رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
نرخی دۆندرمە نرخی گۆشتى تێپەڕاندووە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى وەزری گەرما و زۆربوونى خواست لەسەر دۆندرمە، هاوکات کاریگەرییەکانى بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان وایکردووە نرخی کیلۆیەک دۆندرمە بگاتە 750 لیرەى تورکی کە دەکاتە نزیکەى 24 دۆلارى ئەمریکی. لەکاتێکدا کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە بە 650 لیرەیە واتە 21 دۆلار.
بەرزبوونەوەى نرخی دۆندرمە بە رێژەى سەدا سەدە، نرخی تۆپێک دۆندرمە لە مادۆ گەیشتۆتە 60 لیرە واتە دوو دۆلار. نرخی سێ تۆپ دۆندرمە دەکاتە 180 لیرە واتە شەش دۆلار، بەم نرخە گرانە میللەت چۆن بتوانێت دۆندرمە بخوات.
نرخی کیلۆیەک دۆندرمەى سادە هەرزانترینیان لە 750 لیرەوە دەستپێدەکات واتە لە نرخی گۆشت گرانترە.
قەرار
دیموکراسی لە تورکیا پاشەکشەى کردووە
رێکخراوی رێککەوتنى دیموکراسی کە بارەگاکەى لە کۆپنهاگن –دانیمارکە، راپۆرتی ساڵانەى خۆى بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکە لە کۆى 53 وڵات، تورکیا بە پلەى 47 مین وڵات هاتووە.
رێکخراوەکە راپرسییەکى سەبارەت بە دیموکراسی لە تورکیا ئەنجامداوە، بەگوێرەى ئەنجامەکانى راپرسییەکە لە پێنج کەس، سێ کەسیان پێیان وابووە دیموکراسی لە تورکیا بوونى نییە.
ئەو وڵاتانەى لەڕووی دیموکراسییەوە لەدوای تورکیاوەن بریتین لە: ئێران، ئیندۆنیزیا، مەجەریستان، یۆنان، پێرو، فەنزوێلا.
میللییەت
سەردەمێکى نوێ بۆ جەهەپە دەستپێدەکات
ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند: بردنەوەى شارەوانییەکان لە هەڵبژاردنى 31ی ئازار، بۆ ئەوە نییە کە پرۆژە و وەبەرهێنانی بازرگانی بۆ دەستکەوتی شەخسی بێت، ئامانجی ئێمە دانانى کەسی شیاوە بۆ کارکردن و خزمەتکردن، ئەوانەشی لەسەر حسابی کەسی دیکە لەسەر کار وەرگیراون دوورخرانەوە، لە شارەوانییەکانى بورسە، بەڵکئێسیر، ئەدەنە ئەو سیاسەتەمان پەیڕەو کرد.
یەنى شەفاق
ئۆپەراسیۆنى سەربازیی بۆ سەر پەکەکە بەردەوام دەبێت
لەماوەى چوار مانگی رابردوودا ئۆپەراسیۆنى سەربازیی بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ سەر بارەگاکانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان و رۆژاڤای کوردستان هەیە، لەو ماوەیەدا 953 ئەندامى پەکەکە لە چالاکی خراون.
لەماوەى هەفتەیەکدا 355 کەس لەسەر سنوورەکان دەستگیرکراون ویستویانە بە نایاسایی بێنەناو خاکی تورکیاوە، لەماوەى ئەمساڵدا هەروەها رێگریی لە 1582 کەسی دیکەش کراوە لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە نایاسایی سنوور ببەزێنن.
بەشێوەیەکی بەردەوام 60 هەزار سەرباز سنوورەکان دەپارێزن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
خراپترین کۆکەی وشک لە چل ساڵی رابردوودا تۆمارکرا
بەهۆی ئەم پەتایەوە پێنج منداڵ مردوون و شارەزایانیش دەڵێن هۆکارەکەی بریتییە لە خراپیی ڤاکسین و چارەسەرەکان.
ئەمساڵ هەتا ئێستا سێ هەزار کەیسی تووشبوون بەم نەخۆشییە تۆمارکراون، ژمارەی ئەم حاڵەتانەی ئەم پێنج مانگە سێ هێندەی تەواوی ئەو حاڵەتانەیە، کە لە تەواوی ساڵی 2023ـدا تۆمارکرابوون. هەموو ئەو منداڵانە لە نێوانی مانگەکانی کانوونی دووەم بۆ ئازاری ئەمساڵدا تووشی پەتابوون تەمەنیان لە خواری سێ مانگەوە بووە.
تایمز
پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئینگلتەرە ئومێد بە خەڵک دەدات کە کرێ خانوو داببەزێنێت
کرێچییەکانی ناو بەریتانیا دوێنێ هەواڵێکیان بیست، کە ساڵانێک بوو چاوەڕێیان دەکرد، هەواڵەکەش لە پارێزگاری بانکی ناوەندییەوە راگەیەندرا، کە دەڵێت لە مانگی داهاتووەوە سوودی سەر کرێخانوو هەڵدەگیردرێت و ئەمەش وادەکات، بەشێوەیەک نرخی کرێخانوو داببەزیت، کە لە چوار ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە نەبووبێت. ئەندرێ بەیلی، پارێزگاری بانکی ناوەندی گووتی ئەو رێژەی دابەزینە هێندە باش دەبێت، کە وەبەرهێنەرانیش نەیانتوانیبێت بیری لێ بکەنەوە.
دەیلی تەلەگراف
ستارمەر دەیەوێت بە یاسای تیرۆر مامەڵە لەگەڵە ئەو کەسانەدا بکات کە بە بەلەمە بچوووکەکان دەپەڕنەوە ناو بەریتانیا
سێر کەیر ستارمەر سەرکردەی پارتی کرێکاران ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەمڕۆ پێشنیاری ئەوەبکات یاسای تیرۆر بەکاربهێنێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی بەلەمە بچووکەکان و هاریکاریییەکی نوێیش لەگەڵ ئەوروپادا دەست پێبکەن. ناوبراو نیازی وایە ئەمڕۆ پێشنیاری بەرنامەیەک بکات، کە لەڕێگای ئەوە بەرنامەیەوە پرۆسەی ناردن بۆ رواندا پەک بخات و هەوڵ بدات لەسەر سنوری بەریتانیا کێشەکان بە پارە چارەسەر بکات. بەپێی ئەو رێوشوێنە نوێیانەی دەیەوێت پێشنیازی بکات، لەسەر سنوورەکان ئیتر هەموو قاچاخچییەکان وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
واشنتن پۆست
لە رەفەح قەیرانی تەندروستی دروستبووە و ژمارەی بریندار و سووتاو و نەخۆشییە بڵاوەکان زۆر بوون.
پەلامارەکانی ئیسرائیل کێشەی ناو ئەو نەخۆشخانانەیان قووڵتر کردۆتەوە، کە پێش پەلامارەکانیش خۆیان قەیرانیان هەبوو. تۆڕی تەندروستیی لەرزۆک بووی ناو رەفەح خەریکە بە تەواوی دەکەوێت، لەکاتێکدا کە خەڵک ئێستا لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە. دوو رۆژ پێش ئێستا گەورەترین نەخۆشخانەی ناو شارەکە داخرا. چونکە ئیسرائیل سەدهەزار کەسی لە دانیشتووانی فەلەستینیی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی غەزەی ناچارکرد شوێنەکانی خۆیان چۆڵ بکەن. بەوبۆنەیەوە چەندان نۆرینگە و بنکەی تەندروستییش داخران، لەبەرئەوەی بەهۆی هەڵکشانی مەترسییەکانەوە، خەڵک شوێنەکانی خۆیانیان چۆڵکردووە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
ئاژانسی وزەى ئەتۆم: ئێران لەوادەى دیاریکراوی خۆی زیاتر هەنگاودەنێت
دوای سەردانە دوو ڕۆژییەکەى رافائێل گرۆسی، بەرێوەبەری گشتى ئاژانسی وزەى ئەتۆم، ئێران لەسەر هەڵوێستە ئەتۆمییەکانى هەنگاوى زیاتردەنێت و راشیدەگەیەنێت ئامادە نییە لەگەل گەورە بەرپرسانى تاران گفتوگۆبکات و داوکاریشە لەماوەى یەک مانگدا ئاکامب بەرچاو بەدیبێت لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی ئێرانیش لەزاری کەمال خەرازی، سەرۆکى لیژنەى ستراتیژی باڵای پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئێران بڵاویکردووەتەوە، دوای بڕیارەکەى ئاژانسی جیهانى وزەى ئەتۆم، ئیران هیچ هەنگاوێکى بۆ دروستکردنى یۆمبی ئەتۆم نەناوە.
قودسی عەرەبی
ئیسرائیل تەحەدای بایدن دەکات: چەکی پێویستمان لەبەردەستە بۆ لەشکرکێشی رەفەح
وەک رووبەرووبوونەوەى جۆ بایدنی سەرۆکى ئەمریکا، کە بڕیاریدابوو ناردنى چەک و پێداویستى بۆ ئیسرائیل رابگرێت، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوزیرانى ئیسرائیل، دەڵێت ئیسرائیل چەک و پێداویستى تەواوى لەبەردەستە و بە تەنها و بێ هاوکاری هیچ لایەنێکى دیکە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانى لەشکرکێشی بۆ سەر رەفەح “ئەگەر پێویست بکات”.
ئەو قسانەى نەتانیاهۆ وەک بیرهێنانەوەیەک بوو کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەمریکا بریاری راگرتنى هاوکارییە سەربازییەکانى بۆ ئسرائیل راگرت، لەبەر مەترسی لەشکرکێشی بۆ سەر رەفەح و ئەنجامدانى کوشتار لەو شارە.
عەرەبی جەدید
کوشتارییەکانى باکووری دارفۆر هەڵدەکشێت و فاشر بەرەو خراپتر هەنگاودەنێت
هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا زیاتر تۆمەتبار دەکرێت بە شەڕوکوشتار لە سودان و ئەو مەترسییەش بەرەو زیاتردەچێت ئەگەر ئەو میلیشا چەکدارییانە شاری فاشر-ی پایتەختى باکووری سودان کۆنترۆڵ بکەن.
ئەو شارە تەنها شارە کە لەژێر دەسەڵاتى سوپای سودانى و هاوپەیمانەکانى ماەتەوە و هۆشداری دەدرێت ئەگەر هێزەکانى بەرپەرچدانەوەى خێرا ئەو شارەبگرن، پیکدادانى سەخت روودەدات و ئەگەری خوێنڕێژییەکى زۆری لێدەکرێت.
عەرەب
لە نێو زانکۆکانى بەریتانیا مەترسی رووبەڕووبوونەوەی خوێندکارانى ئیسلامی و جوو هەیە
ریشی سوناک، سەرۆکوزیرانى بەریتانیا دوابەدوای ئەو دیدارەى لەگەڵ بەشێک لە سەرۆکی زانکۆکانى ئەو وڵاتە ئەنجامیدایوو، ئاشکرایکرد مەترسی رووبەڕووبوونەوەی نێوان خویندکارە موسوڵمانەکان و جووەکان هەیە و ئەوەش پێکەوە ژیانى ئاشتیانە لەنێوان کۆمەڵ و ئاینە جیاوازەکان دەخاتە ژێر پرسیار و ئەو ئەزموونە تێکدەدات کە پێشتر لە وڵاتەکە هەبووە.
سوناک داوای لە پاراستنى گیانى خوێندکارە جووەکانیشی کرد و باسی لەوەش کرد کە لەلایەن کەمینەیەکی ناڕازییەوە خەریکە کێشەو ئاستەنگ و دژەجوو دروستدەبێت.