زووم…
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ وەرزی زێڕینی گەنمە و چاوەڕێدەکرێت ئاستی بەرهەمەکە شەش ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.
مەهدی قەیسی، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی گەنم دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی سیستمی ئاودێریی دروست و پاڵپشتییە داراییەکانی حکومەت بۆ جوتیاران.
دەشڵێت، بەکارهێنانی سیستمی ئاودێری ئاستی پێویستیی بەرهەمەکانی بە ئاو بۆ لەسەدا 30 بۆ 40 کەمکردووەتەوە، ئەوەش لە بەرهەمی ئەمساڵدا رەنگیداوەتەوە.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتاوە پێشبینیان کردووە بەرهەمی گەنم بگاتە شەش ملیۆن تۆن، بەڵام ئێستا بە سەیرکردنی دۆخەکە گەشبینن بەوەی بەرهەمەکە ئەو ئاستەش تێپەڕێنێت.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، پلانی حکومەت بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران و دابەشکردنی راستەوخۆی شایستە داراییەکانیان وایکردووە جوتیاران بەرهەمی زیاتریان هەبێت.