رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
سوپاى پاسداران هەڕەشەى داخستنى رۆژهەڵاتى دەریاى سپی ناوەڕاست دەکات
غولام حسێن سەلامی، فەرماندەى گشتیى سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، بەرەکانی رووبەڕووبوونەوە فراوانتر دەکەن و بەرى رۆژهەڵاتى دەریاى سپی ناوەڕاست دادەخەن.
سەرەڕای ئەوەى ئیسرائیل لەبارەى هێرشەکەى مانگى رابردووى ئێرانەوە رایگەیاندبوو، کە 99%ـى هێرشەکەیان تێکشکاندووە، بەڵام سەلامى جەختى کردەوە هێرشەکەیان سەرکەوتوو بووە و ئامانجەکانى خۆی پێکاوە، فەرماندەکەى سوپا جارێکى دیکەش هێرشى کردەوە سەر بوون و مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە لایەکى دیکەوە محەمەد رەزا نەقدی سەرکردە لە فەیلەقى قودس رایگەیاندووە، “ئەگەر ئیسرائیل لە سەرکارە دوژمنکارانەکانى بەردەوامبێت، دەریاى سپی ناوەڕاست و تەنگەى جەبەل تارق دادەخەن”.
سەباح
کۆمپانیا بیانییەکانى بوارى نەوت لە بەسرە پێچەوانەى یاسا کاردەکەن
ئەحمەد تەها روبەیعی، سەرۆکی فراکسیۆنى نەهجی نیشتمانى و ئەندامى لیژنەى دەستپاکی لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، ئەوەى کۆمپانیا بیانییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانى بەسرە دەیکەن پێچەوانەى یاسایە و رێگەپێدانى دەستەى تەندروستى و سەلامەتى و ژینگەییان نییە، بەڵام بۆ کرێکارە عێراقییەکان ئەو رێگەپێدانە بەتوندى پەیڕەو دەکەن.
ئەوە لەکاتێکدا لەڕووى کات و داراییەوە زۆریان لەسەر دەکەوێت و بۆ کرێکار و فەرمانبەرەکانى خۆیان چاوپۆشى لێدەکەن، لە لایەکى دیکەوە کارە سادە و کەمداهات و رۆتینییەکان دەدەن بە کرێکارو ئەندازیارە عێراقییەکان و کارە پڕداهات و گرنگەکانیش دەدەن بە کرێکارە بیانییەکان و ئەوەش پێچەوانەى یاسایە.
عەرەب
بافڵ تاڵەبانى لەکاتێکدا سەردانى واشنتن دەکات کە تورکیا هەڕەشە لە سلێمانى دەکات
نووسینگەى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکی یەکێتى نیشتمانى کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژى سێشەممە بافڵ تاڵەبانى، لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکا کۆبووەتەوە، لەنێویاندا بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوە و ئەندامانى کۆنگرێس.
رۆژنامەى عەرەب نووسیویەتى سەردانەکەى تاڵەبانى لە کاتێکدایە پێشتر مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بوو و سەرۆکى هەرێمی کوردستانیش لە تارانە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، سەردانەکەى بافڵ تاڵەبانى لەکاتێکدایە ناوچەکەى لەژێر فشارى تورکیادایە کە هاوپەیمانى پارتى دیموکراتى کوردستانە و لە سەر ئاستى ناوخۆیش لە ململانێى سەختدان، نووسیویەتى، پاساوى تورکیا بۆ گوشارەکانى سەر سلێمانى ئەوەیە پارتى کرێکارانى کوردستان لەناوچەى سلێمانیدا چالاکن و پارتەکەى تاڵەبانیش هاوکاریانە و کارئاسانییان بۆ دەکات.
دەستوور
عێراق پێنجەم وڵاتى هاوردەکردنى برنجە
لیژنەى توێژینەوەکانى وەزارەتى کشتوکاڵی ئەمریکا ئاشکراى کرد، عێراق لە ریزبەندى وڵاتانى دنیادا بۆ هاوردەکردنى برنج لە پلەى پێنجەمدایە.
لە راپۆتەکەدا هاتووە فلیپین یەکەم وڵاتى هاوردەکاری برنجە و 8%ـى برنجی جیهان هاوردەى وڵاتەکەى دەکات، بەدوایدا ئیندۆنیزیا لە ریزبەندى دووەم و پاشان وڵاتى ڤێتنام دێت و لە ریزبەندى چوارەمیشدا یەکێتى ئەوروپا و لە ریزبەندى پێنجەمیشدا عێراق دێت، کە زۆرترین برنج هاوردە دەکەن و بەمەش عێراق پێشى چین و عەرەبستانى سعودیی کەوتووە.
لە رۆژنامەکەدا هاتووە، هەناردە کارانى برنج بە پلەى یەکەم لە وڵاتى هیندستان دێت، کە 40%ـى برنجی هەموو جیهان دابیندەکات و بەدواى ئەویشدا تایلەند و پاشان پاکستان دێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
سەرۆکى جەهەپە سەردانى باخچەلى دەکات
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە سەردانى دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی کرد. سەردانەکە لەپاش حەت ساڵ لەنێوان ئەم دوو پارتە ئۆپۆزسیۆنە هاتەئاراوە و ماوەى 45 خولەکى خایاند.
ئۆزگور ئۆزال لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە قەیرانى ئابوورى و پرسی بێکاریی و کەمی موچەی خانەنشینان کردووە.
ئۆزال گوتوویەتى، پێویستە پرۆسەى سیاسیی لە تورکیا ئاسایی ببێتەوە.
تورکیا
تورکیا و کوەیت رێککەوتنى نوێی بازرگانی واژۆ دەکەن
لە سەردانەکەى ئەمیر شیخ سەباح، ئەمیری کوەیت بۆ ئەنقەرە، لەنێوان تورکیا و کوەیت رێککەوتنێکی بازرگانی شەش خاڵى واژۆ کرا. بەهاى ئەم رێککەوتنە پێنج ملیار دۆلارە.
تورکیا لە بوارى بەرگرییدا پەیوەندییەکانى لەگەڵ کوەیت پێشدەخات، هاوکات لە پڕۆژەى هێڵی گەشەپێداندا هەماهەنگی لەگەڵ کوەیتدا هەیە.
سۆزجو
تاوەکو کۆتایی ساڵ هەڵاوسان لە تورکیا 36% تێدەپەڕێنێت
چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رێژەى هەڵاوسان بگاتە سەدا 96. لەکاتێکدا دەزگاى ئامارى تورکیا رایگەیاندووە رێژەى هەڵاوسان بۆ ئەمساڵ گەیشتۆتە سەدا 69.8
بانکى ناوەندى پێشبینی کردووە هەڵاوسان بگاتە 75% و پسپۆڕان دەڵێن، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رێژەکە لەوە زیاتر دەبێت.
جمهورییەت
نرخی خواردن لە زانکۆکان زیادکرا
لە زانکۆکانى حەجیتەپە، ئۆدتو ولە تەواوى زانکۆکانى ئەنقەرە نرخی خواردن لەسەر خوێندکاران زیادکرا.
خوێندکاران لە بەرزبوونەوەى نرخەکە نیگەرانن. زیادکردنەکە لە خواردنگەکانى زانکۆکان بە هۆکارى بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان و گرانبوونى خواردن هاتووەتە ئاراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
1683 شار و گوندی پارێزگای کوردستان ‘سنە’ سوودمەندن لە غازی سروشتی
ئەحمەد فیعلەگەری، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای غازی پارێزگای کوردستان گوتی، بە پرۆژەی نوێی گەیاندنی غاز بە خەڵکی پارێزگای کوردستان، ئێستا هەزار و 650 گوند و 33 شار غازی سروشتیان پێگەیشتووە.
تۆڕی غاز لەم پارێزگایە 13 هەزار و 264 کیلۆمەترە و زۆرینەی پرۆژەی بۆری غاز لە گوندەکانی سنە جێبەجێ کراون.
لە کەرتی پیشەسازییەکاندا پێشکەوتنی گەیاندنی غازی سێ هێندە لە ساڵێکدا تۆمارکراوە و ئێستاش دابینکردنی غاز بۆ 40 یەکەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی لە پارێزگی کوردستان لە بەرنامەی کاردایە.
ئەو بەرپرسە گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی دیاریکراوی پارێزگای کوردستان لەسەر ئاستی ئێران، حکومەت بەنیازە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکات لەپێناو خەڵکی ئەم پارێزگایە.
کیمیای وەتەن
هاوردەی ئێران لە عێراقەوە نزیکەی سێ هێندە زیاد بووە
بەگوێرەی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی ئێران، هاوردەکردنی ئێران لە عێراقەوە نزیکەی 580 ملیۆن دۆلار بووە لە ساڵی رابردوودا، کە ئەمەش نیشانەی زیادبوونی نزیکەی سێ هێندەیه لە چاو ساڵی پێشتریدا کە 260 ملیۆن دۆلار بووە.
فەرزاد پیلتەن رایگەیاند، عێراق گرنگترین بازاڕی هەناردەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەگەڵ ئەم وڵاتە بۆ ئەو کاڵایانە کە لەم وڵاتە دروست دەکرێن بازرگانیمان هەیە، بۆیە ئامانجمان هاوسەنگکردنی هەناردەکردنە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ ئەوەی ئەو کاڵایانەی لە عێراق بەرهەمدەهێنرێن بچنە نێو وڵاتەکەمانەوە.
ئەو دەڵێت، کێشەی کوالیتی و نرخ و گواستنەوەی یەکلایەنەی کەلوپەل یەکێکە لە ئاستەنگەکانی هەناردەکردن بۆ عێراق، وڵاتەکەمان لەدوای چین و تورکیا سێیەم وڵاتی دابینکەری کاڵا بۆ عێراقە.
کەیهان
ئێران لە بەرهەمهێنانی رووەکی دەرمانی و پزیشکیی نەریتیدا لە پلەی چوارەمی جیهاندایە
محەمەد رەزا شەمس، سکرتێری پەرەپێدانی زانستی رووەکی دەرمانی و پزیشکی نەریتی ئێران رایگەیاند، ئێران پلەی چوارەمی جیهانی لە بواری بەرهەمهێنانی رووەکی دەرمانی و دەرمانی نەریتی بەدەستهێناوە.
ئەو دەڵێت، پێگەیەکی باش و پلەیەکی قبوڵکراوی نێودەوڵەتیمان لە بواری رووەکی دەرمانی لە روانگەی زانستی و کردارییەوە بەدەستهێناوە. دوای دامەزراندنی قوتابخانەی پزیشکی نەریتی لە ساڵی 2003، بە سەرکەوتنێکی زۆر باش و خێراکردنێکی باش لە بواری بەرهەمهێنانی زانستدا خۆمان لە جیهاندا نیشان دا و توانیمان پلەی چوارەم لە جیهاندا بەدەست بهێنین.
شەمس ئەردەکانی گوتیشی ئێران هەوڵێکی جددی و ئیرادەی هەیە بۆ ئەوەی نازناوێکی گرنگی هەبێت لە بواری پزیشکی نەریتی و رووەکی دەرمانی لە جیهاندا، کۆمپانیای باشمان هەیە کە لە بواری بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردن و دەرهێناندا کاردەکەن و حکومەتیش پاڵپشتییان دەکات.
مەردوم سالاری
ئینتەرنێت لە پاکستان و ئەفغانستان و عێراق زۆر باشترە لە ئێران
پەرلەمانتارێکى ئێران رەخنە لە وەزیری پەیوەندییەکان دەگرێت، سەبارەت بە فرۆشتنی فلتەرشکێنەکان و دەڵێت، یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکانمان ئەوەیە کێ خاوەنی فلتەرشکێنەکانە و کێ سوودمەندە لە فرۆشتنیان؟ پێویستە بۆ هەمووان روون بکرێتەوە.
محەمەد بونابی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئابووریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، بە فرۆشتنی فلتەرشکێنەکان، لە راستیدا خەڵکمان فێرکردووە کە دەتوانن یاساشکێنی بکەن، حکومەت تۆڕە کۆمەڵایەتیە بیانییەکانیانی فلتەر کردووە لە کاتێکدا 90٪ی خەڵک بە فلتەر شکێنەکان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بەکاردەهێنن.
سەبارەت بە کوالێتى ئینتەرنێت ئەو گوتی، لە ئێران لەبەرئەوەی ژێرخانی کلتووریمان بەهێز نەکردووە، رەوتێک هەیە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت و خێراییەکەی دەدات، ئەم رەوتە لە ئێستادا لە حکومەت و پەرلەماندا هەیە لەبەر ئەوەی دەیانهەوێت خەڵک موسڵمان بهێڵنەوە، ئەو سنووردارکردنانە جێبەجێ دەکەن، ئێمە هۆشداریمان داوە و ئاگاداری وەزیری پەیوەندییەکان دەکەین، بەتایبەتی لە پەرلەمانی ئەم خولەدا یەکەم پرسیارمان بۆ وەزیری پەیوەندییەکان سەبارەت بە پلانەکانی دەبێت بۆ خێرایی ئینتەرنێتی وڵات، چونکە دۆخی ئینتەرنێت لە وڵاتانی وەک عێراق و ئەفغانستان و پاکستان زۆر باشترە لە ئێران.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
لە پاش 193 ساڵی کارکردن، بۆیەکەمجار یانەی دادوەرانی گاڕیک بوار دەدات ژنان ببن بە ئەندام
رێکخراوی دادوەرانی گاڕیک کە بنکەکەیان لە شاری لەندەنە، لە پاش 193 ساڵ لە دامەزراندنییەوە بۆ یەکەمجار بواردەدات دادوەرانی ژن وەک ئەندام وەربگیردرێن و دەرگای بۆ کردنەوە.
پرۆژەی ئەم باسە کە ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی گەرمی لەسەر دەکرێت خرایە دەنگدانەوە، بە رێژەی 60% دەنگدان تێپەڕێندرا.
چەند سەد ئەندامێکی کۆنگرە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر قسەیان لەسەر ئەم بابەتە کرد و ئیدى بڕیاردرا دادوەرانی ژنیش وەک ئەندام وەربگرن.
دەیلی تەلەگراف
لەمەودوا بۆ بەکارهێنانى ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت ناسنامەکانیان پیشان بدەن
لەمەودوا منداڵانی خوار تەمەنی 13 ساڵ رێگەیان پێنادرێت ماڵپەڕەکانی سۆشیال میدیا بەکاربهێنن.
بەگوێرەى پلانێکی نوێ کە بۆ سەیرکردنی تەمەنی بەکارهێنەران دانراوە، کار لەسەر ئەوە دەکرێت رێگە نەدرێت ئەو منداڵانەی تەمەنیان کەمە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن.
رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە توند دەبن، دەبێت پێش بەکارهێنان منداڵان ناسنامە یان پاسپۆرتی خۆیان ئاشکرا بکەن، بۆئەوەی بزانرێت تەمەنیان شیاوە بۆ بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە یان نا. ئەمە هەنگاوێکە بۆ پاراستنی منداڵان، کە تووشی گێچەڵ پێکردن نەبن.
واشنتن پۆست
چەند پلانێک هەن بۆ بەهێزکردنی باسکی ئەمریکا لە شەڕی جیهانیی ئابووریدا
راوێژکارە ئابوورییەکانی ترەمپ باس لە داڕشتنەوەی چەند یاسایەکی ئابووریی نوێ دەکەن، بۆئەوەی پێناسەیەکی گومرگیی جیهانیی نوێ بخەنە سەرپێ بۆ کارپێکردن.
ئەم راوێژکارانە دەیانەوێت چەند بەهانەیەکی نوێ بدۆزنەوە بۆ سەپاندنی چەند باجێکی گومرگیی نوێ بەسەر هەموو بابەتێکی هاوردەکراودا بۆ نێو ئەمریکا. ترەمپ چەندجارێک لە بانگەشەکانی خۆیدا باسی لەوە کردووە، باجێک دەخاتە سەر هەموو ئەو بابەتانەی دەبرێنە نێو ئەمریکاوە، کە رێژەکەی 10% کەمتر نەبێت.
گەڵف نیوز
رێژەی 75%ـی کارمەندانی فڕۆکەخانەکانی دوبەی ژنن
کاتێک دادوەرە ژنە داهێنەرەکەی ئیمارات دکتۆرە مونا عەبدولی بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری یاسای تایبەتی فڕۆکەوانیی نێودەوڵەتییدا بەدەستهێنا، لە کاتی گفتوگۆکردنەکەیدا بە وردی باسی لە ئاڵنگارییەکان و کێشەکانی بوارەکە کرد. پاش بەدەستهێنانی بڕوانامەکەشی ئەم خاتوونە بوو بە بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی دوبەی، کە یەکێکە لە قەرەباڵەغترین وێستگەکانی جیهان، کاریگەریی ئەو ژنە وایکردووە لە ئێستادا رێژەی %75 ی کارمەندانی فڕۆکەکانی ناو دوبەی لە ژنان بن.