زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عێراق ئامادەیە بۆ داخستنى کەمپى هۆل
قاسم ئەعەرەجی، راوێژکارى ئاسایشی نیشتمانیى عێراق رایگەیاند، لە کۆی 60 وڵاتى جیهان 24 یان ئامادەییان دەربڕیوە بە وەرگرتنەوەى هاووڵاتییەکانیان لە کەمپى هۆل، کە خێزان و منداڵ و کەسوکارى چەکدارانى داعشەکانى تێدایە.
قاسم ئەعەرەجی نمونەى بە روسیا هێناوەتەوە کە 12 کچ و 20 کوڕیان وەرگرتووەتەوە، کە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ 17 ساڵیدا بووە.
دەڵێت، عێراق لە مانگى رابردودا بە رێکارێکى ئەمنى ورد 185 خێزانى لە کەمپى هۆل وەرگرتووەتەوە و لە کەمپەکانى جەدعە و گەیارە نیشتەجێی کردوون و بەرپرسانیش رایانگەیاندووە، ئەوان ئامادەى وەرگرتنەوەى تەواوى عێراقییەکانن لە کەمپەکە.
هاوکات وەعد قەدۆ، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، کەمپى هۆل بۆمبێکى مرۆیی بەهێزە هەڕەشە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەکە دەکات، ئەگەر هەموو وڵاتان هاووڵاتیانى خۆیان ببەنەوە لاى خۆیان گرفتەکە کەمدەبێتەوە و مەترسییەکەش کەمدەبێتەوە.
عەرەبی جەدید
بەشێک لە حزبەکان لەسەر پارەى حکومەتى عێراق دەژین
سەجاد سالم، ئەندامى لیژنەى دەستپاکی لە پەرلەمانى عێراق بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدى راگەیاند، ژمارەیەک حزب و لایەنى سیاسی عێراقى هەن کە لەسەر بودجە و پارەى دامەزراوە عێراقییەکان کارەکانیان دەکەن و درێژە بە تەمەنى خۆیان دەدەن، بەتایبەتى لە رێگەى گرێبەست و پشک و رێککەوتنە ژێربەژێرییەکانیانەوە.
راشیگەیاند، بەشێک لەو لایەنانە دەستیان هەیە لە گرێبەست و پشکى نەوت و سپیکردنەوە و بردنەدەرەوەى پارە بۆ دەرەوەى سنوورەکان و ئەوەش لە رێگەى ئەو دەسەڵاتەوە ئەنجامى دەدەن کە لەنێو حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیانە.
جەریدە
باوەڕی ئێران لەبەرامبەر چەکە ئەتۆمەکەیدا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت
لە دواى رەتدانەوەى رۆژنامەى جەریدە لە لایەن باڵیۆزخانەى کوەیتەوە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى هەواڵێک کە 80جەنراڵی سوپاى پاسداران لە رێگەى حسێن سەلامی، فەرماندەى گشتى سوپاى پاسدارانەوە بۆ رێبەرى وڵاتەکەیان بەرزکردووەتەوە و تێیدا داوایان لێکردووە پێداچوونەوە بەو فەتوایەیدا بکات کە لەماوەى پێشوودا گوتى، هەبوونى چەکى ئەتۆمی جگە لە ئامانجی مەدەنى و خزمەتگوزاری حەرام و رێگە پێنەدراوە.
سەرچاوەیەکى تایبەت لە تارانەوە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو لێدوانەى رێبەر وەرەقەى دەستى ئێرانییەکانى لەبەرامبەر گروسیدا سوتاندووە و لە ئێستاشدا ناکۆکی کەوتووەتە نێوان جەنراڵەکان و سیاسییەکانى ئێران لەو بارەیەوە و وەزارەتى دەرەوەش رەتیدەکاتەوە بیروباوەڕیان بەرامبەر چەکى ئەتۆم بگۆڕن و لێدوانەکەى کەمال خەرازی ناوەندگیرە، کە رایگەیاندووە ئەگەر ئیسرائیل ببێتە هەڕەشە لەسەر ئێران ئەوا ئێران مافى خۆیەتى ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمی.
دەستوور
وەزارەتى پەروەردە پلانى گەڕانەوە بۆ خوێندن دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە
وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند بەکۆی دەنگی ئەنجومەنى باڵاى وەزارەتەکەیان بڕیاریانداوە پلانى گەڕاندنەوە بۆ خوێندن لە ساڵی داهاتووەوە بخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەداوى ئەوەى وەک ئەزمون پارێزگاکانى موسڵ و میسان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرکەوتنى بەرچاوی بەدەستهێنا، وەزارەتى پەروەردە راشیگەیاند بۆ جێبەجێکردنى پرۆسەکە 1500 مامۆستاو توێژەری کۆمەڵایەتییان راهێناوە و وەک تیمى گەڕۆک رۆژانە سەردانى ئەو ماڵانە دەکەن کە منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردێنن و لە هۆکارەکانی دەکۆڵنەوە و بەگوێرەى پلانى خۆیان کارئاسانییان بۆ دەکەن کە بگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
لە تورکیا بەشداریی ژن لە کایەى کارکردندا کەم بووەتەوە
پرسی بیێکاری لە تورکیا یەک لە پرسە سەرەکییەکانە، زۆرترین رێژەى بێکاریی لەنێو ژناندا تۆمارکراوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى دەزگای ئامارى تورکیا، لە مانگی ئازارى 2024 ئامادەکراوە، رێژەى بێکاریی لەنێو ژناندا لەنێوان 12% بۆ 32.1% تۆمارکراوە.
لە باکوورى کوردستان و تورکیا چوار ملیۆن و 600 ژن بێکارن.
یەنی شەفاق
یاسای سیخوری لە تورکیا هەمواردەکرێتەوە
بەمزوانە نۆهەمین پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەى دادوەری لە پەرلەمان هەمواردەکرێتەوە و برگەى 339 هەمواردەکرێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەى یەنی شەفاق، هەر کەسێک بیانی بێت یان هاووڵاتی تورکیا بێت، لە بەرژەوەندی دەوڵەتێکی دیکە یان دامەزراوەیەکی ستراتیژیی بیانی کاربکات و بەدواداچون بکات و زانیارییان پێبدات، بە سزای سیخوری دادگایی دەکرێت، ئەو کەسانە سزاى بەندکردنى حەوت ساڵ دەیانگرێتەوە.
ئاکیت
100 ملیار لیرە لە خەرجی حکومەت کەمدەکرێتەوە
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا لە چوارچێوەی رێگری لە زیادەڕەوی خەرجی دامودەزگاکانى دەوڵەت رایگەیاند، رۆژى دووشەممە پاکێجێکى تایبەت بۆ کەمکردنەوەى خەرجی لە دامودەزگاکانى دەوڵەت رادەگەیەنێت.
شیمشەک ئاماژەی بەوەشکردووە بەو پاکێجە 100 ملیار لیرە لە خەرجی حکومەت کەمدەکرێتەوە.
راشیگەیاندووە ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ رێژەى هەڵاوسانیش کەم بکەینەوە.
میللییەت
چەکی بێ مۆڵەت لە زیادبوندایە
بەگوێرەى ئامارەکانی کوشتن، دەرکەوتووە 90%ـى ئەو کەسانەى بە چەک دەکوژرێت بە چەکی بێ مۆڵەت تەقەیان لێدەکرێت.
کەسوکاری کوژراوان داوادەکەن سزاکانی فرۆشتنی چەکی بێ مۆڵەت قورستر بکرێت و چاودێرى و رێکارى یاسایی بۆ ئەوانەی هەڵگری چەکن بگیرێتەبەر.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
دوای 30 ساڵ ژمارەی جیابوونەوەی هاوسەرەکان کەم بووەتەوە
رێکخراوی تۆماری مەدەنی ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی ناوەندی چاودێری دانیشتوانی وڵات، دوای سێ دەیە، ژمارەی حاڵەتەکانى جیابوونەوەى هاوسەرەکان لەو وڵاتە کەمی کردووە.
لە ماوەی یەک ساڵدا 200 هەزار حاڵەتی جیابوونە لە ئێران تۆمارکراوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشوو 3٪ کەمی کردووە، چونکە ساڵی پێشوو نزیکەی 207 هەزار حاڵەت هەبووە.
ئێستا رێژەی جیابوونەوە بەرامبەر بە هاوسەرگیری نزیکەی یەک لەسەر سێیە و ئەمساڵ نزیکەی 33٪ـی هاوسەرگیرییەکان لە ئەنجامدا جیابوونەوەیان لێکەوتووەتەوە!
گرنگترین هۆکاری جیابوونەوە، هەژاری و فشارە ئابوورییەکان و ئالوودەبوونە بە مادەی هۆشبەر.
ئەخباری سەنعەت
بناغەی هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی لەم دەوڵەتەدا دانرا
قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنی خولی 12ـی پەرلەمان و دەنگدانی ئەلیکترۆنی بەسەرکەوتوویی ئەزموون کرا.
لە کۆی 22 بازنەی هەڵبژاردن کە هەڵبژاردن ئەنجامدرا، لە هەشت بازنە واتە تاران و حەوت بازنەی دیکەی هەڵبژاردنەکان بەتەواوی بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو.
جیاوازی قۆناغی ئەمجارە لەگەڵ پێشتر، بە ئەلیکترۆنیکردنی بنکەکانی دەنگدان لەم ماوەیەدا بوو، کە نزیکەی هەشت بازنەی هەڵبژاردن بەتەواوی ئەلیکترۆنی بوون و زیاتر لە 60٪ـی نوێنەران لەخۆدەگرن.
جوملە
بێکاری لە شارەکان زیاترە لە گوندەکان
لە ناوچە شارییەکانی ئێران رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 9% بەڵام رێژەی بێکاری لە ناوچە گوندنشینەکان 7%ـە.
بەراوردکردنی رێژەی بێکاری شار و گوندەکانی سەرتاسەری ئێران دەریدەخات دیاردەی بێکاری لە ناوچە شارییەکان ئاستێکی بەرزتری هەیە بە بەراورد بە ناوچە گوندنشینەکان و دانیشتووانی شاری کرماشان زۆرترین رێژەی بێکارییان هەیە کە 18٪ـیە و دووهێندەی گشتیی ئێرانە.
لە زۆرێک لە پارێزگاکانی ئێران رێژەی بێکاری لە ناوچە شارییەکان بەراورد بە ناوچە گوندنشینەکان 5٪ بەرزترە.
کار و کارگەر
بارگرانی ژیانی 3.5 کەس لەسەر شانی هەر کرێکارێکی ئێرانی.
ناوەندی ئامار بڵاوی کردوەتەوە کە هەر ئێرانییەکی دامەزراو، جگە لە بژێوی ژیانی خۆی، باری دابینکردنی خەرجی ژیانی 3.5 کەسی دیکەی لە ئەستۆ گرتووە. بەراوردکردنی ئەم ژمارەیە لەگەڵ 188 وڵاتی دیکەی جیهان، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئێران لەو رووەوە پێگەیەکی قبوڵکراوی نەبووە و لە پلەی 176ی جیهاندا بووە.
لە جیهاندا هەر کەسێکی کرێکار، جگە لە خەرجییەکانی ژیانی، بژێوی ژیانی 0.73 کەسی دیکەی دابین کردووە، واتە سێ هێندە کەمتر لە ئێران.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی ئێکسپرێس
روانینێکی گەشبینانە هەیە و بەریتانیا دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئابوورییە بەهێزەکەی
جێرێمی هەنت، راوێژکارێکی گەنجینەى بەریتانیا، گەشبینە و بە بەریتانییەکان دەڵێت، “ئومێدمان هەبێت بەمزوانە ئەوە دەبینن، کە هەمووتان گیرفانتان دەبوژێتەوە و خۆشتان جیاوازییەکان دەبینن، چونکە ئابووریی بەریتانیا رووی لە بوژانەوە کردووە”.
ئەو دەڵێت، ئەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن زۆر باشتر دەبن لە دوو ساڵی رابردوو.
واشنتن پۆست
تەکنەلۆژیای سەروودەنگ بۆ چارەسەری خووگرتن بە مادە هۆشبەرەکان بەکاردێت
مانشێتی ئەمڕۆی واشنتن پۆست بە وێنەیەک دەستیپێکردووە، تێیدا ژنێک دەبینین کڵاوێکی چارەسەری پزیشکی لەسەردایە، کۆمەڵێک ئامێری هەستەوەری پێوە بەستراوەتەوە، ئەم ئامێرانە گەیەندراون بە دەزگایەک لە رێگای ئەو دەزگایەوە هەست دەکرێت ئەم ژنە چەند حەزی لەو مادە هۆشبەرەیە کە ژیانی تێکداوە و بۆ ماوەیەکى زۆر چەندین جۆری کۆکاین، هیرۆین و حەبی ئازارشکێنی بۆ بێهۆشکردنی خۆی بەکارهێناوە.
هەر لەم کاتەدا کۆمەڵێک زانای بواری پزیشکی لە ژورێکی بچوکدا کۆمەڵێک تیشک ئاراستەی چەند شوێنێکی دیاریکراوی نێو مێشکی دەکەن، ئەوان ئومێدیان هەیە ئەو تیشکانە، کە لە جۆری سەروودەنگین کێشەی خووگرتنەکەی چارەسەربکەن.
فاینەنشیەڵ تایمز
سوناک گەشبینە کاریگەریی قەیرانە ئابوورییەکە کەم دەبێتەوە
چارەکی یەکەمی ئەمساڵ رێژەی 0،6٪ گەشەی ئابووری تۆمارکراوە، ئەم رێژە تۆمارکراوەی بەریتانیا لە رێژەی ئەوروپا و ئەمریکا بەرزترە، بەڵام رەخنەگرانیش لە بەهای رێژەکە کەم دەکەنەوە.
گەشەی ئابووریی بەریتانیا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە رێژەی تۆمارکراوی ئەوروپا و ئەمریکا بەرزتربووە. ئەم گەشەکردنە زیاتر لە بوارە تەکنەلۆژییەکاندا بووە و ئومێدی ریشی سوناکی، سەرۆکوەزیرانى بەرزکردووەتەوە، کە وەک خاڵێکی ئەرێنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە قازانجی خۆی و حزبەکەی بشکێتەوە.
پیشەسازیی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لەنێو بەریتانیا کاریگەریی سەرەکیی هەبووە لەسەر ئەم بەرزبونەوەیە.
دەیلی تەلەگراف
نزیکەی نیوەی دۆسیەکانى تووشبوون بە شێرپەنجە پەیوەندییان بە قەڵەویەوە هەیە
توێژینەوەیەکی نوێ بڵاوکراوەتەوە، جەختدەکاتەوە، نیوەی کێشەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە پەیوەندییان بە گرفتەکانی قەڵەوییەوە هەیە.
توێژەران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکە دەیان ساڵ چاودێری نزیکەی چوار ملیۆن کەسیان کردووە، لەو چاودێرکردن و کۆکردنەوەی زانیارییەدا بۆیان دەرکەوتووە هۆکاری تووشبوون بە 20 جۆری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە قەڵەوییەوە هەیە.