زووم..
هەرسێ حزبی سیادە و عەزم و حەسمی سونەکان داوا لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەن پەلە بکرێت لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان.
درەنگانی شەوی رابردوو سەرۆکایەتی هەرسێ حزبە سونییەکە کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییان بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارەکانیان لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کە دوای لەسەرکاربردنی محەمەد حەلبوسی کە سەرۆکی حزبی تەقەدوومە هێشتا پڕنەکراوەتەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکەش، هەرسێ حزبەکە لە راگەیەنراوێکی کورتدا رایانگەیاند، پڕنەکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و ئیدارەدانی بە وەکالەت، پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە.
دەشڵێن، جارێکی دیکە داوا لە هاوبەشەکانیان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەن پەلە بکەن لە دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ گەرەنتیکردن و بەردەوامی کاری دەسەڵاتی یاسادانان.
دوێنێ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا ئەو سێ حزبە داوایەکیان پێشکەشکرد بۆ زیادکردنی بڕگەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کارنامەی دانیشتنەکە، بەڵام هەرزوو دانیشتنەکە هەڵگیرا، لە کارنامەی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمانیشدا هیچ بڕگەیەکی لەوجۆرەی تێدا نییە.