆڵى، مەلەکردن و کاراتی وەردەگرت، بەڵام لە ساڵی 2011 لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا هەموو شتێک گۆڕا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بچڕان، قسەکردنی نەما، پزیشکەکان ئومێدیان پێی نەما، بەڵام دایکی هەر دەستی لێ بەرنەدا، یەخەی چەندین دامەزراوەی زانستی گرت، بۆئەوەی کچەکەی چارەسەر بکەن، ئەوان توانییان ئەو نەخۆشییە بدۆزنەوە، کە لەو تەمەنەدا سارا تووشی هاتبوو، رێگای چارەسەرکردنەکەشیان دۆزییەوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کەمی کردووە و خەڵکى روویان لە هایبرید کردووە
مەبەست لە ئۆتۆمبێلی هایبرید ئەو جۆرەیە، کە بە کارەبا و بە بەنزینیش کاردەکەن، ئێستا خواست لەسەر کارەباییەکان کەمتر بووەتەوە، بۆیە پیشەوەرانی بواری دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکان لە هەوڵدان ئەم جۆرەیان زیاتر دروست بکەن، بۆیە چاوەڕوانی روودانی گۆڕانکارییەکی خێرا دەکرێت. دەرکەوتنی چەند کێشەیەکی بەردەوام لە شێوازی شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان وایکردووە خەڵک هەڵپە نەکات بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلى کارەبایی، کە تەنها بە پشتبەستن بە وزەی کارەبایی و شەحنکردنەوە کاردەکەن، بۆیە ئێستا روویان لە هایبێرد کردووە، کە کارەبایین، بەڵام بە بەکارهێنانی بەنزین و سوتەمەنییەکانی دیکەش کار دەکەن.
گەڵف نیوز
چارەسەرێکی چینیی داهێنەرانە توانای بیستنی بۆ کچێکی نابیستی بەریتانی گەڕاندەوە
کچێکی تەمەن 18 مانگی بەریتانی لەگەڵ لەدایکبوونیدا توانای بیستنی نەبوو، ئەم کچە خرایە بەر چارەسەرکردنێکی داهێنەرانە و ئەو کارەی بۆی کرا سەرکەوتوو بوو، توانرا توانای بیستنی بۆ بگەڕێندرێتەوە، پاش ئەوە چەندین پزیشکی تایبەتمەند و پسپۆر بەو بوارە لە چین و ئەمریکا ئەو شێوازی چارەسەرکردنەیان بەکارهێنایەوە، کە بۆ ئەو کچە ئەنجام درابوو.
چارەسەرەکە کار لەسەر هەندێک لە جینەکان دەکات، کە بەهۆی ئەو کارکردنەوە توانای بیستن بۆ نابیستەکان دەگەڕێنرێتەوە.
تۆمارەکانی بەریتانیا ناوی ئەم کچە 18 مانگیەیان وەک یەکەمین کەس تۆمارکرد، کە بە وەرگرتنی ئەم جۆرە چارەسەرە ئەمریکییە توانای بیستنی بۆ گەڕێندرایەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
پەرستارانى ئێران دوو کاتژمێر کار بۆ یەک دۆلار دەکەن
بریکاری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند، تێکڕای حەقدەستی زیادەی پەرستاران لە ناوەندە پزیشکییەکان 30 هەزار تومەنە لە کاتژمێرێکدا.
ئەو دەڵێت، پرۆژەیاسای پاڵپشتی مادی و مەعنەوی بۆ پەرستاران پەرەی پێدراوە، بە ئامانجی باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان.
لە سەروبەندی رۆژی جیهانی پەرستاراندا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەسنیم، عەباس عیبادی سەبارەت بە بڕی کاری زیادەی پەرستاران رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی پێشنیازی بۆ زیادکردنی مووچەی پەرستاران پێشکەش بە رێکخراوەکە کردووە، بەڵام هێشتا وەڵامێکیان پێ نەگەیشتووە.
ئیعتماد
ساڵانە 50 ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێران دەچێتە دەرەوە
زانکۆی تەربیەت مودەڕس کاری لەسەر بردنەدەرەوەى سەرمایەى ئێران کردووە، دەرکەوتووە ساڵانە 50 ملیار دۆلار سەرمایە لە ئێرانەوە دەچێتە دەرەوە، لەکاتێکدا کۆی بودجەی ساڵانە بۆ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ 30 ملیار دۆلارە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، خەڵک ناوێرن لە ئێران سەرمایە دانێن، بۆ نمونە ئێستا تاران یەک ملیۆن خانوی چۆڵی تێدایە و بەشێک لە هەڵاوسانی وڵات پەیوەندی بەوەوە هەیە، کاتێک سەرمایە چووە کەرتی نیشتەجێبوون، بوو بەهۆی ئەوەی بازاڕەکە بوەستێت.
بەشێکی زۆری سەرمایەی بانکەکان لەم ناوچەیەدا راگیراوە و بانکەکان ناتوانن قەرز بدەن و بۆیەش بودجەی بیناسازی وڵات کەمی کردووە.
ئارمان ئیمروز
ژنان کەمتر لە 5%ـى پەرلەمانی ئێران پێکدەهێنن
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پڕوپاگەندەی هەندێک رەوتی بناژۆخواز بۆ زیادکردنی ژمارەی ژنان لە پەرلەمان، تەنها 15 ژن هەڵبژێردراون بۆ ئەم خولە کە لە 5% کەمترە.
لەنێو وڵاتانی دراوسێ، ئێران دۆخێکی باشی نییە و بەراورد لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی، کە نزیکەی 50% نوێنەری ژن هەن، عێراق نزیکەی 25% و پاکستان نزیکەی 20% زیاترە.
لە ماوەی یازدە خولی پێشووی پەرلەمانى ئێران، تەنها 4%ـی ئەو نوێنەرانەی چوونەتە نێو پەرلەمان بۆ ژنان تەرخانکراون، کە ناوی ئێران لە ریزەکانی کۆتایی جیهان دەبینرێت.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بە لەبەرچاوگرتنی توانای ژنانی ئێران و ئەو زانست و شارەزاییەی خاوەنیانن، چاوەڕێ بووین رێژەی بەشداری ژنان بۆ 12% بەرزببێتەوە، بەڵام ئەمجارەش وەک خۆی مایەوە.
کار و کارگەر
بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران کەم دەبێتەوە
لە دوای نەورۆز و سەرەتای ساڵی نوێوە تائێستا نزیکەی 42 هەزار ئۆتومبێل لە ئێران بەرهەمهاتووە، کە رۆژانەی نزیکەی هەزار ئۆتۆمبێل دەکات و ئەوەش کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دەردەخات و یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل لە وڵاتدا.
سەرەکیترین هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان ئەو پارچە یەدەگانەیە کە پێویستن، بەڵام بەهۆی سزاکانى سەر ئێران هاوردە ناکرێن و کۆمپانیا ناوخۆییەکان ناتوانن خۆیان بەرهەمیان بهێنن.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
قەیومی ئامەد حەزی لە چەرەس بوو
قەیومی گەورەشارەوانی ئامەد لەپێش هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ـى ئازار، 267 کیلۆ چەرەسی بە 769 هەزار لیرە بۆ کڕدراوە، کە دەکاتە 23,731 دۆلار، بەدەر لە چەرەس بڕێکی زۆر چیکۆلاتە و قاوەشی بۆ کڕاوە.
حوڕییەت
حەوت تەوەری گرنگ لەنێوان یۆنان و تورکیا گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت
چاوەڕێ دەکرێت لە سەردانەکەى کریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانى یۆنان بۆ ئەنقەرە، کۆبوونەوەیەکی پێنج کاتژمێری لەنێوان شاندی هەردوو وڵات بەڕێوبچێت و حەوت تەوەرەی گرنگ گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە گرنگترین تەوەرەکان بەرزکردنەوەى ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەنێوان هەردوو وڵات بۆ 10 ملیار دۆلار، دامەزراندنی کۆنسەی هەماهەنگی ئابوورى پێکەوە کارکردن، هەماهەنگی زیاتر لە کاتی رووداوی نەخوازراو و کارەساتە سروشتییەکاندا، بواری گەشتیاریی و چەند تەوەرێکی دیکەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
قەرار
لە پێشانگای کتێب لە تورکیا سانسۆر لەسەر کتێب هەیە
لە 17ـى ئایار شەشەمین پێشانگای کتێب لە ئەرزەڕۆمى باکوورى کوردستان بەڕێوەدەچێت.
پێشانگاکە لەلایەن گەورەشارەوانی ئەرزەڕۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت و رێگریی کراوە لە نمایشکردنى چەند کتێبێک لە ستاندەکان دابنرێت بە پاساوی ئەوەی پەیامی سیاسییان تێدایە.
ئەو کتێبانە لەلایەن وەشانی ناودارەوە چاپ کراون. ئەم بڕیارە لە سۆشیال میدیا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
یەنی ئاکیت
نابێت هیچ کەسێک رێگری لە هەموارکردنەوەى دەستوور بکات
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانى تورکیا رایگەیاند، پەرلەمان هێز و ئیرادەى ئەوەی هەیە دەستووری تورکیا هەموار بکاتەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە رێگە نەدرێت هیچ کەس و لایەنێک بەربەست لەبەردەم پرۆسەى هەموارکردنەوەى دەستوور دروست بکات.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
لە رێگەى سۆشیاڵ میدیاوە سوکایەتى بە منداڵ دەکرێت
جۆن لۆبکۆ، پسپۆڕی بایۆلۆژى بەریتانى و بەڕەگەز ئێرلەندى دەڵێت، منداڵ سامانى لەبن نەهاتووى مرۆڤایەتین، دەبێت بە بایەخێکى گەورەوە لێیان بڕوانرێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی پێشکەوتنى تەکنۆلۆجیا و سۆشیاڵ میدیاوە بۆ بەدەستهێنانى لایک و کۆمێنت و ڤیو، سوکایەتى بەو چینە هەستیارەى کۆمەڵگا دەکرێت، دیاردەکەش دایک، باوک، خوشک و براکانی گرتووەتەوە، بۆ ئەوەى زۆرترین بینەر لە خۆیان کۆبکەنەوە پەنا بۆ بەکارهێنانى منداڵان دەبەن.
جۆن لۆبکۆ، ئەم جۆرە رەفتارانەى بە دڕندەیی ناوبردووە و داوای کردووە دەسەڵاتداران ئەو دیاردەیە رابگرن.
شەرقلئەوسەت
لە نەوت و غازی عێراق کۆمپانیا چینییەکان پشکى شێریان بەردەکەوێت
حەیان عەبدولغەنى، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، کۆمپانیا چینییەکان پشکی زۆرینەى گرێبەستە نوێیەکانى بوارى نەوت و غازیان بەرکەوتووە.
هاوکات نەبیل مەرسومى، مامۆستاى ئابووری لە زانکۆی بەسرە لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسیویەتى، کۆمپانیاى زیکى چینى لە یەک بەرمیل نەوتدا بری شەش دۆلار و 67 سەنتى دەستدەکەوێت، کە لەچاو دەستکەوتى کۆمپانیاى کاردا، کە لەکوردستان کاردەکات زۆر کەمترە، لەبەرئەوەى کار بۆ هەر بەمیلێک 11 دۆلار و 23 سەنت وەردەگرێت.
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى حکومەتى عێراقى رۆژانە سێ هەزار و 459 مەتر سێجا غاز و زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق دەردەهێنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش 29 پرۆژەى نوێیان دامەزراندووە.
دەستوور
دیاردەى جیابوونەوە لە عێراق لەپەرەسەندندایە
محەمەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەى یاسایی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە دادگاکانى عێراق جیابوونەوەى هاوسەرەکان بووەتە دیاردە و رۆژانە 300 خێزانى تێپەڕاندووە.
ئەو دەڵێت، ئەم حاڵەتە مەترسیدارە و کاریگەریی خراپی بۆ سەر کۆمەڵگەى عێراقى دەبێت، زیانمەندى سەرەکیش منداڵان دەبن.
ئەو پەرلەمانتارە داواى هەموارکردنەوەى یاساى 57ـى بارى کەسێتى عێراق دەکات، بۆئەوەى مافى منداڵان لەکاتى جیابوونەوەى دایک و باوکیان پاریزراوبێت.
خەفاجی دەڵێت، کۆمەڵێک رێگریی هەن لە بەردەم پێشکەشکردنى هەموارەکەدا.
عەرەب
کوردانى رۆژاڤا بەشداریی هەڵبژاردنى سوریا ناکەن
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، ناوەڕاستى مانگى تەموزی ئەمساڵی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى وڵاتەکەى دیاریکرد و رایگەیاند، تەنها لەو شوێنانە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، دەکەونە لەژێر دەسەڵاتى حکومەت، بەڵام ئەوانەى لە دەرەوەى وڵاتن یان ئاوارەى وڵاتانى دەوربەرن هەڵبژاردن نایانگرێتەوە. بەگوێرەى ئەم راگەیەندراوە بەشێکى زۆر لە رۆژاڤاى کوردستان پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى سوریا نایانگرێتەوە.
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى سوریا 250 پەرلەمانتار هەڵدەبژردرێن و بەردەوام حزبی بەعس زۆرینەى کورسییەکان دەباتەوە.