رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
رەفتارەکانى ئێران پێمان دەڵێن نایانەوێت هاوکارمان بن لە دژایەتى تیرۆردا
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ساڵانێکى زۆرە پەکەکە لە باکووری عێراقەوە و بەتایبەتى لە سلێمانیى هەرێمى کوردستانەوە چالاکییە تیرۆرستییەکانیان ئەنجام دەدەن و لەوێوە ئاراستەى لایەنگر و ئەندامانى خۆیان دەکەن لە وڵاتانى ناوچەکەدا.
وەزیری بەرگریی لە چاوپێکەوتنەکەیدا گوتیشى، ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد بە ئاشکرا گوتوویەتى بەرپرسانى سلێمانى ئەگەر ئەیانەوێت بە ئاشتى و سەلامەتى بژین پێویستە پەکەکە لەناوچەکەى خۆیان دوور بخەنەوە.
گولەر ستایشی هەڵوێستى عێراقى کرد لە بەرامبەر بەدەمەوە هاتنى داواکانیان و لە هەمان کاتیشدا رایگەیاند هاوڕێیانى ئێرانیمان هیچ بەدەمەوە هاتنێکیان بۆ بابەتەکە نییە، ئێمە پێیان دەڵێین براکەم ئەوەتا لێرەوە دێن و دەچن، بەفرۆکەى بێفرۆکەوان چاودێرییان دەکەین، کەچى ئەوان بە ئێمە دەڵێن پشکنینمان کردووە هیچمان نەدیوە.
دەستور
لە سنوورى سلێمانى کارگەیەکى بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەردەستى بەسەردا گیرا
میقداد میری، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە دوورى دوو کاتژمێر لەناوەندى پارێزگاى سلێمانى هێزە تایبەتەکانى رووبەڕووبوونەوەى مادەى هۆشبەر توانییان دەستبگرن بەسەر کارگەیەکی دروستکردنى مادەى هۆشبەردا و چوارکەس دەستگیربکەن، لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنى نزیکەى 180 کیلۆگرام لە کریستاڵ و کەبتاگۆن، گوتەبێژەکەى وەزارەتى ناوخۆ ئاماژەی بەناوى شوێنەکە نەکردووە، بەڵام رایگەیاندووە، لە رێگەى هاوتا سورییەکەیەوە زانیارییە سەرەتاییەکانیان لەبارەى کارگەکەوە پێگەشتووە و توانییویانە لەرێگەی هێزێکى هاوبەشەوە کۆنترۆڵی کارگەکە بکەن و دەستبگرن بەسەر کەلوپەلەکانیدا.
جەریدە
سوپاى پاسداران داواى رێگەپێدانى خامنەئی دەکەن بۆ دروستکردنى 25 بۆمبى ئەتۆمی
بەپرسێکى باڵاى سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، لەکۆبوونەوەیەکى تایبەتى رێبەرى وڵاتەکەیان لەگەڵ گەورە بەرپرسانى سوپاى پاسداران و گەورە سیاسەتمەدارانى وڵاتەکەیاندا خامنەئی داوایەکى سوپاى پاسداران و گەورە ئەفسەرانى وڵاتەکەى رەتکردووتەوە کە داواى رێگەپێدانیان کردووە بۆ دروستکردنى 25 موشەکی ئەتۆمى، راشیگەیاندووە راپۆرتێک دراوەتە خامنەئى و تیایدا رایانگەیاندووە گەر ئەو رەزامەندى لەسەر بێت لەماوەى 48 کاتژمێردا 25 بۆمبی ئەتۆمى دروستدەکەن لەبەر ئەوەى هەموو پێداویستییەکانیان ئامادەیە، بەڵام خامنەئی رەتیکردووەتەوە رایگەیاندووە ئەوان نایانەوێت ببنە خاوەنى چەکى ئەتۆمی لەبەر ئەوەى حەرامە.
عەرەبی جەدید
پارتى کرێکاران ئومێدیان هاتوەتەوە بەرو پارێزگاران لەپاشەکشەدان
ئەنجامە سەرەتاییەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى بەریتانیا کە پێنج شەممە بەڕێوەچوو شەوى هەینى ئەنجامەکانى راگەیەنرا، دەریدەخات پارتى کرێکاران زۆر لە پێش پارێزگارانەوەن و ئەوەش سەرەتایەکى مژدەبەخشە بۆیان بۆ لابردنى ریشی سوناکى سەرۆکوەزیران، کییر ستارمەتر سەرۆکی پارتى کرێکارانى بەریتانیا رایگەیاند پارتى کرێکاران پارتەکەى چوار ساڵ پێش لەئێستا نییە و چاومان لە دەستکەوتى زیاتریشە، لە هەڵبژاردنى دوێنێى شارەوانییەکانى بەریتانیادا پارتى کرێکاران زۆرترین شارەوانییەکانیان بردووەتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
بەهارى سیاسیی؛ ئەردۆغان دەیەوێت سەردانى جەهەپە بکاتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکى تورکیا رایگەیاندووە لە پاش چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە، سەردەمێکى نوێی سیاسیی لە تورکیا هاتووەتەکایەوە، ئەو دەڵێت، ژینگەى سیاسیی تورکیا پێویستی بە پڕۆسەیەکی ئاساییبوونەوەى سیاسیی هەیە و لە ئایندەیەکى نزیکدا سەردانى سەرۆکى جەهەپە دەکەمەوە.
چاودێران ئەم سەردانانە بە هەوڵێکى مێژوویی و هەنگاوێکى گرنگ بۆ دیموکراسی تورکیا وەسفدەکەن.
سۆزجو
لە ئیستەنبوڵ نرخی نان بە رێژەى 20% گران کرا
بەهۆى بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان و لێکەوتەکانى قەیرانی ئابوورى، تادێت نرخی خواردن گران دەبێت، لە ئیستەنبوڵ نرخی نان بەڕێژەى سەدا 20 گران بوو.
هۆکارێکى دیکەش بۆ بەرزبوونەوەى نرخی کرێ دووکان، بەرزبوونەوەى مووچەى کارمەندان و نرخی ئارد دەگەڕێتەوە هەرووەها چاوەڕێ دەکرێت نرخی تەواوى ئیشی هەویرى بەرزتر بێتەوە.
لە زۆربەى ناوچەکانى ئیستەنبوڵ نرخی نانێک لەنێوان 10 لیرە بۆ 12 لیرەیە، بەم بەرزبوونەوەیە نرخەکەى دەگاتە 12.5 لیرە بۆ 15 لیرە.
جمهورییەت
کۆبوونەوەکان بۆ هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیا بەردەوامن
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی جەهەپە لە پاش چاوپێکەوتنەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەى دەستوور، ئۆزال لە بارەگاى سەرەکی جەهەپە پێشوازی لە هەریەک تولای حاتیمئۆغڵەری و تونجای بەکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی کرد.
ئۆزال لەگەڵ هاوسەرۆکەکانى دەم پارتى گفتوگۆیان لەسەر ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ى ئازار و هەموارکردنەوەی دەستوور کردووە.
ئاکیت
هەناردەى دەرەوە لە مانگی نیساندا زیاتر لە 19 ملیار دۆلار بووە
عومەر بۆلات، وەزیرى بازرگانى تورکیا رایگەیاند، لە مانگی نیساندا رێژەى هەناردە زیاتر بووە بە بەراورد بە ساڵى پار بە رێژەى سەدا 0.13 کە گەیشتۆتە 19 ملیار 271 ملیۆن دۆلار. راشیگەیاندووە، رێژەى هاوردەکردن 29ملیار و 171 ملیۆن دۆلار بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
پارتی پارێزگاران لێدران و خراپترین ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵیان هەبوو
ئەو ئەنجامەی پارتی پارێزگاران بەدەستیهێنا خراپترین ئەنجامە لەماوەی چل ساڵدا. بۆیە لەوەدەچێت ئەو ئەنجامە سەهۆڵشکێنانەی پارتی کار لە تەواوی بەریتانیادا بەدەستیانهێنا، پێویستیان بەوە هەبێت پارێزگارییان لێبکرێت بۆئەوەی بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی حکومەتیش سەرکەوتنیان مسۆگەر بکەن.
دەیلی ئێکسپرێس
بۆ ئەو پلانە سەرینەگرت کە دەیانویست ریشی سوناک لە دەستەڵات دووربخەنەوە
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا لە ئەو هەڕەشانە دەربازی بوو، کە دەیانویست لەپاش سەرکەوتنی پارتی کرێکاران لەکارەکەی لایبدەن. چەند کاتژمێرى رابردوو بۆ سەرەکوەزیران ئاسان نەبوو، چونکە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بۆ حزبەکەی ئەوان خەمهێنانە بوون، ئەو ئەنجامانەی پارێزگاران بەدەستیان هێنا خراپترین ئەنجامی ماوەی چل ساڵی رابردوو بووە.
هیراڵد
لەوەدەچێت ئەو دووانەیە سکۆتلەندە بەڕێوەبەرن، کە هەرگیز ناتوانن یەک بگرن
لەیەکەمین گوتاریدا پاش راسپاردنی وەک سەرکردەی یەکەمی پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندە، جۆن سوینی ناوی تەنها یەک کەسی دیکەى سیاسیی هێنا، کە ئەگەری ئەوەی هەیە ببێت بە سەرکردەی حزبەکە، ئەویش کەیت فۆربس بوو، چونکە فۆربس رکابەرێکی سەرسەختی سوینی بوو دەیویست خۆی ببێت بە کەسی یەکەم لە حزبدا. چەند رکابەرێکی تریش هەبوون پێشبڕکێیان لەگەڵ سوینیدا دەکرد، بەڵام ناوی کەسیانی نەهێنا، بۆیە گریمانی ئەوە بەهێزە، کە پۆستی وەزیری دەرەوە بدرێت بە فۆربس.
فاینەنشیەڵ تایمز ویکئەند
کارەساتی لافاو روویدا و بارانی بەخووڕ بەرازیلی گرتەوە
ئەوە وێنەی خەڵکی بەرازیلە، کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی خۆیان چۆڵ دەکەن، بەهۆی هەڵکشانی لافاو و ئاو چوونە نێو ماڵەکانیانەوە.
ئەو شوێنە ناوچەی ساو سیباستیانی ناو ویلایەتی گراند دوو سولە لە بەرازیل کە ئەم هەفتەیە باران و لافاو زیانی زۆریان پێگەیاند.