رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
روسیا پەیکەری ڤاگنەر دادەڕێژێتەوە
پێگەى پۆلۆتیکۆى هەواڵی لە زارى بەرپرسانى ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە روسیا دەستى کردووە بە داڕشتنەوەى پەیکەرى رێکخراوى ڤاگنەر لە پێناوى بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆیدا و لەو پێناوەدا هەزاران چەکدارى راهێنراوى ئەو رێکخراوەیان لەگەڵ سوپاى فەرمى وڵاتەکەیاندا تێکەڵکردووە و دابەشیان کردوون بەسەر چوار گرووپدا.
بەگوێرەى راپۆرتى پێگەهەواڵییەکە یەکێک لەو گرووپەکان پاسەوانى نیشتمانى روسیان کە لەنێو خاکى ئۆکراین دەجەنگن و ژماریەکى زۆر لەو چەکدارەکانى ڤاگنەریان خستووەتە نێو ئەو گرووپەوە، دوو گرووپى دیکەیان لەنێو دامەزراوەکانى وەزارەتى بەرگریدان و ئەوى دیکەیان دەزگاى هەواڵگریی روسیایە و لەنێو مۆسکۆی پایتەختدا کارەکانیان بەڕێوەدەبات.
پێگە هەواڵییەکە ئاماژەى بەوەشکردووە کە ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارەکانى ڤاگنەر لە ئێستادا لە کیشوەرى ئەفریقیا سەرقاڵی ئەرکن و ژمارەکەیان نەزانراوە.
دەستوور
ئامادەکاری بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بەدەستهێنانى زانیاریی دەکرێت
بریارە ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بە وەکالەت پەیمانگاى پەرەپێدانى پەرلەمانى، بەهاوکاریی لیژنەکانى رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندنى پەرلەمان وۆرکشۆپێک لەبارەى بەدەستهێنان و پێدانى زانیاریی بە دامەزراوە میدیاییەکان ئەنجام بدەن، تێیدا ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسان، یاساناس و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بەشداریی بکەن و تیایدا تاووتوێى ئەو پرسە گرنگە یاسایی و میدیاییە بکەن و لیژنەکان گوێبیستى سەرنج و تێبینى لایەنە پەیوەندیدارە بەشداربووەکان بزانن، بۆ ئەوەى یاساکە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە کێشەى یاسایی تێدا نەبێت و لە بەرژەوەندى گشتیدا بێت.
عەرەبى جەدید
خۆپیشاندانى خوێندکارانى ئەمریکا بەردەوامە
سەرەڕاى دەستگیرکردنى زیاتر لە 900 کەسیان خۆپیشاندانى خوێندکارانى زانکۆکانى ئەمریکا تادێت فراونتر دەبن و داواى راگرتنى هاوکارییەکانى ئەمریکا دەکەن بۆ ئیسرائیل، ئەنتۆنى بلینکن، وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە بارەى خۆپیشاندانەکانى خوێندکارانى زانکۆکانى وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، کاردانەوەى هاووڵاتیانى ئێمەیە سەبارەت بەو دۆخە ناهەموارەى هاووڵاتیانى مەدەنى لە غەزە تێیدان، من لەو هەستەیان تێدەگەم.
لەبارەى دەستێوەردانى وڵاتى قەتەریشەوە لەو خۆپیشاندانانە کە لە هەندێک میدیاوە ئاماژەی پێکراوە، مشعەل بن ئەحمەد ئال سانى، باڵیۆزی قەتەر لە واشنتن لە ئێکس رایگەیاندووە، باس لەوە دەکرێت گوایە قەتەر لەپشتى روداوەکانەوەیە، راست نییە، ئەوەشى لە بارەمانەوە دەگوترێت وانییە، ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە راستکردنەوەى هەڵەکانە، قەتەر تەنها خەرجی شەش زانکۆى لە ئەمریکا لە ئەستۆدایە و خۆپیشاندانەکانیش زۆر لەوە فراوانترە.
سەباح
سەرەتاى 2025 کارکردن لە رێگەى گەشەپێدان دەستپێدەکات
یونس خالد کەعبی، بەڕێوەبەری گشتى کۆمپانیاى گشتى هێڵى ئاسن لە وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند رێگەى گەشەپێدان بە هەردوو رێگەى وشکانى قیر و هێڵی ئاسن، نەخشە سەرەتاییەکانیان رێگەى قیر بەڕێژەى 66 % و رێگەى ئاسنیش بەرێژەى 50% تەواوبوون، رێگە قیرییەکەى پشکنین بۆ نزیکەى هەزار کیلۆمەترى تەواو بووە، 89% ى دەکەوێتە باکوورى بەغداد تاوەکو سنوورى تورکیا و 85% یشی دەکەوێتە باشوورى بەغداد تاوەکو دەگاتە بەندەری فاو.
کەعبی راشیگەیاند، لەسەرەتاى ساڵی داهاتوودا پرۆژەکان تەواودەبن و دەخرێنە بەردەست کۆمپانیا جیهانیەکان و ئەوانیش دەست بەکارەکانیان دەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
عێراق یەکەم هەنگاوى بۆ ئۆپراسیۆنى هاوبەشی لەگەل تورکیا نا
لەپاش 30 ساڵ، عێراق دوو بنکەى سەربازی لەسەر سنوورى عێراق-تورکیا لە زاخۆ دروست کرد.
مەجید ئەلقەیس، فەرماندەى سوپاس عێراق رایگەیاند، پێمانناوەتە سەردەمێکى نوێوە لەگەڵ تورکیا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوسەنگییەکانمان رادەگرین، دروستکردنى ئەم بنکانە رۆڵێکى گرنگی لە رووبەڕووبوونەوەى پەکەکە دەبێت.
حوڕییەت
تۆمەتبارەکانی دۆسیەى تاهیر ئەلچی ئازاد کران
تاهیر ئەلچی، سەرۆکى پێشووى ژووری پارێزەرانى ئامەد و چالاک و سیاسەتمەدارى باکوورى کوردستان، لە 29 ى تشرینى دووەمى 2015 لە خۆپیشاندانەکانى ئامەد بە فیشەکی پۆلیس کوژرا، لەپاش رووداوەکە سێ پۆلیس لەسەر دۆسیەکەى تاهیر ئەلچی دەستگیرکرابوون، دوێنێ دادگا بڕیاریدا بە ئازادکردنى ئەو سێ پۆلیسە، هاوکات دۆسییەى دادگایی کردنیان بەردەوامە.
سەباح
تورکیا دەستکەوتێکى دیکەى لە بوارى ئاسمانییدا تۆمارکرد
هێڵی ئاسمانى تورکی 230 فڕۆکەى نوێی لە کۆمپانیاى ئایەربەس کڕیوە، بەهاکەى دەگاتە 70 ملیار دۆلار، هاوکات پارچە گرنگەکانى ماتۆڕی فڕۆکەکەکانی کۆمپانیاکە لە تورکیا دروستدەکرێت، بەمەش کڕینی ئەو فڕۆکانە بە بڕی 20 ملیار دۆلار لە داهاتى ناوخۆى تورکیا پڕدەکرێتەوە.
سۆزجو
سەرۆکی کاروبارى ئاینى زیادە مەسرەفی دەکات
رۆژنامەکە نووسیویەتى، عەلى ئەرباش، سەرۆکی کاروبارى ئاینى لەپێش هەڵبژاردنى 31ی ئازار ئۆتۆمبێلێکى لە جۆری تۆگی پێبوو، ئێستا ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئاودی مۆدێلى نوێی دراوەتێ، ئۆتۆمبێلەکەی پێشووی دروستکراوی تورکیا بووە و بەهاکەى ملیۆن و نیوێک لیرە بووە. ئۆتۆمبێلەکەى ئێستاى بە هاکەى 15 ملیۆن لیرەیە. ئەمانە بەدوای خۆشی خۆیانەوەن، بە ئۆتۆمبێلی دروستکراوى تورکی رازی نابن، ئێستا سوارى دوا مۆدێلى ئۆتومبێلى ئەڵمانى دەبێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەترەک
خەڵک گەورەترین دۆڕاوی قەدەغەی هاوردەکردنن
لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بەهۆی سیاسەتێک بەناوی پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەی زۆرێک لە کاڵاکان بۆ ناوخۆی ئێران قەدەغە کراوە و بەهۆی قەدەغەی هاوردە لە رێگای فەرمییەوە، قاچاخی کاڵاکان بۆ بازاڕی ئێران زیاتر لە %36 گەشەی کردووە.
بەشێکی بەرچاو لە کڕینی مانگانەی خەڵک، کاڵای قاچاغە، کە چاودێری
کوالێتیەکەیان ناکرێت و خزمەتگوزاری دوای فرۆشتنیان نییە.
خەڵک تێچووی زۆر دەدەن لە کاتێکدا بەهۆی قاچاخەوە زۆربەی کاڵاکان ساختەن و تەنانەت لە هەندێک بابەتی وەکو جوانکاریدا، کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و تەندروستی خەڵکەوە هەیە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتیانە
و خەڵک دۆڕاوی سەرەکیی قەدەغەی هاوردەکردن و گەشەکردنی قاچاخچیەتین.
مەردووم سالاری
نرخی دۆلار بەرامبەر تومەن روو لە دابەزینە
لە دوو هەفتەی رابردوودا دۆلار لە 71 هەزار تومەنەوە دابەزیوە و گەڕاوەتەوە بۆ نزیکەی 60 هەزار تومەن.
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا و ئارامی رێژەیی وڵاتانی ناوچەکە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە تومەن هێشتا توانای دابەزینی زیاتری هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا شایەتی کەمبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەبێت.
بێگومان ئەم پرسە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاشتی و سەقامگیرییەوە هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەگەر رووداو و گرژی نوێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی روونەدات،
رەوتی دابەزینی نرخی دۆلار لە ئێران بەردەوام دەبێت.
کار و کرێکار
ژمارەی قوربانیانى رووداوەکانی کار لە ئێران بە رێژەی 11% زیادیکردووە
لە ساڵی رابردوودا لە ئێران 2115 کەس بەهۆی رووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و رووداوەکان زیاتر بوون بەراورد به ساڵی پێشووتر کە ژمارەی گیانلەدەستدان هەزار و 900 کەس بووە.
رێکخراوی پزیشکی دادوەری ئێران رایگەیاندووە، پارێزگاکانی تاران بە 414 کەس، ئیسفەهان بە 172 کەس، خوراسان بە 147 کەس و مازەندەران بە 138 کەس زۆرترین ئاماری قوربانیانی کاریان هەیە.
کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گەورەترین هۆکارە لە ئاماری رووداوەکانی شوێنی کاردا و زیاتر لە نیوەی قوربانییەکان لەخۆدەگرێت.
هەروەها بە هۆکارەکانی کارەبا 289 کەس، سووتان 131 کەس و کەمی ئۆکسجین 55 کەس گیانیان لەدەستداوە.
جوملە
ئامادەبوونی 25 وڵات لە پێشانگای بازرگانی ئێران نیشانەی شکستی گەمارۆکانە
حسێن پیرموئەزن، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران لە سەردانێکدا بۆ پێشانگای ئێران ئێکسپۆ 2024 (پێشانگای تواناکانی هەناردەکردنی ئێران) جەختی لەوە کردەوە، لە پێشانگای ئێراندا تواناکانی هەناردەکردنی ئێرانمان نمایش کرد و بە ئامادەبوونی شاندی بازرگانی لە 25 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە، نیشانمان دا کە ئابووری ئێران سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە بەهۆی سزاکانەوە دروست بوون، توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی و لە ئەنجامدا هەناردەکردنی زیاتر بکات و ئەوەش نیشانەی سەرکەوتنە بەسەر سیاسەتی سزاکانی وڵاتانی رۆژئاوایی.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
سکۆتلەندە لە قەیراندایە و خستنی هەمزە یوسف لە گۆڕنانی خەونی ئازادبوونی سکۆتلەندەیە
لاپەڕەی یەکەمی ژمارەی ئەمڕۆی دەیلی مەیل تەنها دوو مانشێتی تێدایە، یەکەمیان دەستلەکارکێشانەوەی هەمزە یوسفی سەرۆکوەزیرانی سکۆتلەندە بە کەوتنی خەونی سەربەخۆبوونی ئەو وڵاتە ناودەبات، چونکە هەمزە سەرکردەی پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندە بوو، دوێنێ ناچارکرا دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەو هەرێمە بکێشێتەوە. لە مانشێتێکی دیکەدا و هەر لە لاپەڕەی یەکەمدا ئەم رۆژنامەیە زەنگی مەترسییەک لێدەدات، کە رووی لە قوتابخانەکان کردووە و دەڵێت، هەموو خوێندنگەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە پەتای گێچەڵ پێکردنی سێکسی بڵاوبووتەوە. چەند گروپێکی دەرەکی بەشێوازی ئۆنلاین وێنەی گەرمی جنسی لە منداڵەکان دەگرن و پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دەکەن.
دەیلی تەلەگراف
هەڵمەتی زێڕکڕینى وڵاتی چین مەترسیی هێرشی بۆ سەر تایوان دروستدەکات
چین هەڵمەتێکی زێڕ کڕینی دەستپێکردووە و لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە تائێستا بە بەهاى 170 ملیار دۆلار زێڕی کڕیوە، کە ئەمەش تۆمارێکی پێوانەییە. ئەم کارەی ئەم وڵاتە مەترسیی ئەوەی دروستکردووە، چین نیازی هەبێت پەلاماری خاکی تایوان بدات. لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بانکی میللیی چینی کێشی 27 تۆن لەم مادە گرانبەهایەی کڕیوە، بەمەش بڕی زێڕی کۆگاکراو لەو وڵاتە دەگات بە 2262 تۆن.
عەرەب نیوز
یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێت
جۆزێف بۆرێڵ، وەزیری کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ژمارەیەک وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەن مانگی داهاتوو دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا بنێن، ئەگەر وڵاتە عەرەبییەکان پێشنیاری راگەیاندنی دەوڵەتێکی وەها بۆ فەلەستینییەکان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئۆرشەلیم پۆست
خوێندکارە مانگرتووەکان هۆشدارییەکەی زانکۆی کۆڵۆمبیا رەتدەکەنەوە
رۆژی دووشەممە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا دووایین هۆشداریی بۆ خوێندکارەکانی خۆی دەرکرد و داوای لێکردن، کە خێوەتگاکەیان هەڵبوەشێننەوە و کۆتایی بە مانگرتن و خۆپیشاندان بهێنن. بگەڕێنەوە نێو زانکۆکە و کار بە یاساکانی کاروباری خوێندن بکەنەوە و هەتا مانگی حوزەیرانی 2025 درێژە بە ساڵی خوێندنەکەیان بدەنەوە. ئەم راگەیاندنە لەڕێگەی راگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە بەڵام ئەوە دیارنییە، کە کەس کاری پێبکات، خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی زانکۆکانی هارڤارد، یاڵ و پەنسەلڤانیا بەردەوامن و رەوشەکە لەم نائارامیەدا ماوەتەوە.