زووم…
سبەینێ شاندێکی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای) دەگاتە هەولێر و لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە، بەرپرسێکی بانکەکەش پشتڕاستیکردەوە، ئەوان لە پڕۆژەی “هەژماری من”ـدا بەشدار نابن.
ئەحمەد خەزرەجی، بەرپرسی راگەیاندنی بانکەکە تایبەت بە زوومی گوت، سبەینێ لە هەولێر لەگەڵ شاندی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە بۆ دانانی میکانیزمێک لەبارەى بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە
گوتیشی، سەردانەکە لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بەشێکە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەبارەى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
بەرپرسی راگەیاندنی بانکی بازرگانیی عێراقی جەختیکردەوە بانکەکە بەشدار نابێت لە پڕۆژەی “هەژماری من”ـی حکومەتی هەرێم و لە کۆبوونەوەکانیشدا باس ناکرێت.
جەختیشیکردەوە کە “لێکتێگەیشتنی باش هەیە” لەنێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبانکیکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە نوسراوی فەرمی ئاگاداری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانیی عێراقی بە شێوەیەکی سەرەتایی رێککەوتوون لەسەر بەشداربوونی بانکەکە لە پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا وەک بانکێکی حکومیی عێراقی.