زووم، سلێمانی:
بڕیارە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 19ی تشرینی دووەمی 2022، تەرمی ئەو 15 کەسە بەخاکبسپێردرێن، کە لە تەقینەوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانیدا گیانیان لەدەستدابوو.
تەرمی 15 قوربانییەکە لە گۆڕستانی کەڵکن لە نزیک هەواری شار بەخاکدەسپێردرێن، ژینەر ستار زوومی سلێمانی دەڵێت، لە دوێنێ ئێوارەوە سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواوکراون، لەسەر داوای کەسوکاریان تەرمی سەرجەم قوربانییەکان بە تەنیشت یەکدییەوە دەنێژرێن.
ئەو 15 کەسە لە تەقینەوەکەی ئێوارەی پێنجشەممەدا گیانیان لەدەستدا، کاتێک بەهۆی لێچوونی غازەوە خانوویەک لە گەڕەکی کازیوەی دووی شاری سلێمانی بە تەواوی رووخا. لەگەڵیشیدا 12 کەسی دیکە برینداربوون.
قوربانیانی رووداوەکە کەسوکار و خزمی نزیکی یەکدی بوون، بەبۆنەی ئاهەنگی لەدایکبوونی یەکێک لە منداڵەکانیان کۆببوونەوە.
بە گوتەی بەرگریی شارستانی، ئەوکاتەی تەقینەوەکە روویداوە، وەستایەکی شۆڤاژ (کە کوردی رۆژهەڵات و ناسیاوی ماڵەکە بووە) سەرقاڵی چاککردنی سیستەمی غازی ماڵەکە بووە، لەناکاو تەقینەوەکە روویداوە. وەستای شۆڤاژەکە گیانی لەدەستداوە و هاوسەرەکەیشی بریندارە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت.
تیمەکانی بەرگری و فریاکەوتن نزیکەی 18 کاتژمێر سەرقاڵی دەرهێنانەوەی تەرمی ئەو کەسانە بوون، کە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکەدا بەجێمابوون.
تەقینەوەکە کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، هەم لەسەر ئاستی جەماوەری و هەم لەسەر ئاستی سیاسی.
خەڵکێکی زۆری شاری سلێمانی بە درێژایی کارکردنی تیمەکانی فریاکەوتن، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکەیان دەکرد، ئەو شۆفڵ و حەفارانەی بەدوای بێسەروشوێنەکاندا دەگەڕان، خۆبەخشانە چەندین کاتژمێر لەکاردا بوون.
یەکێک لە قوربانییەکان مامۆستا بووە لە یەکێک لە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شاری سلێمانی، لەنێو منداڵەکانیشدا بەشێکیان قوتابی قۆناغی بنەڕەتی بوون. هەربۆیە ئەمڕۆ بە بڕیاری ئالان حەمەس سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و بەر لە دەستپێکردنی وانەی یەکەم، “خولەکێک دەوەستن بۆ رۆحی پاکی قوربانییانی کارەساتەکەی سلێمانی”.
سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسییەکان، پەیامی هاوخەمییان بۆ قوربانییانی رووداوەکە نارد. جگە لە پەیامی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر و چەندین لایەنی دیکە.
دوێنێش رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆکوەزیران سەردانی شوێنی تەقینەوەکەی کرد و رایگەیاند، هەرچی پێویست بکات بۆ کەسوکاری قوربانییەکان “دەیکەین”.
پێشتریش نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاندبوو تێچووی دووبارە دروستکردنەوەی خانووە رووخاوەکە وقەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووان دەگرنە ئەستۆ.