زووم…
چەند پسپۆڕێکى فەرەنسا لەسەر داخوازیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى وڵاتەکە راسپێردراون بۆ ئەنجامدانى راپۆرتێک لەسەر بەکارهێنانى ئامێرە زیرەکەکانى وەک مۆبایل و ئایپاد و تابلێتە جۆراوجۆرەکان لەلایەن منداڵانى خوار تەمەنى 13 ساڵ.
مەترسییەکە جدییە و تەنها چاوکزبوون و جەستەیی و دەروونى نییە، بەڵکو راپۆرتە فەرەنسییەکە بابەتى زۆر مەترسیدارتر باسدەکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، دەبێت ئەو منداڵانە رێگرییان لێبکرێت لە بەکارهێنانى ئەو ئامێرانە تاکو تەمەنیان دەگاتە 13 ساڵان.
پسپۆڕەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەپەکانى تیکتۆک و سناپچات و ئینستگرامە.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، دەبێت منداڵان نەکرێنە خۆراکى پیشەسازیی ئەلیکترۆنی و بابەتى پەیداکردنى پارە، پێداگریی لەوەش دەکات، دەبێت منداڵان بەتەواوەتى بپارێزرێن، چونکە هەندێک لەو پرۆگرام و ئەپانە بەشێوەیەک دیزاین کراون، منداڵان ئالوودە دەکەن لەپێناو پارەپەیداکردنی زیاتر و بەرزبوونەوەى ژمارەی بینینی بەکارهێنەر.
بەگوێرەى راپۆرتەکە، بەهیچ شێوەیەک پێویست نییە منداڵى خوار تەمەن 11 ساڵ مۆبایلی هەبێت، ئەگەر زۆر پێویستیش بکات، نابێت بە هێڵی ئینتەرنێتەوە پەیوەستبێت و ئامێرێکی نازیرەک و ئاسایی بێت.
هەر بەگوێرەى راپۆرتە، ئەو منداڵانەى دەگەنە تەمەنى 15 ساڵ، لەژێر چاودێریدا دەتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن، بەڵام تا تەمەنى 18 ساڵ رێگەیان پێنەدرێت هیچ کام لە ئەپەکانى تیکتۆک و سناپچات و ئینستگرام بەکاربهێنن.
چونکە راپۆرتەکە پێیوایە، هەریەکە لەو ئەپانە و هاوشێوەکانی، کاریگەریی خراپ و راستەخۆ دەکاتە سەر پرۆگرامی خوێندن و فێربوون و تێکدانى کاتەکانى نوستن و ماندووبوونى زۆری مێشک و دەمارەکان.
ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، لەکاتى نانخواردنی ژەمەکان، سەرجەم ئامێرە زیرەکەکان بە تەلەفزیۆنیشەوە لە منداڵانى خوار تەمەن شەش ساڵ دووربخرێتەوە.