زووم…
دوای ئەوەی لە بەغدادەوە رەزامەندی بۆ دواخستنی نیشاندرا، لە هەرێمی کوردستان هەوڵی رازیکردنی لایەنەکان و زەمینەسازی بۆ دواخستنی دەستیپێکردووە.
وادیارە لەو نێوەندە رۆڵی بەغداد تەنها داگیرسانی گلۆپی سەوز نییە بۆ دواخستنی، بەڵکو رازیکردنی لایەنە کوردستانییەکانیشە بە دواخستنەکە.
بە گوتەی سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، محەمەد شیاع سودانی داوای لە سەرۆکی جووڵانەوەکەیان کردووە بە دواخستنی هەڵبژاردن رازیبێت.
جگە لە بەرپرسانی بەغداد، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژاواش لە پرسی دواخستنی هەڵبژاردندا هەن.
ئەمڕۆ هەردوو سیناتۆری ئەمریکی “تێد باد” و “جۆنی ئێرنتس” و ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمریکا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە.
سەرەتا چوونە لای نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان.
راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێم باسی لە پرسی هەڵبژاردن نەکردووە، بەڵام دوای ئاماژەکردن بە کێشەکانی هەرێم و بەغداد، دەڵێت، چهند پرسێكى ديكهى جێى بايهخى هاوبهش، تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوون.
دواتر سیناتۆرەکان لەگەل مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەکەی سەرۆکوەزیران، جەخت لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و شەفاف و دادپەروەرانە، بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و پاراستنی مافی پێکهاتەکان کراوەتەوە.
دوای بینی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، شاندە ئەمریکییەکە چوونە لای قوباد تاڵەبانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی جێگری سەرۆکوەزیران بێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەر لە سەرەتاوە باسی هەڵبژاردن کراوە و دەڵێت، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی یەکێتیی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردووەتەوە، بەوەی هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.
بەگوتەی قوباد تاڵەبانی، دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی حکومەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و مەترسیش لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و چاکسازیی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا دروست دەکات.