زووم:
سەنتەری میترۆ داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی خۆی بكات، یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان بكاتە بنەما لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادی راگەیاندن و زانیاری و بیرورا.
ئەو داواکارییەى سەنتەرى میترۆ لە بەیاننامەیەک بووە، کە ئەمڕۆ بە بۆنەى رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەنووسی بڵاویکردووەتەوە، کە لە راگەیەنراوەکە هاتووە، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەروەردەو زانست و رۆشنبیری (یۆنسكۆ) ئەمساڵ بە دروشمی ” رۆژنامەگەری لە پێناو هەسارەدا: رۆژنامەگەری لە رووبەرووبوونەوەی قەیرانی ژینگەییدا” یادی ئەم رۆژە دەكاتەوە، جەخت لە رۆڵی میدیا دەكاتەوە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و گەیاندنی بە شێوەیەكی پیشەییانە، بە ئامانجی هۆشیاری زیاتر بۆ تاكەكان، بەڵام ئاڵانگارییەكانیش دەخاتە روو بۆ رووبەرووبونەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و گوتاری رقوكینە و ئاشكراكردنی نهێنی كەسی.
سەنتەرى میترۆ راشیگەیاندووە، لەم رۆژەدا، كە جیهان رێز لە میدیاكارانی دەگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی وڵاتەكانیان دەكەن ، سەنتەری میترۆ بە پێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە راپۆرتی رێكخراوە ناوخۆیی جیهانییەكان هەڵسەنگاندن بۆ ئەدائی خۆی بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ فراوانكردنی ئازادییەكان یاساكانی رۆژنامەگەری و مافی دەستكەوتنی زانیاری و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان بكاتە بنەما لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادی راگەیاندن و زانیاری و ئازادی بیرورا.
هەروەها رایگەیاندووە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستانی عێراق، لەگەڵ جیهاندا ئەم یادە دەكاتەوە، بوونی میدیای سەربەخۆ و زەمینە خۆشكردن بۆ نەشونماكردنی بە بێ فشارو هەرەشە و بەربەستدانان زۆر گرنگن،جەختدەكەینەوە لەسەر پرەنسیپەكانی پێشوومان كە “بەبێ میدیای ئازاد و كاراكردنی پرۆسەی رەخنەگرتن و چاودێری، دەسەڵاتی ستەمكاری شوێن بە دیموكراسیەت لێژدەكات”.
لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، بەداخەوە سەرباری هەوڵی زۆرو فشاری مەدەنی لەناوەوە و دەرەوە تا ئێستا هەرێمی كوردستان و عێراق ژینگەیەكی لەبارە بۆ دەربازبونی كارەكتەرەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران، وەك چۆن بكوژانیش دەستی یاسا نایانگاتێ.
باسى لەوەش کردووە، (سۆرانی مامەمە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، مامۆستا عبدالستار، ئەركان شەریف، ویدات حسێن) نمونەی زەقی ئەو قوربانیانەن ، كە بكەران یان پلانداڕێژەری ئەم تاوانانە، نەناسراون یان ناسراون و بە ئازادانە لەناوماندان و دەسەڵاتی یاسا لەبەردەمیان لاوازە.