زووم…
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە “ئەمنێستی” لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت، بانگەشەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەوەی دەڵێن هەرێمەکە “چرای ئازادیی رۆژنامەگەرییە” مایەی گاڵتەجاڕییە.
بیسان فەقی، بەرپرسی کارەکانی رێکخراوەکە لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەراسانکردن، تۆقاندن و هێرشکردنە سەر رۆژنامەنووسان کاریگەرییەکی خراپی لەسەر مافی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستاندا هەبووە.
دەشڵێت، چەندین رۆژنامەنووس ناچاربوون هەڵبێن و خۆیان بشارنەوە یان بە تەواوی واز لە کاری رۆژنامەنووسی بێنن، هەروەها چەندین رۆژنامەنووسیش خراونەتە زیندان.
هەر لە راپۆرتەکەدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان کردووە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، کە دەكرێنە سەر مافی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەوانی، لەوانە دەستگیركردنی هەڕەمەكیانە و لێدان و دادگایكردنی ناڕەوای رۆژنامەنووسان.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان تۆمەتی ساختەی سیخوڕییان دەدرێتە پاڵ و لەسەر ئەو بنەمایە سزادەدرێن، هەر بۆیە چەندین رۆژنامەنوس لە ترسی گیانیان كوردستانیان بەجێهێشتووە.
رێکخراوەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە ئامارێکی سەنتری میترۆ کردووە کە تایبەتە بە پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، لە ئامارەکەدا هاتووە ساڵی رابردوو 37 حاڵەتی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان هەبووە و و 27 روداویش تۆماركراون كە تیایاندا رۆژنامەنوسان روبەڕوی دەستدرێژی و هەڕەشە و سوکایەتیپێکردن بونەتەوە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکەی سەنتەری میترۆ، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 10 رۆژنامەنووس بەهۆی پیشەکانیانەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.