زووم…
وەزیری دارایی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی تا لەڕێی بانكە فیدراڵییەكانەوە بە بانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێم دەستپێنەكات، مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە نیازپاكی خۆی دەرببڕێت بۆ بەبانكیكردنی مووچە لە یەكێك لە بانكە فیدراڵییەكانەوە.
بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی چوار چاوەڕێی ناردنی لیستی ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی بەبانكیكردن، تەنانەت تەیف سامی بەئاشكرا گوتوویەتی، سوورە لەسەر ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بانكە حكومییەكانی عێراقەوە بەبانكی بكرێن.
هەفتەی رابردوو دوای كۆبوونەوەی شاندێكی باڵای “تی بی ئای” لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەبانكیكردنی مووچە، بانكەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردبوو، لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و راسپاردەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بانكەكەیان بڕیاریداوە بەشداری بكات لە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و چاوەڕێن حكومەتی هەرێم لیستی ناوی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرێت، هیچ ئاماژەیەکیشی بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی هەژماری من نەکردبوو.
بەڵام ئاراستەی قسەی وەزارەتی دارایی هەرێم پێچەوانەی راگەیەندراوەكەی تی بی ئای بوو، بەوپێیەی وەزارەتی دارایی رایگەیاندبوو، تی بی ئای بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من دەکات.
لەوبارەیەوە ئەحمەد خەزرەجی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تی بی ئای، بە زوومی بەغدادی گوت، تائێستا حكومەتی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی نەناردووە بۆ ئەوەی لە بانکەکە هەژماریان بۆ بكەنەوە.
ئاشکراشیکرد، دەتوانن لەماوەی دوو مانگدا هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە بەگوێرەی دوایین داتا، عەزیز ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی “هەژماری من” دەڵێت، تائێستا 96 مووچەخۆر بانكی “تی بی ئای”ــان هەڵبژاردووە و پێشبینی دەكەن لە هەفتەی داهاتووەوە ژمارەكە زۆر زیاد بكات.