رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆتایی مانگ کۆتایی کاری یۆنامییە لە عێراق
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس، سکرتێری گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەى کۆتاییهاتنى کارى نوێنەرایەتی رێکخراوەکەى لە عێراق دانى بەوەدا ناوە کە نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق لە توانایدا نییە هەموو کارەکان بکات و رێکیان بخاتەوە با بۆ هەمیشەیش بمێننەوە، بەڵکو بەرپرسیارێتى سەرەکى لە ئەستۆی خودی عێراقییەکاندایە.
نوێنەرایەتى نەتەوەیەکگرتووەکان کە بە یۆنامى ناسراوە لە گوێرەى بڕیاری ژمارە 1500ـى ئەنجومەنى ئاسایش لە ساڵی 2003 لەسەر داواى ئەوکاتى بەرپرسانى عێراقی دروستکراوە و لە ساڵی 2007ـەوە کار و دەسەڵاتەکانى فراوانتر کراوەو لە رۆژى 31ـى ئایارى ئەمساڵ کۆتایی بە ئەرکەکانى دێت، بەرپرسێکى باڵاى ئەو رێکخراوە بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە عێراقییەکان خوازیارى پێکهێنانى تیمێکى هەمیشەیی نەتەوەیەکگرتووەکانن لە عێراق نەک نوێنەرایەتى کاتى، بۆ ئەوەى بتوانرێت بە هاوکارى نەتەوەیەکگرتووەکان کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکرێت.
دەستوور
بەهاتنى وەرزی گەرما هاوردەکردنى غازی ئێران زیاتر دەکرێت
ئەحمەد عەبادى، گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى عێراق رایگەیاند، هاوردەکردنى غازى ئێرانى بەردەوامە و بە هاتنى وەرزی گەرما ئەو بڕە زیاتر دەکرێت، راشیگەیاند، بەگوێرەى گرێبەستێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا عێراق رۆژانە بڕی پێنج ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە و رۆژانە لە نێوان 25 بۆ 30 ملیۆن مەتر سێجا غاز هاوردە دەکەین و بەرپرسانى ئێرانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ئەگەر پێویستمان بە زیاتریش بێت هەناردەى بکەن بۆمان و بەمەش لە وەرزی گەرمادا کێشەى کەمى غازمان بۆ دروست نابێت.
گوتەبێژەکەى وەزارەتى کارەبا راشیگەیاندووە، بەهۆی کێشەى کارەباوە لەوەرزی هاویندا گڵۆپى ترافیکەکانى بەشێک لە بەغداد دەکوژێنەوە و ئەوەش کێشە بۆ هاووڵاتیان دروستدەکات و پلانمان داناوە لەم هاوینەدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
عەرەبى جەدید
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەنگاو بەرەو دواخستن دەنێت
ئەندامێکى باڵاى چوارچێوەى هەماهەنگی بە رۆژنامەى عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمى کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد لایەنە عێراقییەکانى رازیکردووە هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بۆ چەند مانگێک دوابخرێت تاوەکو ئەو کاتەى هەندێک گۆڕانکاریی لە یاساکەدا دەکرێتەوە، راشیگەیاندووە لەو سەردانەدا مکوڕیی لەسەر هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانى بۆ لایەنە عێراقییەکان دووپاتکردووەتەوە، هەروەها باسیان لەوەشکردووە بەشداریی نەکردنى پارتى لەو هەڵبژاردنەدا کێشەى ئاسایش و سیاسی لە هەرێمى کوردستان و عێراقیش دروستدەکات.
رێبین سەلام، ئەندامى سەرکردایەتى پارتیش بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، لایەنە سیاسییەکانى عێراق و تەنانەت جیهانیش دەزانن بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن بەبێ پارتى ئەستەم و قورسە، ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە دەبێت هەڵبژاردن دوابخرێت و بەدووریشی نازانم لە ماوەیەکى کەمدا دواخستنەکەى رابگەیەنرێت.
قودسی عەرەبی
10 هەزارکەس لەژێر داروپەردووى داڕوخاوى غەزەدا چارەنوسیان نادیارە
بەرگریی شارستانى غەزە رایگەیاند، لەدواى هێرشەکەى ئیسرائیلەوە بۆ سەر غەزە زیاتر لە 10 هەزارکەس چارەنووسیان نادیارە و کەوتوونەتە ژێر داروپەردووى بیناو شوێنە داڕوخاوەکانەوە و تائێستاش ناویان لە لیستى شەهیدەکاندا نییە، ئەوە لە کاتێکدا ژمارەیان 44 هەزاری تێپەڕاندووە.
بەرگریی شارستانى غەزە راشیگەیاندووە، لانى کەم 37 ملیۆن تۆن خۆڵ و خاشاکى داڕماو لە شارى غەزە هەیە و بەردەوامیش زیاتر دەکات، راشیگەیاندووە، هەرچەندە هاوکارییە مرۆییەکان لە مانگى نیساندا باشتر بووە لە مانگەکانى پێشوو، بەڵام فریاى هاووڵاتیانى برسی شارەکە ناکەوێت و سەرەڕای کێشەى بڵاوبوونەوەى تەرم و گۆڕی بەکۆمەڵ برسێتیش کێشەیەکی گەورەى شارەکەیە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
هاوپەیمانى کۆمار وەک خۆى دەمێنێتەوە
دەوڵەت باخچەلى، سەرۆکی پارتى بزاڤى نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنى پارتەکەیدا رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە راست نین کە دەڵێن لەپاش هەڵبژاردنى 31ى ئازار هاوپەیمانى کۆمار لەنێوان مەهەپە و ئاک پارتى کۆتایی هاتووە، هاوپەیمانى کۆماریی وەک خۆی ماوەتەوە و تاسەر دەمێنێتەوە.
حوڕییەت
کەرتی گەشتیاریی تورکیا-یۆنان لە برەوداندایە
بە ئامانجی بەرەوپێشچوونى کەرتی گەشتیاریی تورکیا-یۆنان، یۆنان دەرگاى پێنج دورگەى دیکەى لەسەر گەشتیاریی تورکیا کردەوە، لەم دورگانە فیزەى گەشتیاریی بەئاسانی بە گەشتیار دەدرێت، پێشتر یۆنان لە سێ دورگە گەشتیارى تورکی وەردەگرت، بەمەش بووە هەشت دورگە، هاوکات لە سێ مانگی ئەمساڵدا تورکیا ژمارەى پێوانەیی کەرتی گەشتیاری شکاندووە، لە سێ مانگى ئەمساڵدا نۆ ملیۆن گەشتیار روویان لە تورکیا کردووە.
ئەکشام
لە وان پارێزگارى لە گوڵى لالە دەکرێت
لەگەڵ توانەوەى بەفری زستان و هاتنى وەرزی گەرما، لە وانی باکوورى کوردستان وەرزی سەرهەڵدانى گوڵى لالەى هەڵگەڕاوەیە.
ئەم گوڵە بەناوبانگە سیمایەکى جوانى هەیە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە و رەنگەکەی سوورە و بەشێوەیەکی سەروژێر گوڵ دەردەکات. ئەم گوڵە لە ساڵێکدا یەکجار سەردەردەکات.
جەندرمەى ناوچەکە پارێزگاریی لە گوڵى لالە دەکات و هەر کەسێکیش گوڵی لالە لێبکاتەوە بە بڕی 387 هەزار و 141لیرە سزای ماددی دەدرێت، کە دەکاتە نزیکەى 12 هەزار دۆلار.
تورکیا
یەپەگە لە سوریاوە هێزەکانى بۆ عێراق دەنێرێت
لەگەڵ نزیکبوونەوەى ئۆپراسیۆنى هاوبەشی تورکیا و عێراق بۆ سەر پەکەکە، لە تەلرەفات، مونبج و قامیشلیی 1200 چەکدارى یەپەگە رەوانەى خاکی عێراق کراون، ئەوان لە خۆ ئامادەکردندان بۆ ئەگەری شەڕ و روبەڕووبونەوە لەگەڵ سوپای تورکیا.
رۆژنامە فارسییەکان
ئیمروز
نرخی ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکانی ئێران دادەبەزێت
نرخی ئۆتۆمبیل لە پاشەکشەدایە و ئۆتۆمبێلی بەرهەمی ناوخۆ بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو بە رێژەی %2 دابەزیوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، گەشەی هەڵاوسان بووەتە هۆی کەمى کڕینى ئۆتۆمبێل، چونکە زۆرێک لە کڕیاران ناتوانن ئۆتۆمبێلێکی تازە بکڕن. پێویستە حکومەت رێژەی هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکات بۆ بووژانەوەی هەموو بازاڕەکان بە بازاڕی ئۆتۆمبێلەوە.
کەیهان
کەشناسی هۆشدارى بۆ رۆژانی داهاتوو دەدات
رێکخراوی کەشناسیی ئێران، هۆشداری بارانبارین و هەورەتریشقە و لافاو دەدات لە 24 پارێزگای ئێران و پێشبینى دەکات لە ئەمڕۆوە تاوەکو رۆژی هەینی بارانبارین بەردەوام بێت.
کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمڕۆ، لە زۆربەی پارێزگاکان و بەتایبەتی لە بەرزاییەکان بارانێکی بەخوڕ ببارێت، کە بای بەهێز و خۆڵباری لەگەڵ دەبێت.
لەم بارودۆخەدا ئەگەری خلیسکان و لافاو هەیە لە رێگەوبانەکان هەیە، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری کەوتنەخوارەوەی بەرد و زیانەکانی بەروبوومی کشتوکاڵی و باخچەکان دوور نییە لە چاوەڕوانی.
داوا لە خەڵک دەکرێت نەچنە نزیک رووبارەکانەوە و لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا وریا بن.
ئەبرار
دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوتی ئێران قبووڵکراو نییه
غوڵامعەلی جەعفەرزادە ، ئەندامی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئێستا ئێمە نەوت نافرۆشین، بەم نرخە فرۆشتنەی نەوت وەک ئەوە وایە کە موڵکی دزراو هەراج بکەیت. ئەمە ناوی نەوتفرۆشتن نییە، لە هەمان کاتیشدا فرۆشی کەمی نەوتمان هەیە.
لە ساڵی ٢٠٢١ بەدواوە ٢٢ ملیار دۆلار داهاتی نەوتمان هەبووە، کە دەبوو لە سەرووی ٤٠ ملیار دۆلارەوە بوایە، واتە ناتوانین نیوەی کەمی کردووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە تەنها چین نەوتمان لێدەکڕێت و ئەویش بە هەرزان نەبێ نایەوێت و بۆیەش ناچارین ملیاران دۆلار داشکانی بۆ بکەین.
مەردوم سالاری
لە ساڵێکدا زیاتر لە 2000 کرێکاری ئێرانی لە کارەکانیاندا گیانیان لەدەستداوە
کۆمەڵەی تەندروستی پیشەیی ئێران رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانی کرێکاران بەهۆی رووداو و نەخۆشیەکانی کارەوە لە زیادبووندایە دەڵێت، نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شێرپەنجە و کۆئەندامی هەناسەدان لەو حاڵەتانەن کە هەڕەشە لە تەندروستی کرێکاران دەکەن.
بە پشتبەستن بە تازەترین خەمڵاندنەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کرێکار بەهۆی رووداو و نەخۆشیەکانی کارەوە کێشەیان بۆ دروست دەبێت و نزیکەی 300 هەزار کەسیان گیانلەدەستدەدەن و لە ساڵی2015ەوە لە سەدا پێنجى حاڵەتەکان زیادیانکردووە.
لە ئێران لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە دوو هەزار کرێکار بە رووداوەکانی کار لە بیناسازی، دارستان، کشتوکاڵ و ماسیگرتن گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
جۆرێک پشکنین و چارەسەری شێرپەنجەی پرۆستات دۆزراوەتەوە و ئەگەری مردن 40% کەمدەکاتەوە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەریتانیا پێشڕەویی هەڵمەتێکی شۆڕشگێڕانە لە دژی نەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستات دەکات، کە توانای هەیە رێژەی مردن بەم نەخۆشییە بۆ لەسەدا چل کەم بکاتەوە. ئەمە گەورەترین هەڵمەتی دژ بەم نەخۆشییەیە لە تەمەنی ئەم وەچەیەدا، کە تەکنیکی تازەى کاریگەری چارەسەرکردنی تێدایە.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، پێشکەوتنی زۆرباش لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.
تایمز
بەهۆی ناردنى کۆچبەران بۆ رواندا رێژەی کۆچ بۆ بەریتانیا دابەزیوە
وەزارەتى ناوخۆى بەریتانیا رایگەیاند، بەهۆی هەڵمەتی ناردن بۆ روانداوە ژمارەی ئەو کرێکارە بێگانانەی روو لە وڵاتەکە دەکەن کەمبووەتەوە.
دوایین ئامارەکان دەڵێن، ژمارەی ئەو خوێندکار و کرێکارە بیانییانەی دەچنە بەریتانیا کەمبووەتەوە.
دەیلی تەلەگراف
بایدن دەڵێت خوێندکارانى پشتیوانی غەزە رقیان لە گوتاردانە
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رەخنەی لە خوێندکارە مانگرتووەکانی زانکۆی کۆڵۆمبیا گرت و دەڵێت، ئەوانە رقیان لە گوتاردانە، لەبەرئەوەی حکومەت لە دەرگای زانکۆکەیانەوە چووە ژورەوە، کەچی خوێندکارە مانگرتووەکان بۆ پشتیوانیکردن لە فەلەستین لە پەنجەرەکانەوە هەڵهاتن. ئەم قسەیەی بایدن بە بەهێزترین پلاری ئەو لە مانگرتنی خوێندکارە پرۆفەلەستینییەکان لەقەڵەم دەدرێت، کە گوتویەتی رقبوونەوەی خوێندکارەکان لە گوتاردان تراژیدی و مەترسیدارە.
گاردیەن
22 خولەک ترس و تۆقین بەردەوام بوو، کوڕێک بە شمشێر کوژرا
بە پەلاماردانێک بە شمشێر کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە دووانیان ئەفسەری پۆلیس بوون، بۆیە لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە دەستیان پێکردووە.
لێکۆڵەرەوەکان بە پەلە کەوتونەتە لێکۆڵینەوە لەو روداوەی کە کابرایەک بە تووڕەیی و هەڵچونێکی زۆرەوە لە رۆژهەڵاتی لەندەن ماوەی بیست خولەک بە هەڕەمەکی پەلاماری خەڵکی داوە. شمشێری وەشاندووە، کوڕێکی تەمەن 14 ساڵی کوشتووە و چوار کەسی دیکەش بریندارکردووە. ئەم پەلاماردەرە گومانلێکراوە تەمەنی 36 ساڵە، کاتژمێر حەوتی بەیانی بە ئۆتۆمبێلێک چوەتە نێو شەقامی تورلۆ گاردنز لە لەندەن و لەوێ دەستیکردوە بە پەلاماردانی خەڵک.
فاینەنشیەڵ تایمز
دەستەیەک لە ئەستێرەوانانی چینی کەپسولەیەک دەکەنەوە، کە گەڕاوەتەوە سەر زەوی
ئەوانە چەند کەسێکی تەکنیکیی بواری ئاسمانگەڕی و ئەستێرەوانین، سەرقاڵی کردنەوەی کەپسولەیەکن کە گەڕاوەتەوە سەر زەوی و لە دەشتێکی ناوچەی دۆنگ فەنگ لە سنوری مەنگۆلیا نیشتووەتەوە. کەپسولەکە سێ کاپتنی ئەستێرەوانی تێدایە، کە ماوەی شەش مانگ لە وێستگە گەڕۆکە چینییەکەی نێو خولگەیەکی دەرەکی نزیک لە زەوی کاریان کردووە. وڵاتی چین وێستگەیەکی دەرەکیی لە بۆشایی ئاسمان بۆ خۆی دروستکردووە جیاوازە لە وێستگە جیهانییەکە.