زووم…
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەى فەرمانبەرانی گرێبەست ئامادەکراوە و دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە.
ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی نوسیویەتی، زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی کوردستاندا هەن و دەڵێت، راپۆرتێكی پڕ زانیارییان ئامادەکردووە لەسەر بنەمای زانیارییەكانی ناو لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی گرێبەست كە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و چاودێریی دارایی فیدڕاڵیش پەسەندكراوە.
دەشڵێت، راپۆرتەکە و تاوتوێکردنی دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەڵام کاتەکەی ئاشکرانەکردووە و باسی لەوەش نەکردووە ئاخۆ دەکرێنە هەمیشەیی یاخود نا.
ئامانج رەحیم باسی لەوەشکردووە، هەندێک لە فەرمانبەرانی گرێبەست زیاتر لە 14 ساڵ خزمەتیان هەیە و ناكرێت كەیسەكەیان نادیدە بگیرێت.