زووم:
دوو مانگە دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبانکی بکرێت، بەڵام تائێستا بڕیارەکە بەتەواوەتی جێبەجێنەکراوە، حکومەتی هەرێم سوورە لەسەر “هەژماری من” و حکومەتی عێراقیش دانی پێدا نەناوە.
نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر وەزارەتی دارایی عێراق، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد زانیاری و بەڵگەنامەی تەواوی فەرمانبەران بنێرێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە، بەڵام بەگوتەی جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی هەرێم هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە، بەو هۆیەوە پرۆسەکە دەستیپێنەکردووە.
بەغداد چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچە، بەڵام تا ئێستا پارەی مووچەی مانگی چواری هەرێمی کوردستانی نەناردووە، لەو بارەیەوە جەمال کۆچەر دەڵێت، تاوەکو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، بەغداد مووچەکە دەنێرێت.
ئەو لیستەی مووچەی مانگی چوار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە بۆ بەغداد، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا نییە، بەڵام ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە حکومەتی فیدراڵ لاریی نییە لە خەرجکردنی شایستەی دارایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی جێی مشتومڕە و چارەنووسی نادیارە، سێ مووچەی کۆتایی ساڵی رابردووە، جەمال کۆچەر لەوبارەیەوە زانیارییەکی ئاشکراکرد و ئەگەری دابەشکردنی ئەو سێ مووچەیەی کەمکردەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بەرپرسانی بەغداد گوتوویانە ئەو قەرزەی پێشتر ناردوویانە بۆ مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12ـی ساڵی رابردوو بووە، ئەمەش مانای وایە، بەغداد خەرجکردنی ئەو مووچەیە لە ئەستۆ ناگرێت.
ئەم دۆخە وایکردووە پەرلەمانتارانی کورد لە عێراق بیر لەوە بکەنەوە، لەمەودوا بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشت بە بودجە ببەستن، یەکێک لەو شایستانە، داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراندنی سێ یەکەمی زانکۆکانی هەرێمە، دەیانەوێت لە بودجەی 2024 داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.