زووم:
زوومی رۆژنامە ئینگیلیزییەکان
دەیلی مەیل
ئایا بەڕاستی پارتی کار لەگەڵ چ ئاراستەیەکدایە؟
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی کرێکاران هەڵمەتێکی لە دژی ناردنەدەرەوەی کاروانی پەنابەران راگەیاندووە. بۆیە لێدوانەکەی دوێنێ شەوی ریشی سوناک کە هۆشداریی دا بە پارتی کرێکاران وەک ئاگادارکردنەوەیەکی نەرم وابوو. گوتی نابێت سیاسەتمەدارێکی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی لەو چەند کەسە مانگرە بکات، کە وەک خەڵکانی ناڕازی لەبەردەم ناردنی پەنابەران بۆسەر کەشتیی بایبی ستۆکهۆڵم راوەستاون.
دەیلی تەلەگراف
سەرەکوەزیران پێشنیازەکەی رواندا بۆ ئێرلەنداش دەکات
لەپاش هەواڵی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران روویان لە خاکی ئێرلەندا کردووە، ئەمەش ناکۆکیی لەنێوانی ئێرلەندە و شانشینی یەکلگرتوودا دروستکردووە. چونکە بەریتانیا ئامادەنییە ئەوکەسانە وەربگرێتەوە چونەتە نێو خاکی ئێرلەنداوە. بۆیە هەر دوێنێ ناوەندی دەسەڵاتی بەریتانی لە داونین ستریتی لەندەنەوە پێشنیاری بۆ ئێرلەندە کرد، ئەویش وەک رواندا پەنابەران وەربگرێت و ئەو کەسانە جێگا بکاتەوە کە بەریتانیایان بەجێهێشتوە و چونەتە ناو خاکی ئێرلەندەوە.
گاردیەن
‘سوینی’ چانسی هەیە ببێت بە سەرەکوەزیرانی سکۆتلەندە
چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژێکی کەمی داهاتوودا جۆن سوینی سوێندی یاسایی بخوات و ببێت بە سەرەکوەزیرانی سکۆتلەندە، کە لە هەرێمەکەی خۆیاندا پێیدەگوترێت وەزیری یەکەم. بەرزبونەوەی چانسی سوینی پاش ئەوە دێت، کە (کەیت فۆربس) ـی وەزیری دارایی پێشوو، وەک تاکە رکابەری سەرسەختی ئەو، وازی لە کاندیدبوونی خۆی هێنا و گۆڕەپانەکەی بۆ سوینی بەجێهێشت

واشنتن پۆست
ئەمریکا دانى پێدادەنێت هێرشە درۆنییەکەی لە سوریا مەدەنییەکى کوشتوە نەک تیرۆرستێک
لێکۆڵینەوەیەکی نهێنیی سەربازی لەبارەی چالاکییەکی سوپای ئەمریکاوە دەڵێت، ئەو کەسەی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا لە نێو خاکی سوریادا بە درۆنی ئەمریکی کوژرا، شوانێکی نێو خەڵکی مەدەنی بووە و تەمەنی ٥٦ ساڵ بووە، نەوەک کەسێکی تئیرۆرستی سەر بە قاعیدە. ئەم کارە پێچەوانی ئەو هەوڵانەی پەنتاگۆنە، کە دەیەوێت لەنێو کێشە نێودەوڵەتییەکاندا کەسانی مەدەنی پێووەنەبن، بۆئەوەی شەرمەزاری بۆ ئیدارەکەی بایدن دروست نەبێت.
زوومى رۆژنامە عەرەبییەکان
قودسی عەرەبی
تورکیا پرۆسەى هەناردە و هاوردە بۆ ئیسرائیل رادەگرێت
تورکیا لە دوێنیوە سەرجەم پرۆسەى هەناردە و هاوردەى بۆ ئیسرائیل راگرتووە و رەجەب تەیب ئەرۆدغانى سەرۆککۆمار، سەرکردایەتى وڵاتانى رۆژئاوا بە دووڕوو وەسف دەکات بەرامبەر بەو کوشت و بڕەى ئیسرائیل لە لە کەرتى غەزە ئەنجامى دەدات.
ئاژانسی بلومبێرگ، لەزاری چەند بەرپرسێکی تورکیاوە هەواڵی راگرتنى بازرگانیی هەناردە و هاوردەى ئەو وڵاتەى بۆ ئیسرئیل بڵاوکردووەتەوە.

عەرەبی جەدید
سودانى هەر هێرشێک بۆ دامەزراوە ئابوورییەکان بە کاری تیرۆیستى ناودەبات
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوزیرانى عێراق، لە سەردانێکیدا بۆ بارەگاى سەرەکى وەزارەتى ناوخۆی وڵاتەکەى، بەرپرسانى وەزارەتەکەى راسپارد لەگەڵ ئەو لایەنانە مامەڵەى تیرۆر بکرێ کە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە ئابوورییەکان، پشتیوانى خۆشی دەربڕی بۆ هەر ئاڵنگارییەک کە هێزە ئەمنییەکان رووبەرووی دەبنەوە.
سەردانەکەی سەرۆکوزیران دوای هەفتەیەک لە هێرشە درۆنییەکەى سەر کێڵگەى غازی کۆرمۆر دێت لە باکوری پارێزگای سلێمانی کە کوژرانى چوار کەس و برینداریوونى چواری دیکەى لێکەوتەوە و کارەکانى بۆ ماوەیەک راگیرا.
عەرەب
خۆسەری کوردی رەتى دەکاتەوە لە گرتوخانەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتى سوریا ئەشکەنجەدان پەیڕەوبکرێت
بەڕێوەبەریی خۆسەریی کوردەکان لە باکووری رۆژهەڵاتى سوریا رەتى دەکەنەوە لە گرتوخانەکانیان پەیڕەوى ئەشکەنجەدان بکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت هەفتەى رابردوو رێکخراوى لێبووردنى نێودەڵەتى تۆمەتباری کردن بە تاوانى دژی جەنگ بەرامبەر ئەشکەنجەدانى هەزارەها بەندکراوی جیهادی و خێزانەکانیان لەو گرتوخانانە.
راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەو بەندکراوانە رووبەڕووی ئەشکەنجەدانى توند و لە کارەبادان دۆخیکی دژواریی سەختى مرۆیی بوونەتەوە و ژمارەیەکیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
شەرقولئەوسەت
یونسکۆ خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەنووسی دەبەخشێت بە چەند رۆژنامەنووسێکی فەلەستینی لە کەرتی غەزە
رۆژی پێنجشەممە رێکخراوی یونسکۆ خەڵاتی ئازادیی رۆژنامەوانیی خۆیی بەخشی بە هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی نێو کەرتی غەزە، کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی رابوردوودا بەدواداچونیان بۆ هەواڵی شەڕەکانی نێوانی سوپای ئیسرائیل و نزوتنەوەی حەماس لە نێو کەرتی غەزەدا کردووە. ماوریسیۆ فایبڵ سەرۆکی لیژنەی خەڵاتەکە لەم بۆنەیەدا گوتی، دەمانەوێت لەم کاتە رەش و پڕ لە نائومێدییانەدا سوپاسی رۆژنامەنوسە فەلەستینییەکان بکەین.
زوومى رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
ئەردۆغان سەردانى جەهەپە دەکات
سەردانەکەى دوێنێی ئۆزگور ئۆزال سەرۆکى جەهەپە بۆ بارەگاى ئاک پارتى و کۆبوونەوەى لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ماوەى کاتژمێرێک و 35 خولەکی خایاند. لەپاش هەشت ساڵ ئەمە یەکەم دیدارى سەرۆکى تورکیا و سەرۆکى پارتى ئۆپۆزسۆنى سەرەکی تورکیایە.
رۆژەڤى کۆبونەوەکەیان هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیا، پرسی ئابوورى و هەڵاوسان بووە. لە کۆبونەوەکەدا ئەردۆغان بڕیارى داوە بەم نزیکانە سەردانى بارەگای سەرەکی جەهەپە بکات و هەردوولا هاوڕابوون لەگەڵ ئەوەی دیدارەکان بۆ چارەسەرى پرسەکان بەردەوام بێت.
سۆزجو
ئۆتۆمبێلێکى دیکەى سەرۆکى کاروبارى ئاینیی ئاشکرا بوو
دوو ساڵ پێش ئێستا عەلى ئەرباش، سەرۆکى کاروبارى ئاینیی، ئۆتومبێلێکى ئەمریکی لە جۆرى جی ئێم سی بۆ کڕدراوە، ئەم ئۆتۆمبێلە لەپاش کڕینى ئەودی ئەی 8ـەوە کڕدراوە کە بەهاکەى 16 ملیۆن لیرەیە. کڕینى جی ئێم سی لە بودجەى سەرۆکایەتى کاروبارى ئاینیی تەرخان کراوە. هاوکات ئۆتۆمبێلێکى دیکەى لە سعودی عەرەبستان هەیە، کاتێ دەچێتە مەککە ئەو ئۆتۆمبێلە بەکاردەهێنێت.
جمهورییەت
پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیل راگیراوە
لە پاش فشارەکانى رای گشتیی تورکیا بۆ حکومەتى ئاک پارتى لەپای هەبوونى پەیوەندیی بازرگانى لەگەڵ ئیسرائیل، ماوەیەک پێش ئێستا حکومەت ئابلوقەى خستەسەر هەندێک لە کەلوپەل و بەرهەمی خۆى کە پێشتر بە ئیسرائیلی دەفرۆشت. ئێستاش بەرپرسانى حکومەت دەڵێن بە تەواوەتى ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەنێوان ئیسرائیل راگرتووە.
بەگوێرەى ئاژانسی بلومبێرگ، رایگەیاندووە بە پشت بەستن بە بەرپرسانى تورکیا پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵپەساردووە.

یەنیچاغ
ئیی پارتى پێداگری لەسەر سیستمى پەڕلەمانى دەکاتەوە
لە درێژەى سەردانەکانى بۆ لاى سەرۆکى پارتە سیاسییەکانى تورکیا، نوعمان کورتوڵموش سەرۆکى پەرلەمان سەردانى موسەڤات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی ئیی پارتى کرد، سەردانەکە لە چوارچێوەى گفتوگۆکردن بوو بۆ هەموارکردنەوەى چەند بڕگەیەکی دەستوور تایبەت بە بەهێزکردنى سیستمی سەرۆکایەتى، بەڵام سەرۆکى ئیی پارتى رایگەیاندووە، پارتەکەیان لەگەڵ سیستمى پەڕلەمانیدایە و بەسیتمێکى دیموکراتى دەزانن، راشیگەیاندووە ئەگەر بەو ئاڕاستەیە کار بۆ بەهێزکردنى سیستمى پەرلەمانى بکەن ئەوا ئێمە ئامادەین پشتیوانیتان بکەین.