زووم…
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق جەختیکردەوە بەردەوامن لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا و دەستکراوە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان.
جومانە غەلای لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، بەگوێرەی هەموواری یەکەمی ساڵی 2021ـی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە تەمەنی کۆمسیۆنەکەی کردووەتە 24 مانگ، پێویستە لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
گوتەبێژەکەی کۆمسیۆن باسی لەوەشکرد، لەسەر بنەمای ئەو یاسایە، کۆمسیۆن بەردەوامە لە رێکار و کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەشڵێت، لەو چوارچێوەیەشدا دەستکراوە بە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان کە ناوی حزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدانی سەربەخۆی تێدایە.
روونیشیکردەوە کە چوار نمونەی کاغەزی هەڵبژاردن چاپ دەکرێت بەگوێرەی هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن کە بریتین لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە.