زووم…
حکومەتی عێراق داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لە کۆتایی ساڵی 2025دا ئەرکی نێردەی سیاسیی رێکخراوەکە لە عێراق کۆتایی پێبهێنێت کە ماوەی 20 ساڵە بەردەوامە چونکە چیتر بە پێویستی نازانێت، ئەوەش بەگوێرەی نامەیەک کە ئاژانسی فرانس پرێس دەستیکەوتووە.
لە نامەکەدا کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە “بەرەوپێشچوونە ئەرێنی و سەرکەوتنەکانی حکومەتەکانی عێراق” و هەروەها دەستکەوتەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناسراو بە (یونامی) لە عێراق باس کردووە کە لە ساڵی 2003ـەوە هەیە.
نامەکە باسی لەوەشکردووە کە “لەم دۆخەکە و دوای 20 ساڵ لە پەرەپێدانی دیموکراسی و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، چیتر هۆکارەکانی بوونی نێردەی سیاسیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق نەماون.”
بۆیە، وەک لە نامەکەدا هاتووە، داوای کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەکە دەکات لە 31ـی کانونی یەکەمی ساڵی 2025دا و تا ئەو کاتە یونامی دەتوانێت ئەرکەکانی تایبەت بە چاکسازی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا تەواو بکات.
ئەرکی یونامی پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراقە بەرەو پەرەپێدانی گفتوگۆ و دانوستانی سیاسیی گشتگر و ئاشتەواویی نیشتمانی و ئەنجامدانی هەڵبژادنەکان و چاکسازی ئەمنی.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی نوێکردنەوەی ئەرکی نێردەکە بکات کە کۆتایی ئەم مانگە وادەی ئەوەی ئێستا کۆتایی دێت، لە دواین نوێکردنەوەیدا لە ئایاری 2023، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد پێداچوونەوەی ستراتیجی بە نێردەکەدا بکات کە دیبلۆماتکاری ئەڵمانی ڤۆڵکەر پێرسیس سەرپەرشتی کرد.
پێرسیس لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، “بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکانی ئێستا کە تووشی ئاشتی و سەقامگیری عێراق هاتووە، ئەرکی سیاسیی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەگرتووەکان لە عێراق هێشتا گرنگ و پێویستە.”
دەشڵێت، ئەو دوو ساڵەی کە حکومەت دیاریکردووە بۆ کشانەوەی نێردەکە دەتوانین بڵێین کە ماوەیەکی باشە بۆئەوەی ئەو عێراقییانە دڵنیابکاتەوە کە دوودڵن لەوەی نەمانی نێردەکە نابێتە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق.