رۆژى چوارشەممە، 16ی تشرینی دووەمى 2022، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە فەرمى رایگەیاند کە دووبارە خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا هەڵدەبژێرێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی 2024.
بڕیارەکەی ترەمپ، کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە باس لە ژمارەیەک بەربەست دەکرێت کە لە رێگەى گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی چاوەرێی دەکەن.
با دووبارە ئەمریکا مەزن بکەینەوە
ترەمپ بەڵگەنامەکانی خۆکاندیدکردنی پێشکەشی “دەستەی هەڵبژاردنی فیدراڵی ئەمریکا” کرد، دواتر لە بەردەم لایەنگرەکانی لە فلۆریدا گوتی “با دووبارە ئەمریکا مەزن بکەینەوە”.
چاوەڕێدەکرێت ئەم خۆکاندیدکردنەوەیەى ترەمپ ململانێیەکی توند لە ناو پارتی کۆمارییەکان هەڵبگیرسێنێت، لەکاتێکدا سەرۆکی ئێستای ئەمریکا “جۆ بایدن” رایگەیاندبوو، کە سەرۆکی پێشوو لە کۆمارییەکان “شکستی تووشی وڵاتەکەی کردووە لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا”.
رێگەی گەڕانەوەى ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، گوڵڕێژ نەکراوە
دیارترین شەش بەربەستەکەی بەردەم ترەمپ بریتین لەمانە:
یەکەم: کەموکوڕییەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی
رێگەی گەڕانەوەى ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، گوڵڕێژ نەکراوە، بەڵکو چەندین کۆسپی لە بەردەمەدایە لە دیارترینیان ئەو کەموکوڕیانەی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەیبوون.
- کۆمارییەکان ئەوەیان لەیادنەکردووە کە ترەمپ نەیتوانی ئەو گۆڕانکارییە تەندروستییانە رەتبکاتەوە، کە دیموکراتەکان لە خولەکانی پێشووتری سەرۆکایەتی ئەنجامیان دابوو.
- هیچ شتێکی ئەوتۆی جێبەجێنەکردووە پەیوەست بە بەڵێنە دووبارەکانی بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری.
- هەرچەندە هەندێک کاری وەکو کەمکردنەوەی باج و چاکسازیی لە دامەزراوەی دادگای تاوانەکان ئەنجامدا، بەڵام شێوازی مامەڵەى لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا ئاگر بە روویدا دەکاتەوە لە چەندین لاوە.
- مامەڵەى لە کۆتایی ویلایەتەکەی و رۆڵی لە هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە ساڵی 2021، شتانێک نین ئەمریکییەکان لەبیریان چووبێتەوە.
دووەم: قەیرانی هەڵبژاردنی نیوەخول
هەرچەندە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمدواییەی ئەمریکا، سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەردەخات، بەڵام کۆمارییەکان نەیانتوانی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنن.
هەژموونی ترەمپ بەسەر پارتی کۆمارییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، بە هۆکارێک دەزانرێت بۆ ئەنجامە خراپەکانی هەڵبژاردنەکە بۆ کۆمارییەکان.
سێیەم: بەربەستی تەمەن
ترەمپ لە کاتی سەرکەوتنی، تەمەنی دەبێتە 78 ساڵ، ئەمەش ئەو تەمەنەیە کە “جۆ بایدن” هەیبوو کاتێک بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا و بەوەش بوو بە دووەم بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ چەند جارێک رەخنەی لە جۆ بایدن دەگرت بەوەی توانا مێشکییەکانی لاوازبوون بەهۆی تەمەنەوە.
چوارەم: کێشەکانی دادگا
ترەمپ روبەڕوی چەند کێشەیەک بووەتەوە لە دادگا
- لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت سەبارەت بە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی جۆرجیا.
- لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت سەبارەت بە ساختەکاریی لە ئیمپراتۆریەتە بارگانییەکەی لە نیویۆرک.
- لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت سەبارەت بە رۆڵی لە هێرشکردنە سەر بینای کۆنگرێس.
- مامەڵەکردنی لەگەڵ هەندێک بەڵگەنامەی نهێنی کاتی سەرۆکایەتییەکەی.
پێنجەم: بوونی رکابەری بەهێز
لەنێو کۆمارییەکان چەند کاندیدێکی دیکەی بەهێز هەن، لە کاتێکدا سەرکردەکانی پارتەکە باس لە “رۆن دی سانتیس – حاکمی فلۆریدا” دەکەن، کە وەکو رکابەری سەرەکی ترەمپ دەبینرێت.
هەروەها مایک پێنس، جێگری پێشووی خۆى، کە لەگەڵ خۆکاندیدکردنەوەی ترەمپ، رایگەیاند “کۆمارییەکان چاویان لەسەر ترەمپ نابێت و کۆدەنگی هەیە بۆ تێپەراندنی قۆناغی ترەمپ”.
شەشەم: شەڕی پشتگیریکردن
هەرچەندە وادەزانرا کە کۆدەنگی لەنێو کۆمارییەکان هەیە بۆ پشتگیری لە ترەمپ، بەڵام دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەدارانی کۆمارییەکان بە کرداریی کێبڕکێ لەگەڵ ترەمپ دەکەن.
هەرچەندە “دی سانتیس”ى حاکمی فلۆریدا هێشتا بە فەرمی خۆى کاندید نەکردووە، بەڵام چاوەڕواندەکرێت ژمارەی لایەنگرانی زۆر زیاتر دەبێت لە دۆناڵد ترەمپ، لە نێو کۆمارییەکاندا.