زووم:
وادیارە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد، لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە سەرکەوتوو بووە.
دوای یەک رۆژ لە گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەولێر، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە کۆبوونەوەیەک، پەردەی لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەی هەڵبژاردن، هەڵدایەوە.
سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بە گرنگی زانی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی سازانی سیاسی و بەشداریی سەرجەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، بە گەرەنتیکردنی بنەمای دادگەری و یەکسانی.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەقی ئەم قسەیەی سودانی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، وەکو جۆرێک لە پشتیوانیکردنی ئەو قسانە و ئاماژەیەک بۆ نیشاندانی سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی، هەر خۆی دیاریکرووە.
دوای بڵاوکردنەوەی قسەکانی سودانی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەنزیکەیی، لایەنەکانی دیکە لە دواخستنی هەڵبژاردن دڵنیابوونەوە.
یەکەم دەنگی ناڕەزایی لە قوباد تاڵەبانییەوە بیسترا، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، هەر هەوڵێکی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتکردەوە و گوتی، دواخستنی زیاتری هەڵبژاردن زیان بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
بەهەمانشێوە، فراكسیۆنەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵ، لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان رەتکردەوە.
فراکسیۆنەکان، داوایان لە پەرلەمانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران، دادگای فیدراڵی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان کرد، دژی ئەو هەوڵانە بوەستنەوە و گرەنتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بكەن لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو.
دەرکەوتنی ئاماژەکانی دواخستنی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەوبارەیەوە کۆبێتەوە.