زووم:
هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لە رێی هەژماری منەوە، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکات.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا کۆمەڵێک بابەتی لە بارەی مووچە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق و دەستپێکردنەوەی هەناردەکرنی نەوت و داهاتی ناوخۆ تاوتوێی کرد، راگەیەندراوێکیشی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.
لەسەرەتادا باسی لە مووچەی مانگی چوار کردووە و دەڵێت، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، چاوەڕوان دەکەن هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.
دواتر باسی لە داهاتی ناوخۆ و دانوستانەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە و لەو بارەیەشەوە دەڵێت، وەک دەستپێشخەری حکومەتی هەرێم بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە، بۆئەوەی نەبێتە ڕێگر لە بەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
لە خاڵێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی کردووە، تایبەت پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم،
لەو بارەیەوە حکومەتی هەرێم جەختی لە جێبەجێکردنی هەژماری من کردووەتەوە و رایگەیاندووە، هیچ کات دژی بە بانکیکردن مووچە نەبوون، لەمێژە بە کردارەکی پرۆسەی بەبانکیکردن (تەوتین)ـی لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە، وەک ئاماژەیەک بۆ سووربوون لەسەر بەکارهێنانی هەژماری من بۆ پێدانی مووچە.
سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم هیوای ئەوەی خواستووە، هەرچی زووترە هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەری ڕێککەوتوون دەستپێبکاتەوە، داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ، بەڵام لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
لە کۆتاییشدا حکومەتی هەرێم داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە لەبەرامبەر ئەو پابەندییانەیدا، هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان بنێرێت.