زووم…
ئەردۆغان لە نیوەشەوی دوێنێ لە هەولێرەوە بەرەو تورکیا گەڕایەوە، لەناو فڕۆکەکەدا وەڵامی پرسیارەکانى رۆژنامەنوسانى دایەوە.
بەگوێرەى هەواڵێکى رۆژنامەى میللییەت، ئەردۆغان بە رۆژنامەنوسانى ناو فڕۆکە تایبەتییەکەى سەرۆککۆماریی گوتووە، دڵخۆشی و سوپاسگوزاریی خۆى لە سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر بۆ رۆژنامەنووسان دەربڕیوە.
وەک نەریتێک لە تورکیا کاتێ سەرۆککۆمار گەشت بۆ وڵاتێک دەکات، شاندێک لە رۆژنامەنوسانى تورکیا یاوەرى دەکەن و سەبارەت بە کۆبونەوەکان لەکاتى گەڕانەوەدا رۆژنامەنووسان پرسیار ئاڕاستەى سەرۆککۆمار دەکەن.
ئەو رۆژنامەنووسانەى لەناو فڕۆکەکە یاوەرى سەرۆککۆمار دەکەن، نزیک لە رۆژنامە و کەناڵ و ئاژانسە هەواڵەکانى نزیک لە ئاک پارتیین.
سەبارەت بە کۆبونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئەردۆغان بە رۆژنامەنوسانى گووتووە: کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئیجابی بووە.
لە پرسیارى پێشوازى ئەردۆغان و رازاندنەوەى شەقامەکانى هەولێر بە ئاڵاى تورکیا، ئەردۆغان گوتویەتى: رازانەوەى شەقامەکانى هەولێر بە ئاڵاى تورکیا لە ناخەوە دڵخۆشی کردوە، لەو سەردانەدا دەرفەتى ئەوە هاتەئاراوە جارێکیتر لە نزیکەوە دۆستایەتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا بینن.
سەبارەت بە دۆسیەى پەکەکەش ئەردۆغان گوتى: باسیان لە دۆسیەى هەماهەنگی لە روبەڕووبونەوەى پرسی پەکەکە کرد. باسیان لەوەشکرد کە گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەرەوپێشچونى پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانى وزە، گواستنەوە و بازرگانى کارى زیاتر لە بوارى روبەڕوو بونەوەى تیرۆردا بکەن.
دەربارەى پرسی ئاو لە عێراق، و بەردانەوە رێژەى زیاترى ئاو بۆ عیراق، ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانى گوتووە، دەبێت ئەم کارە بەڕەچاوکردنى گۆڕانی کەشوهەوا بگیرێتەبەر و پیلانی بۆ دابنرێت، پێویستە لەسەر مەسەلەى ئاو بەرنامەیەکى تۆکمە دابنرێت و هەموو لایەکیش ئەوە بزانن تورکیاش بەهەمانشێوەى عیراق پێویستى بە ئاو هەیە و کێشەى کەم ئاویی هەیە.
راشیگەیاندوە، ئەگەر لەماوەیەکى کورتدا لەناوخۆیاندا لە تورکیا پرسی ئاو چارەسەر نەکەن، ئەوا روبەڕووى کێشەى پێدانى ئاو بە عێراق دەبنەوە و ناتوانن ئاویان بۆ دابین بکەن.
ئەردۆغان لە بەغدا و هەولێر بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا، بەڵام دەرئەنجامەکانی سەردانە بە جێبەجێکردن یان مانەوە لەسەر کاخەز لەمەوبەدوا دەردەکەوێت.